ئەمەریكا بە نیازی چییە؟

:: PM:06:55:21/12/2025 ‌

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هاتنی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق و سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، راگەیاندنی ژمارەیەك میلیشیای شیعە بە رازیبوونیان بە داماڵینی چەكەكانیان دۆخی عێراقی زیاتر ئاڵۆز كرد، بەڵام ئەمەریكا بە نیازی چییە؟

د. غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری ناوەندی عێراق بۆ توێژینەوەی ستراتیجی و دیپلۆماتكاری پێشوو لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە سەعات 1:00ی بەرەبەیانی دوێنێ شەموو، فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە هێرشێك لە ناوچەی جەرف سەخر لە دەوروبەری بەغدا ئەبو عەلی عەتەبی سەركردەی حەشدی شەعبیان كوشت، دوای دوو سەعات لەو رووداوە باسی داماڵینی چەكی میلیشیاكان گەرم بوو و ژمارەیەك فەرماندەی حەشد، لەوانە قەیس خزعەلی و ئەبو ئالای وەلائی و حەیدەر غەراوی و شبل زەیدی بەیاننامەیان لەوبارەوە دەركرد.

روونی كردەوە، ئەوەی ئێستە روو دەدات بریتییە لە: گوشارەكانی جۆ ویلسن لەسەر ئەنجوومەنی دادوەری لە عێراق و گوشارەكانی كۆڵۆنێڵ ستیڤانا باغلی لە رووی ئابووری و پاڵپشتیكردنی حكوومەتێكی دوور لە بازنەی ئێران و گوشارەكانی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، كاتێك ویڵسۆن رەخنەی لە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق گرت بەهۆی سوپاسكردنی ئاشكرای میلیشیاكان كە نیازی داماڵینی چەكیان راگەیاند.

ئاماژەی كرد، ویڵسۆن لە تویتێك نووسیویەتی، ئەو هەڵوێستە بەرجەستەی ئاكاری دامەزراوەیەكی حكوومەتی و دادوەرییەكی سەربەخۆ ناكات، بوونی كەناڵی پێوەندی و پێوەندییەكی بەردەوام لە نێوان بەرپرسانی باڵای دادوەری میلیشیا چەكدارەكان ئاشكرا دەكات، چونكە دادوەریی سەربەخۆ سوپاسی میلیشیاكان ناكات و هەڵسوكەوتە سیاسی و سەربازییەكانیان هەڵناسەنگێنێت، بۆیە ئەو هەڵوێستە مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر دادوەری و دەوڵەت.  

فەیسەڵ زیاتر نووسیویەتی، وەك بەپەلە لە كەسێكی نزیكی ساڤایا هاتووە، پەیامێكی توندی ئەو بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاتووە و باسی چەند خاڵێك دەكات لەوانە، پاككردنەوەی تەواوی دادوەری و دوورخستنەوەی لە دەسەڵاتی ئێران و لێپرسینەوە لە هەموو دادوەرانی لە كرنەئامانجی عێراقییەكان تێوەگلاون، لادانی فایەق زێدان و سەرۆكەكانی دادگەی تێهەڵچوونەوە و تەواوی دادوەورانی ملكەچ بۆ ئێران.

داڕشتنەوەی پەیكەری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدراڵی بەپێی دەستوور، ئەمەریكا هەر كەسایەتییەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی یان هەر كەسێكی نزیك لە ئێران و پێوەندیدار لەگەڵی رەت دەكاتەوە، پێویستە ئەوان بەتەواوەتی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و حكوومەت دوور بخرێنەوە، رەتكردنەوەی كاندیدبوونی هەر كەسێك پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە ئەو بابەتە پێوەستە بە ئەمەریكاوە، لادانی هەریەك لە حەمید شەتری و قاسم ئەعرەجی و باسم بەدری و عەبدولئەمیر شمەری و عەبدولئەمیر یارەڵا و هیتریش، داڕشتنەوەی پەیكەری تەواوی وەزارەتە تەناهییەكان و سیادی و خزمەتگوزارییەكان و دوورخستنەوەی كەسانی سەر بە ئێران لێیان. 

لای خۆیەوە و لە پۆستێكی تر نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی نووسیویەتی، لە دوایین پەیامی میلیشاكان و هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ واشنتن، دووپاتیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەمەریكا بە داماڵینی چەكی تەواوی میلیشیاكان و هێشتنەوەی لای دەوڵەت كردووەتەوە، جیا لە بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و پێدانی زۆرینەی پڕۆژە و وەبەرهێنانەكان بەو كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە.

روونی كردەوە، وەڵامی واشنتن ئەوە بووە كە میلیشیاكان، تەنانەت باڵە سیاسییەكانی ئێران لە عێراق، نابێت هیچ دواڕۆژەكیان لە عێراق هەبێت، لەوانە لە رووی سیاسی و لەناو حكوومەت و پێویستە لە ماوەیەكی كورت و دیاریكراو و بەپێی چەند رێوشوێنێكی كردەنی و متمانەپێكراو چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێت، جیا لەوە دەبێت دەسەڵاتی ئێران بەتەواوەتی لە ناو دەزگە تەناهییەكانی عێراق نەمێنێت، پێكهێنانی حكوومەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی عێراقی تەواو دوور لەهەر دەسەڵاتێكی ئێرانی، ڤیتۆی ئەمەریكا بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێی عێراق تەواوی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگرێتەوە، لەوانە نووری مالیكی و شێخ  هومام حەموودی و هیتریش، چونكە واشنتن ئەوانە بە باڵی سیاسیی ئێران و سەرچاوەیەك بۆ پاڵپشتیكردنی دارایی دادەنێت. 

‏ 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل