لەسەر هێرشكردنە سەر میران بەكر كادری باڵا و راگەیاندنكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ناڕەزایەتییەكان فراوانتر بوون، بەشێك لە كادرانی تری باڵای یەكێتی و لایەنگرانی ئەو حزبە پێیان وایە، ئەوە پەیامە بۆ هەر كەسێكی تری ناو حزبەكەیە ئەگەر رەخنە بگرێت لە بەرپرسانیان.
میران بەكر پاڵانی راگەیاندنكاری یەكێتی و كادری باڵا، وەك خۆی بڵاوی كردەوە، شەوی هەینی/شەموو 20ی كانوونی یەكەم، سەعات 11 و نیوی شەو لەلای گەڕەكی شەهیدانی یەكێتی لە هەولێر كە دەكەوێتە پشت بارەگای مەكتەبی سیاسیی حزبەكە، هێرشی كراوەتە سەر و دوای ئەوەی توورەگەیان لەسەر كردووە، سێ سەعات بە لێدان و بۆكس لە شوێنی نادیار بێسەروشوێنیان كردووە.
میران بەكر كە سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، وەزارەتەكە سەرباری ئەوەی رای گەیاند، لێكۆڵینەوەی ورد دەكەن. ئەوەیشیان گوت كە دوو ساڵە ئەو لەو پۆستەدا نەماوە.
ئەوەی شیاوی بیرهێنانەوەیە لە ماوەی رابردوودا، میران بەكر و شنیار ئەنوەر پەرلەمانتاری یەكێتی و نزیك لە سەركردایەتیی باڵای ئەو حزبە، كێشە كەوتە نێوانیان و میران بەكر لە نووسینێكدا، چەندان نهێنیی لەبارەیەوە ئاشكرا كرد، بۆیە ئێستە هەموو ئاراستەكان بەو جۆرەن كە ئەو كردەیە لەلایەن ئەوەوە ئەنجام درابێت / هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە/.
ئێستە ناڕازیەتییەكان لەسەر ئەو كردەیە جیا لەوەی لەناو رای گشتیی دروست بووە، بەڵام زیاتر كادر و لایەنگرانی یەكێتی گرتووەتەوە. لێدان و هێرشكردنە سەر میران بەكر بەتەواوی متمانەی لەناو ئەو حزبەدا نەهێشت و هەمووان دەڵێن، هێرش بكرێتە سەر میران بەكر، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا هەموو كەسێكی ناو یەكێتی بە قسەی هەندێك خەڵكی تازە دەكەونە بەردەم لێشاوی لێدان و توورەگە لەسەركردن.
د. مەغدید سەپان مامۆستای زانكۆ لەبارەی هێرشەكەی سەر میران بەكر نووسیویەتی، دەركەوت كە ئەوانە وەڵامی قەڵەم بە چەكوش دەدەنەوە.
هەروەها شوان داودی نووسەر بۆ میران بەكری نووسیوە، ئەمە پەیامە بۆ خەڵكی تر بۆ ئەوەی بوێری ئەوە نەكەن وەك تۆ "میران بەكر" ئەو هەڵەیە بكەن و كوفر بكەن و ڕەخنە لە ئایكۆنە تازەكانیان بگرن.
لەلایەكی ترەوە ئیڤانی خاڵە مامەند كە خێزانی میران بەكرە لە واڵی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، ئەوەی بەرانبەر میران بەكر سكرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە كرا، لەلایەن هێزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، تەنیا ڕفاندنی كەسێك نییە، بەڵكو تیرۆركردنی شكۆی مرۆڤ و یاسایە.
روونیشی كردەوە كە ئەوپەڕی سەرشۆڕییە، هێزێك بە پارە و چەكی ئەم میلەتە پەروەردە كرابێت، لەسەر ئەمرێك كە لە سەرووی خۆیانەوە، وەك "سەگ" بەربدرێنە گیان و كەرامەتی گەنجی ئەم وڵاتە.
ئەوەیشی نووسیوە كە "كڵاوی ڕەش" و دەمامك، تەنیا ڕووی ئەو ترسنۆكانە دادەپۆشێت كە ناتوانن ڕووبەڕووی حەقیقەت ببنەوە، یان لە پێشەوە هێرش بكەن.
لەلایەكی ترەوە ئامانج عەلی خۆشناو چاودێری سیاسی، بۆ "وشە" گوتی، وەك ئەوەی باس دەكرێت كردەكە بە هێزی لایەنێكی دیاریكراو دەچێت كە میران بەكر خۆی كادری باڵای ئەو حزبەیە، بەڵام پێویستە داودەزگاكانی هەولێر لێكۆڵینەوەی خۆیان بكەن و رێگە بە دووبارەكردنەوەی ئەو رەفتارە نەدەن.
بە گوتەی ئەو، كردەكە ئەگەر ئەو حزبە بێ كە میران لایەنگریانە مەترسیدارە، چونكە ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی نۆرەی هەر كەسێك دێت لەناو یەكێتی ئەگەر دەنگی بەرز بكات، جیا لەوەیش بە تەواوی متمانە لەناو حزبەكەدا نامێنێت.
هەر ئەوەیش نا، بەیاننامەكەی وەزارەتی پێشمەرگەیش ناڕەزایەتی لێ كەوتووەتەوە كە خۆیان لە پۆستەكەی میران بەكر بێبەری دەكەن.
شوان سدیق رۆژنامەنووس نووسیویەتی، سەیری وەزارەتی پێشمەرگەی یەكێتی چەند ئاستنزم و بێ وەفان، بەیاننامەیەكیان دەركردووە تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن میران پێوەندیی بەئێمەوە نەماوە، ئەوە وەفای حزبی میلیشیایە.