دوای ئەوەی "وشە" قسەی رۆشنبیرێكی كوردی لەبارەی ئەوە بڵاو كردەوە كە داوای كردووە محەمەد حاجی مەحموود بكرێت بە سەرۆك كۆماری عێراق، هەواڵەكەیش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، گوتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، دڵسۆزی و راستی و روونی محەمەد حاجی مەحموود، هۆكاری سەرەكییە بۆ بوونی بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر ئێستە مام جەلال لە ژیان بوایە پێمان وابوو محەمەد حاجی مەحموودی پێشنیار دەكرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تەنانەت لای سەرۆك بارزانی دڵسۆزی نەتەوەیی محەمەد حاجی مەحموود یەكلا بووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 23ی كانوونی یەكەم، فەرهاد تۆفیق گوتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی گرنگە بۆ عێراق و پێكهاتەكان، جگە لەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی كە هەیەتی لە پرسی پەسندكردنی یاساكان و چاودێری، دەتوانێ رۆڵ ببینێ.
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە نووسینی رۆشنبیرێكی كوردیان لەبارەی دانانی محەمەد حاجی مەحموود وەك سەرۆك كۆماری عێراق لە "وشە" بینیوە، بەڵام وەك حزب هیچ كات تاوتوێی پرسێكی وایان نەكردووە.
روونیشی كردەوە، تا ئێستە وەك عورف پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لای كورد بووە، هەرچەندە هەندێك جار ململانێی لەسەر بووە، بەڵام لە كۆتایشدا پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد یەكلا بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا نوێنەرایەتیی كورد لەو پۆستەدا گرنگی زۆری هەیە.
گوتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە لێدوانەكەیدا ئەوەیشی گوت، دەستخۆشی لە بەدران حەبیب دەكەین بۆ پێشنیاركردنی ئەو بابەتە كە ئەوە لەو روانگەیەوە هاتووە، نوێنەرایەتی كورد لەو پۆستەدا گرنگە و ئەوەیشی دەتوانێ نوێنەرایەتییەكی گرنگ بكات، محەمەد حاجی مەحموودە كە تێڕوانینی نەتەوەیی بەرزی هەیە.
"دڵسۆزی و راستی و روونیی محەمەد حاجی مەحموود، هۆكاری سەرەكییە بۆ بوونی بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر ئێستە مام جەلال لە ژیان بوایە، پێمان وابوو محەمەد حاجی مەحموودی پێشنیار دەكرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تەنانەت لای سەرۆك بارزانی دڵسۆزی نەتەوەیی محەمەد حاجی مەحموود یەكلا بووەتەوە"، فەرهاد تۆفیق وای گوت.
دووپاتیشی كردەوە كە ئەگەر بەركەوتەی هەڵبژاردنی لێ لاببەین، محەمەد حاجی مەحموود باشترین كەسە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و دەكرێت كاندیدی هاوبەش بێت لە داهاتوودا، بەڵام لەبەرئەوەی بەركەوتەی هەڵبژاردنە، وەك حزب "قسەمان لەسەر ئەو پۆستە نەكردووە".
هەواڵەكەی پێشوو ئەوە بوو:
رۆشنبیرێكی كورد لە پۆستێكی فەیسبووكدا داوا دەكات كە محەمەد حاجی مەحموود سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بكرێتە سەرۆك كۆماری عێراق.
پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەك هەموو خولەكانی تری پێشوو، كێشەی لەسەرە، پۆستەكە پشكی كوردە، بەڵام لەناو كورددا هێشتا كەس یەكلا نەكراوەتەوە و هەریەكە لە پارتی و یەكێتی بە پشكی خۆیانی دەزانن.
بەدران حەبیب رۆشنبیری كورد، لە واڵی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، "من لەو باوەڕەدام كاكە حەمەی حاجی مەحموود شیاوترین كەس بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، جگەلەوە باشترین نوێنەرایەتیی كوردستانیش دەكات".
"تكایە كەس نەیكات بە مایەی تیر و توانج، ئەوەی زووتر چووە، مام جەلالی لێ دەرچێ، كەسی بە وشەیەكیش بێت كەڵكی بۆ كوردستان نەبووە، فەرموون سەیری مووچەی كارمەندانی كوردستان بكەن، فەرموون سەیری ناوچەی كێشەدار و جێ ململانە بكەن، كەسیان وشەیەكی بۆ ئەم پرسە گرنگانە نەكردووە"، ئەو رۆشنبیرەی كورد وای نووسیوە.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هیچ یەكێك لە بەرپرسانی ئەو لایەنانەی عێراق كە ئەمڕۆ رێشمەی بەڕێوەبردنی وڵاتیان لە ملی خۆیان ئاڵاندووە، سەت یەكی كاكە حەمە خەباتی نەبووە و قوربانیی نەداوە.
لە هەمان پۆستدا، بەشێكی زۆری لە نووسەران و رۆشنبیران سەرباری پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو بۆچوونەی بەدران حەبیب، رای خۆیان نووسیوە. فەهمی كاكەیی زمانناس و پەروەردەكاری ناسراوی كورد نووسیویەتی، خۆی نایەوێ، ئەگەرنا منیش لەگەڵ ئەوەدام دەسەڵاتی سیاسی پشتگیری بكات، گرنگە.
محەمەدی حاجی مەحموود
محەمەدی حاجی مەحموود لە دایكبووی 26ی حوزەیرانی ساڵی 1953 ناسراو بە كاكە حەمە، سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە و وەزیر و ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بوو.
لە ساڵی 1981 دەبێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پاشان دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبەكە، دواتریش وەك سكرتێری گشتی حزب ھەڵدەبژێردرێت.
پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی كوردستان ھەیە و بەدرێژایی شۆڕش و تا ئێستەش، ڕۆڵی لەناو ھاوكێشە و نەخشەی سیاسی و كوردستاندا ھەبووە و ھەیە.
خاوەنی نۆ كتێب و نامیلكەیە كە گرنگترینیان (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەك) كە لە چوار بەرگ پێكھاتووە و لەكاتی خۆیدا بووە مایەی مشتومڕی ناوەندی سیاسی بوو. كاكە حەمە جگە لە بوونی وەك كەسایەتییەكی سیاسی و گرنگی ناوچەكە، لە دوای دەستپێكردنی شەڕی داعشەوە فەرماندەی میحوەری كەركووك بوو و بەردەوام ئامادەیی لە ھەموو ڕووداوە ھەستیارەكانی پرسی كورددا ھەبوو.
محەمەد حاجی مەحموود سێ هاوسەری هەیە و شەش كچ بە ناوەكانی (عەتیە، كوێستان، شەرام، شارا، ڕێژین و كوردستان)، لەگەڵ سێ كوڕ بە ناوەكانی (ڕێبین، ئاریان، ئارین) و دوو كوڕیشی بەناوەكانی (عەتا و پشتیوان) شەھیدن.
محەمەد حاجی مەحموود سەرەڕای كاری سیاسی، لە گوندەكەی خۆیدا "گوڵەخانە" خەریكی كاری جووتیارییە و جووتیاری بەشێكە لە ژیانی، ناوبەناو لەوێ مانۆڕی سەربازیش دەكات.