داماڵینی چەكی میلیشیاكان تەكتیكە یان خۆچەماندنەوە؟

:: PM:06:13:21/12/2025 ‌

بەپێی سەرچاوەكان بەمنزیكانە مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی شاندێكی ئیدارەی ئەمەریكی دەگاتە بەغدا، باسی چەند دۆسییەكی گرنگ دەكات پێوەست بە پێوەندییەكانی واشنتن و بەغدا لە قۆناغی داهاتوو، جیا لە باسكردنی چارەسەری تەنگژەكان، هاوكات لە دوو رۆژی رابردوو ژمارەیەك میلیشیای شیعە پاڵپشتیی خۆیان لە داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت دەربڕی، بەڵام ئەوەی روودەدات تەكتیكێكی نوێی ئەوانە یان خۆچەماندنەوەیە بە رووی رەشەبای گوشارەكانی ئەمەریكا؟ 

تا ماوەیەك بەر لە ئێستە میلیشیاكانی ئێران داواكانی ئەمەریكایان بە داماڵینی چەك و خۆهەڵوەشاندنەوە و یەكخستنیان لەگەڵ هێزە تەناهییە فەرمییەكانی عێراق رەت دەكردەوە، تەنانەت باسی دەركردنی سوپای ئەمەریكایان لە عێراق دەكرد، كەچی دوای دیاریكردنی نێردراوێكی تایبەتی ئەمەریكی بۆ عێراق و هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمەریكا، چەند رۆژێكە دۆخەكە بە تەواوەتی گۆڕاوە، ژمارەیەك میلیشیای سزادراو لە لایەن ئەمەریكا پاڵپشتی خۆیان بۆ داماڵینی چەكەكانیان راگەیاند لەوانە عەسائیب و ئەنساروڵای ئەوفیا و گرووپی ئیمام عەلی.

نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، میلیشیاكان دوو جۆرن، یەكەمیان بە چەند قۆناغێك ئاوێتەی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن بوونە، دواترینیان هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق و پێشتریش لە حكوومەتەكان وەزیریان هەبوو، ئەوانە هەوڵیان داوە و دەیدەن بۆ گۆڕان لە گرووپێكی چەكداری دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، بۆ بەشێك لە دامەزراوە تەناهییەكانی دەوڵەت و هیتریش، ئەوانەن ئێستە داوای داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت دەكەن، بۆ ئەوەی لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا قبووڵكراو بن.  

روونی كردەوە، جۆری دووەمی میلیشیاكان ئەوانەن كە سەرەڕای بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی دوایی، بەڵام تا ئێستە لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسین و تا ئێستە پابەندی گوتاری موقاوەمەن، وەك هەوڵێك بۆ بەدەستهێنانی زیاترین دەستكەوت و سوودی سیاسی و دارایی و تەناهی بەر لە راگەیاندنی چوونی تەواویان بۆ ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت.

ئەو شرۆڤەكارە پێی وایە ئەوەی ئێستە روودەدات، هەستكردنی هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكانە بە رژدیی هەڵوێستی ئەمەریكا لە مامەڵەنەكردن لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق ئەگەر میلیشیاكان تیایدا بەشدار بن، بۆیە ئەوان لەگەڵ كات لە كێبەركێدان بۆ پێشاندانی نیازپاكییان بۆ واشنتن بەر لە گەیشتنی نێردراوە تایبەتەكەی بۆ بەغدا.

لای خۆیەوە ئەحمەد خزر توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، وەڵامدانەوەی خێرای میلیشیاكان بۆ پرسی داماڵینی چەكەكانیان و هێشتنەوەی لای دەوڵەت، جێبەجێكردنی پێویستییەكانی ئەو قۆناغە نوێیەیە كە لە ناوچەكە و دنیا رووی داوە، كە گۆڕانكاریی راستەقینەیان لە هاوسەنگی هێز دروست كرد، بۆیە مەرج نییە وەڵامدانەوەی میلیشیاكان مانای پاشگەزبوونەوە لە هەڵوێستی پێشوویان بێت، بەقەدەر مانای گۆڕانی ئاكاری میلیشیاكان بێت بەهۆی گۆڕانكارییەكانەوە.

لای خۆیەوە عیسام فەیلی مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا گوتی، ئەو وەڵامدانەوە خێرایەی میلیشیاكان بە دوو هۆكارەوە پێوەستە، گوشارەكانی ئەمەریكا، كە چەند پەیامێك لەو ماوەیە گەیشتن، لەوانە ئەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە گواستییەوە و باسی پێویستیی بەشداری پێ نەكردنی ئەو میلیشیایانە لە حكوومەتی نوێی عێراق دەكات، ئەمەریكا ئەو میلیشیایانەی خستە ناو چوارچێوەی پڕۆژەیەكی كردنەئامانجیان لە قۆناغی داهاتوو، بۆیە ئەوان نایانەوێ بگەن بەو ئاست و قۆناغە، بەتایبەتی زانیارییەكان ئاماژە دەكەن كە واشنتن لە پرۆسەی داماڵینی چەكی ئەوان و هێشتنەوەی لای دەوڵەت پاشەكشە ناكات، جیا لە پاشەكشەنەكردن لە لێپرسینەوە لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكان.  

روونی كردەوە، دووەم هۆكار بریتییە لە گوشاری ناوخۆیی، واتە لە لایەن هێزە دیارەكان لە ناو دەوڵەتی عێراقی و لەوانە دەسەڵاتی دادوەری، ئەوەش وەك بەشێك لە ستراتیجیەتی دوورخستنەوەی عێراق لە تەنگژەكان لە داهاتوودا، دووپاتی كردەوە كە هاوكات ئێران سوور بوو لەسەر رەوانەكردنی پەیامی دوومانا، جارێكیان باسی ئەوە دەكات داماڵینی چەك لە لبنان بابەتێكی ناوخۆییە، كەچی بە لەناوبردنی حزبوڵا رازی نەبوو، بۆیە رەنگە ئەو میلیشیایانە وەك تەكتیكێكی دیاریكراو نەك ستراتیجیەتێك، خۆیان لەبەردەم رەشەباكە بچەمێننەوە، لە لایەكی تر لە سایەی ئەو مەترسییەی بەڕێگەوەیە، رەنگە بابەتی هەڵگرتنی چەك بە رووی ئەمەریكا بۆ ئەو میلیشیایانە سوودی نەمابێت، لەوانە شەڕێكی زۆر نزیكی ئیسرائیل و ئێران بەرێگەوەیە، بۆیە ئەوان نایانەوێ ببنە بەشێك لە ئامانجەكانی ئیسرائیل بەو هۆیەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل