بڕیارە لە 28ی ئەم مانگە بنیامین نەتنیاهۆ سەردانی ئەمەریكا بكات و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن ئیسرائیل دەیەوێ پلان بۆ گەڕێكی تری شەڕ لە دژی ئێران لەگەڵ ترەمپ باس بكات، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلیش باسی پلانەكە دەكات و دەڵێت، پرسیارەكە ئەوە نییە ئاخۆ شەڕەكە دەبێت، بەڵكو ئەوەیە كەی دەبێت؟، وەك ئاماژەیەك بۆ یەكلابوونەوەی هێرشەكە.
رۆژنامەی
"مەعاریف"ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە رەشەبای شەڕ بە رووی ئێران دەستی پێ كردووە و پرسیارەكە ئەوە نەماوە ئاخۆ شەڕەكە دەبێت، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە كەی بە كردەنی دەست پێ دەكات؟، ئەوەش لەسەر بنەمای لێدوانەكانی دوێنێی ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل كە تیایدا دووپاتی كردەوە ئیسرائیل خۆی بۆ گورزێكی تری بەهێزتر بۆ ئێران ئامادە كردووە.
رۆژنامەكە روونی كردەوە، ئیسرائیل دەزانێت كە هێرشكردنە سەر ئێران پێویستیی بە سازانە لە غەزە، گۆڕانكارییە لە سووریا و جموجۆڵێكی زیرەكانە و وریایە لە لبنان، ئێستە سوپای ئیسرائیل خەریكی دانانی پلانی تۆكمە و دانانی ژمارەیەك ئامانج و هەوڵدانە بۆ تێگەیشتنی پاڵنەری هەموو لایەنە كاریگەرەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ دۆخی فریاگوزاری كرد كە هۆبەی پلاندانانی سوپای ئیسرائیل وەك ئامادەسازی بۆ وەرگرتنی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران رای گەیاندووە، ئاماژەی كرد كە نەتنیاهۆ بە كردەنی تەواوی بەردەكانی چوارگۆشەی شەترەنجەكەی ئامادەیە، بەر لە هەڵفڕینی فڕۆكەكەی بۆ كالیفۆرنیا و دیداری لەگەڵ ترەمپ لە 28ی ئەم مانگە، ستراتیجیەتی ئەوجارەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بریتییە لە وەرگرتنی چەند بڕیارێك و رووبەڕووبوونەوە و قوربانیدان بە چەند بەردێك، بەرانبەر دروستبوونی دۆخێكی نوێ لە هەموو بەرەكان، بەتایبەتی لە بەرەی ئێران.
تەلئەبیب پێی وایە ئێران درك بەوە دەكات كە بۆ لێدانی قووڵایی ئیسرائیل پێویستی بە توانایەكی گەورە هەیە، بۆیە بەپەلە كار لەسەر دەستكەوتنی سیستمی دژە فڕۆكە و سەپاندنی كۆتێك لە میلیشیاكان بە دەوری ئیسرائیل دەكات، لای خۆیەوە ئیسرائیل كە زۆر نزیكە لە ئەنجامدانی هێرشەكە، چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكایە و دەیەوێ سوپای ئەمەریكا ببێتە هاوبەشێكی سەرەكی لە شەڕەكە، وەك رۆژنامەی "مەعاریف"، باسی دەكات.
لەوكاتەی بڕیارە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆتایی ئەم مانگە لە فلۆریدا چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، بەرپرسانی ئیسرائیل زیادبوونی نیگەرانیی وڵاتەكەیان لە فرەوانبوونی بەرنامەی مووشەكی بالیستیی ئێران دەردەبڕن، كە لە حوزەیرانی رابردوو بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل زیانی بەر كەوت.
بەمدواییە ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە بڕیارە لە دیدارەكە نەتنیاهۆ باسی هێرشێكی تری ڵاتەكەی بۆ سەر ئێران بۆ ترەمپ بكات، وەك تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمەریكی باسی كردووە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی ئەوەش دەدات قەناعەت بە ترەمپ بكات بەوەی فرەوانخوازییەكانی ئێران لە بەرنامە مووشەكییەكەی هەڕەشەیە و پێویست بە جموجۆڵێكی بەپەلە دەكات.
نەتنیاهۆ هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت كە كە جموجۆڵەكانی تاران تەنیا مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناكەن، بەڵكو مەترسین بۆ سەر تەواوی ناوچەكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاش، بۆیە پێویستە ئەمەریكا بێتە پاڵ ئیسرائیل لە هێرشەكەی یان یارمەتی بدات.
بەپێی رۆژنامەی "مەعاریف"، ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێ ناوی بچێتە تۆماری مێژوو، نەك تەنیا لە رێگەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل بۆ ئاشتی، بەڵكو لە رێگەی دروستكردنی رێڤیرای دەریای سپی، واتە ئەوەی بۆ كەرتی غەزەی ئامادە كردووە، لە دروستكردنی تاوەری بەرز ناوچەیەكی پێشكەوتوو و ناچەیەكی هاوشێوەی سەنگاپوور، لە سووریا دەوێ سیستمێكی نوێ بنیات بنێت، دەزانێت كە دەكرێ ئەو وڵاتە ببێتە ناوچەیەكی دەوڵەمەند بە كانزاكان بۆ ئابووری ئەمەریكا.
هەرچی لبنانە، پێشبینی دەكرێت رێگە بە ئیسرائیل بدات بە ئەنجامدانی هێرشەكانی مادام كار لەژێر كۆنترۆڵدایە، لێرەدا ئێران وەك بابەتی سەرەكیی و هەڵپەسێردراو دەمێنێتەوە، كە هەریەك لە ئیسرائیل و ئەمەریكا بە جموجۆڵەكانی تاران باش دەزانن، كە لەو قۆناغەدا راستە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی وەستاندووە، بەڵام بە هەموو توانایەكی كار بۆ دروستكردنی قەلغانێك بە دەوری خۆی دەكات بە سوودبینین لە شەڕە 12 رۆژییەكەی مانگی حوزەیرانی رابردوو.