چەند رۆژێكە میلیشیا شیعەكان داوای بەپەلەی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت دەكەن، لە پەرەسەندنێك كە نیشانەی پرسیاری دروست كردووە، بەتایبەتی ئەو داوایانە لە لایەن كەسانێكەوە دەكرێت بەر لە ماوەیەكی كەم داوای دەستگرتن بە چەكەكانیان دەكرد و رووبەڕووی دەوڵەت دەبوونەوە لەو بارەوە، خۆیان بە بەرگریكار دادەنا و چەكانیان تەنیا بە ئیمام مەهدی دەدەن، جیا لەوەی داوای دەركردنی ئەمەریكایان لە عێراق دەكرد، بەڵام چی رووی داوە؟
لەوكاتەی
شارەزایان ئەو بابەتە بە گوشارەكانی ئەمەریكا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكە و رەتكردنەوەی سەربازییانەی ئەمەریكا بۆ ئەو میلیشیایانە دەبەستنەوە، كە وای كردووە خۆیان لە چەكەكانیان بێبەری بكەن، چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكەن كە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو هەریەك لە حكوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە كاریگەرەكان دوو پەیامی وریاكردنەوەی نائاساییان لە دەوڵەتێكی عەرەبی و دەزگایەكی هەواڵگریی رۆژئاواوە بەدەست گەیشتووە، زانیاریی رژد و وردیان لەبارەی نزیكبوونەوەی گورزێكی سەربازی لە عێراق ئاشكرا كردووە.
بەرپرسێكی عێراقی ئاماژە دەكات كەو دەوڵەتێكی دۆست، ناوەڕۆكی هەڕەشەكەی بە بەغدا راگەیاندووە، ئەوە بەر لەوەی میلیشیاكان بەپەلە پەنا بۆ سازشكردن ببەن لەبارەی چەكەكانیان، بەپێی زانیارییەكان گورزە سەربازییەكە دامەزراوە حكوومەتییەكانی سەر بە حەشدی شەعبی و كەسایەتییە دەسترۆیشتوو دارایی و سەربازییەكان و جبەخانە و شوێنی حەشاردانی درۆن و مووشەك و سەربازگەكانی مەشقی میلیشیاكان دەگرێتەوە.
بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئەو دوو پەیامە داوای میلیشیاكانیان بەرەو داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت خێرا كرد، سەرچاوەكان گوتیان كە ئاستی هەڕەشەكە بەوە دەستی پێ كرا كە دەوڵەتێكی عەرەبی خاوەن پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكا و ئێران، پەیامێكی بە عێراق دا بەوەی بەغدا زۆر نزیكە لە هێرشێكی خێرای سەربازی بە هاوشێوەی كردنەئامانجی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە دۆخە لە مانگی ئەیلوولی رابردوو، پەیامەكە بە چەند لایەنێكی حكوومەت و سیاسەتوانانی عێراق وەك هەڕەشەیەكی زۆر رژد درا، بەوەی ئیسرائیلییەكان باسی ئەوە دەكەن گڵۆپی سەوزی ئەمەریكایان بۆ هێرشكردنە سەر عێراق وەرگرتووە، بەپێی بەپرسێكی عێراقیش باڵوێزخانەكانی وڵاتانی رۆژئاوا لە هێرشەكە ئاگەدار كرابوونەوە.
هەر بەپێی سەرچاوەكان لە دوای چەند رۆژێك لە پەیامی دەوڵەتە عەرەبییەكە بەرپرسانی عێراق پەیامێكی تریان لە دەزگایەكی هەواڵگریی رۆژئاوایی بەدەست گەیشت، ئەو لیستانەی تیادا ئاشكرا كراوە كە ئیسرائیل ئامادەی كردوون و زانیارییەكی زۆریان لەبارەی میلیشیاكانی عێراق لەخۆ گرتووە، وردی و زۆری زانیارییەكان سەری لە بەرپرسانی عێراق شێواندووە، بەشێوەیەك یەكێكیان گوتوویەتی، راگەیاندنی ئەو زانیارییانە بە عێراقییەكان بەوەی ئیسرائیل ئامادەی كردووە لە كاتێكی گرنگ بوو، زانیاریی ورد و تێروتەسەڵی لەبارەی بەرپرسانی میلیشیاكان و كەسانی نهێنی لەناو بازنەی نزیكیان و ئەو كەسانەشی بەرژەوەندییە دارایی و بازرگانیەیكانیان بەڕێوە دەبەن، جیا لەو دامەزراوە حكوومەتییانەی كە رووكەشی دەسەڵاتی ئەو میلیشیایانەن.
سەرچاوەكان ئاماژەیان كرد كە دەزگە هەواڵگرییەكە بە عێراقییەكانی راگەیاندووە كە ئیسرائیل زۆر نزیكە لە ئەنجامدانی هێرشێكی فرەوان، ئەوەش دوای ئاشكرابوونی توانای سەربازی و دارایی میلیشیاكان، بۆیەش سیاسەتوانانی شیعە هەمان تەقینەوەكانی پەیجەریان لە لبنان هێنایە بەر چاویان، سەركردەیەكی شیعە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ئەو دوو پەیامە دۆخەكەیان ئاوەژوو كردەوە، وایان لە سەركردە شیعەكان كرد لەبارەی داماڵینی چەك هەنگاوەكان خێرا بكەن، یەكەم هەنگاوی ئەو پرۆسەیەش بریتییە رادەستكردنی مووشەكە بالیستی و درۆنەكان و لێكهەڵوەشاندنەوە و رادەستكردنی سەربازگە ستراتیجییەكان لە باكور و باشووری بەغدا، دووەم قۆناغیش دوورخستنەوەی ژمارەیەك بەرپرسانیان لە دەستەی حەشدی شەعبی و چاوەڕوانكردنی ئەمەریكییەكان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەنگاوانە دەكەن.
بەرپرسێكی شیعە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، خۆی رێككەوتنێكی پێشتر بۆ داماڵینی چەكی قورس لە نێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەبوو بەر لە پەرەسەندنی گوشارەكانی ئەمەریكا، بەپێی چاودێران ئێستە ناكۆكییەكە لەسەر ئەو لایەنەیە كە چەك و توانای سەربازیی میلیشیاكان دادەماڵێت، چونكە ئەمەریكا متمانە بە دامەزراوە تەناهییەكانی حكوومەتی عێراق ناكات كە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانن.