لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە مانگی رابردوو هاتە سازكردن، شارەزایان لە شیكردنەوەی ئەنجامەكان رایان گەیاند كە ئێران لە ئەنجامەكان رازییە و توانی زیاتر لە 100 ئەنجامی سەر بە خۆی بگەیەنێتە پەرلەمان، ئێستەش دەیەوێ بە هەمان رێگە بیانگەیەنێتە ناو كایەكانی دەسەڵات و بڕیار لە عێراق، چەند رۆژێكە ژمارەیەك لە سەركردەی میلیشیاكان باسی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت دەكەن، بەڵام بۆچی ئێستە و بەرژەوەندی ئەوان لەو قسانە چییە؟
هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هاتنی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق و هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمەریكی لە عێراق لەبارەی میلیشیاكان، بەتایبەتی داماڵینی چەكیان و دوورخستنەوەیان لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێ، لە رۆژانی دوایی هەریەك لە حەیدەر غەراوی ئەمینداری گرووپی ئەنساروڵا ئەوفیا، كە ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكایە، هەروەها قەیس خزعەلی ئەمینداری گرووپی عەسائیب و شبل زەیدی ئەمینداری گرووپی ئیمام عەلی و عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی پاڵپشتیی خۆیان بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت دەربڕی.
ریاز وەحیلی شارەزای تەناهی و ستراتیجی دەڵێت، داوای سەركردەی هەندێك لە میلیشیاكان بۆ هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت، قۆناغێكی یەكلاكرەوە و هەستیارە لە كاروانی بنیاتنانی دەوڵەت و چەسپاندنی شكۆكەی، كاتی ئەو داوایانە بەدەر نین لە گۆڕانكارییە ناوخۆیی و ناوچەیی و بەرپەرستە تەناهی و ئابوورییەكانی عێراق پێیاندا تێپەڕ دەبێت.
روونی كردەوە، سەركەوتنی ئەو داوایانە تەنیا بە داواكردن نابێت، بەڵكو پێویستی بە ویستێكی راستەقینەی سیاسی و نەخشەرێگەیەكی روون و میكانیزمێكی جێبەجێكردنی بە هەنگاو و رەچاوكار بۆ دۆخی تەناهی هەیە، بەشێوەیەك بۆشایی تەناهی و بەریەككەوتنی ناوخۆیی دروست نەبێت.
شارەزایان پێیان وایە لە بەرانبەر ئەو ڤیتۆیەی ئەمەریكا بۆ میلیشیاكان و ئێران لە عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو دایناوە، ئەوان سیاسەتی خۆچەماندنەوە بەرانبەر بە رەشەوباكە و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان بەكار دێنن، گرەو لەسەر كات و گۆڕانی دۆخی نێودەوڵەتی دەكەن، هاوكات باش دەزانن كە ئەمەریكا ئەگەر ناچار بێت، دەتوانێت هەمان ئەزموونی سووریا لە عێراق دووبارە بكاتەوە، ئەگەریش نەیكات، دەتوانێت تەنگژەی قووڵی ئابووری و تەناهی بۆ حكوومەتی داهاتووی شیعە دروست بكات، بە شێوەیەك نەتوانن پارێزگاكانیشیان بەڕێوە ببەن.