پەیمانگەی "واشنتن ڕیپۆرت"ـی ئەمەریکی بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وێنەی حكوومەتی داهاتووی عێراق لەناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدا دەکێشێت، کە سێکوچکەی (گەندەڵیی ڕیشەداکوتاو، کەرتی گشتیی پڕ لە مووچەخۆر و نرخی نەوت) گەمارۆی داوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، گەندەڵی لە عێراق بووەتە شێوازی حوکمڕانی، کەرتی گشتی لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەری بۆ زیاد بووە، ئابوورییەکەش بەستراوەتەوە بە نرخی نەوتێکەوە کە دەبێت لە 90 دۆلار نزیک بێتەوە بۆ ئەوەی بودجە تووشی کورتهێنان نەبێت. ئەم هۆکارانە وایان کردووە دەرفەتی هەر حكوومەتێکی نوێ بۆ "شکاندنی ئەم بازنەیە" زۆر سنووردار بێت، مادام لە هەناوی هەمان ئەو حزبانەوە دەرچووە کە ئەم دۆخەیان دروست کردووە.
گەندەڵی وەک "سیستەم" نەک هەڵە
پەیمانگەکە پێی وایە گەندەڵی لە عێراق چیتر حاڵەتێکی تێپەڕ یان لادانی کەسی نییە، بەڵکو بووەتە "شێوازێکی چەسپاو" کە بیرۆکراسیی حكوومەت لە سەرەوە بۆ خوارەوە بەڕێوە دەبات. هاووڵاتی بۆ هەر مامەڵەیەک ناچارە بەناو حزب یان لایەنێکی تایفیدا تێپەڕێت و نامە و دیاری و بەرتیل پێشکەش بە دەستڕۆیشتووان بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات، حزبە دەسەڵاتدارەکان وەزارەت و دەستەکان وەک "موڵکی تایبەت" دەبینن نەک دامەزراوەی خزمەتگوزاری، کە بۆ دزینی پارە یان دابەشکردنی وەزیفە بەسەر لایەنگرانیاندا بەکاری دەهێنن.
پرۆفیسۆر ئەلیسا واڵتەر، نووسەری کتێبی "شاری جێناکۆک"، کە ڕاپۆرتەکە پشتی پێ بەستووە، دەڵێت، پێکهێنانی حكوومەتی داهاتوو گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە دۆسیەی گەندەڵیدا ناکات، چونکە ئەو هێزانەی دەسەڵات دابەش دەکەن، هەمان ئەوانەن کە دوای 2003 یاساکانی یارییەکەیان داڕشتووە.
700 هەزار مووچەخۆری نوێ.. بۆمبێکی چێنراو
لە ڕووی داراییەوە، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر شەپۆلی دامەزراندن لە کەرتی گشتی و ئاشکرای دەکات، تەنیا لە سەردەمی محەمەد شیاع سوودانیدا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەری نوێ بۆ دەزگاکانی حكوومەت زیاد کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم زیادبوونە ژمارەی فەرمانبەرانی گەیاندووەتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس. پەیمانگەکە پێی وایە ئەمە وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی تووڕەییی شەقام بەکار هاتووە، بەڵام ئێستە بووەتە بارگرانییەکی داراییی قورس بۆ هەر حكوومەتێکی داهاتوو، چونکە کەمکردنەوەیان مەحاڵە.
دەوڵەتی "مووچە" و مەترسیی نەوت
خوێندنەوە ئابوورییەکان دەریدەخەن کە سیاسەتی "دەوڵەتی وەزیفە"، وای کردووە بەشی مووچە نزیکەی 40%ی کۆی خەرجییەکانی حكوومەت ببات، لە بەرانبەردا بودجەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری سنووردارە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت دەوڵەت بە لۆژیکی "سەرەتا مووچە دابەش بکە، دواتر بیر لە شتەکانی تر بکەرەوە" کار دەکات.
لەم نێوەندەدا، دۆسیەی نەوت یەکلاکەرەوەیە. عێراق بۆ ئەوەی کورتهێنانی نەبێت، پێویستی بەوەیە نرخی نەوت نزیکەی 90 دۆلار بێت. ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە هەر دابەزینێکی نرخی نەوت، ڕاستەوخۆ بودجە بەرەو کورتهێنانی قوڵ دەبات.
دەرەنجام
"واشنتن ڕیپۆرت" لە کۆتاییدا دەڵێت، حكوومەتی داهاتوو ڕووبەڕووی سێکوچکەیەکی گوشار دەبێتەوە:
1. گەندەڵییەک کە سەرچاوەی داهاتی حزبەکانە.
2. کەرتی گشتییەک کە بودجەی قووت داوە.
3. پشت بەستن بە بازاڕی نەوت کە پێشبینی ناکرێت.
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا حكوومەتەکانی داهاتوو دەتوانن ئەم سیستەمە هەڵبوەشێننەوە؟ یان تەنیا بە "بەڕێوەبردنی تەنگژەکە" و دواخستنی تەقینەوەکە ڕازی دەبن، تا ئەو کاتەی شەپۆلێکی تری ناڕەزایەتی هەموو پرسیارەکان لە خاڵی سفڕەوە دەورووژێنێتەوە؟