تا ئێستە چوار كەسی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خۆیان كاندید كردووە و تەنیا دوو رۆژ لەبەردەم لایەنە كوردییەكان ماوە، ئەمرۆش پارتی قسەی كۆتایی خۆی دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" تا ئێستە یەكێتی هەر یەك لە نزار ئامێدی، ئاسۆ فەرەیدون، لەتیف ڕەشید و خالید شوانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەست نیشان كردووە، بەهۆی ململانێكانی ناوخۆیەوە نەیتوانییوە لەسەر تەنیا یەك كاندید رێكبكەون.
پێشتر نووسینگەی سەرۆك كۆمار رای گەیاندبوو، لەتیف ڕەشید وەك كاندیدێكی سەربەخۆ بەشداری دەكات، نەك تەنیا وەك كاندیدی یەكێتی.
یەكێتی لەدوا كۆبوونەوەی نەیتوانی لەسەر تەنیا كاندیدێك بریار بدات، ئەمەش بەهۆی ئەو ململانێیانەی لەناوخۆی حزبەكەدا هەیە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "ئەلعەرەبییە" گوتووە، كە ئەمرۆ شەموو سەركردایەتی حزبەكە كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كاندیدەكانی پۆستی سەرۆكی كۆمار بریار دەدات.
ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە كە رەنگە هەڵبژاردنەكە بەرتەسك بكرێتەوە لەنێوان نزار ئامێدی و خالید شوانی لەگەڵ چەند ناوێكی تر.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، كە ناوەكان بە فەرمی لە میانەی كۆبوونەوەیەكی فراوانتردا كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی حزبەكەی ئامادەی دەبێت، دەخرێنەڕوو بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەسەر كاندیدی یەكێتی.
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ ئەم پۆستە باڵایە لە 31ـی كانوونی یەكەمی 2025ـەوە كردووەتەوە و بڕیارە تا پێنجی ئەم مانگە بەردەوام بێت.
یەكێتی بێ گەرانەوە بۆ لایەنە سیاسیەكانی كورد كاندیدەكانی داناوە، ئەمەش جارێكی تر ماڵی كورد لەبەغدا پەرت دەكاتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە لایەنەكانی تریش كاندیدیان هەبێت.
بەپێی زانیارییەكان رەنگە یەكگرتووی ئیسلامیش د. موسەنا ئەمین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك لایەنێكی سەرەكی كورد چاوەڕوان دەكرێت ئەمرۆ شەموو سێی كانوونی دووەم بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی مەكتەبی سیاسی كۆبێتەوە و بریار لەو پۆستە بدات.
كۆبوونەوەكە پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ شەموو لە پیرمام بەڕێوەدەچێت، تەوەرەكانی ئەم بابەتانە لە خۆدەگرێت:
پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان. پێكهێنانی حكوومەتی نوێی فیدراڵ. پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا.