جۆ ویڵسن کۆنگرێسمانی کۆماریخوازی ئەمەریکا بە توندی رەخنەی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گرت کە ستایشی گرووپە میلیشیاکان دەکات لەوەی رەزامەندییان دەربڕیوە چەکەکانیان دابنێن.
ئەو لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی ''سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری زۆر بە راشکاوی سوپاسی گرووپە میلیشیاکان دەکات لەوەی دەیانەوێت چەکەکانیان بە دەوڵەت بسپێرن. ئەمە قسەی دامەزراوەیەکی دادوەریی بێلایەن نییە و ئەو راستییە دەسەلمێنێت بەردەوام پێوەندییەکی گەرم و پتەو لە نێوان گرووپە میلیشیاکان و سەرۆکی دەزگای دادوەریدا هەبووە.''
بەگوتەی ویڵسن ئەوەی فائیق زەیدان وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دەیکات لە چوارچێوەی یاساکاندا نییە و ئەو دەسەڵاتەی نییە بەم شێوەیە ستایشی گرووپەکان بکات.
کۆنگرێسمانی کۆماریخواز پێی وایە ئەوەی روو دەدات پێوەندیی بە سەروەریی یاسا نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە دەستوەردان و رۆڵ و ئەو پەیامە سیاسییانە هەیە کە بە بەرگی یاسایی دەردەچن و بە مەترسیدارترین هەڕەشە دژی دادپەروەری و دەسەڵات، هەژمار دەکرێن.
جێی باسە دوێنێ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رای گەیاند گرووپە میلیشیاکان رازی بوون چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت و بۆ ئەو رازیبوونە سوپاسی کردن و هانی دان چالاکییەکانیان لە سەربازییەوە بۆ سیاسی بگۆڕن.
ئەمەریکا چەندان مانگە گوشاری خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە لە چەک داماڵێت و لە هەمان کاتدا داوای کردووە لە حکوومەتی داهاتووی عێراق بەشدارییان پێ نەکرێت.
گرووپە میلیشیاکان کۆمەڵێک کورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە و سوورن لەسەر ئەوەی لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا رۆڵ بگێڕن.
تەنیا بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان بەو داواکارییە رازی بوون. حەیدەر غەراوی ئەمینداری گشتیی گرووپی ئەنساروڵا ئەوفیا، كە ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گرووپی عەسائیب و شبل زەیدی ئەمینداری گرووپی ئیمام عەلی و عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، پاڵپشتیی خۆیان بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت دەربڕیوە، بەڵام هەریەك لە كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەبا ئەو داوایەیان رەت کردووەتەوە و گرووپی تریش هەن کە ئامادە نین چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن.
ئەو گرووپانە لە کاتی سەرهەڵدانی داعش بە فەرمانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق دامەزران بەڵام بەشێکیان لە ژێر هەژموون و فەرمانی مەرجەعی شیعەی ئێرانیدا کاریان کردووە و تا ئەم ساتەش هەر لە ژێر فەرمانی ئێراندا کار دەکەن و لەم رووەوە ناکۆکیی قووڵ لە نێو گرووپە چەکدارە میلیشیاکاندا هەیە و بەشێکیان لەوە تێگەیشتوون کە چەک لە دەرەوەی دەوڵەتی عێراق بە زیانی عێراقە و جگە لەمە ئەگەر بەدڵیشیان نەبێت بژاردەی دووەم بریتییە لە لەناوبردنیان بە زەبری هێز کە لەو کاتەدا خۆیان و وڵاتیش تووشی قەیران و پشێوی دەبێت.