دوێنێ بە هاوشێوەی فیلمەكانی هۆلیوود، هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەیان لە كاراكاس گرت و بەرەو ئەمەریكایان گواستەوە بۆ دادگاییكردنی بە چەند تۆمەتێك لەپێشەوەیان قاچاغی مادەی هۆشبەر، پرۆسەكە زۆر بە خێرایی و كتوپڕ و چاوەڕوان نەكراو رووی دا، ئەگەرچی دوای چەند مانگێك لە گوشارێكی توندی سیاسی و سەربازی و ئابووریی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە هات.
وەك لە ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی ئەمەریكیدا هاتووە، شەش هۆكاری سەرەكی هەن وایان لە ئەمەریكا كرد هەوڵی گرتن و لادانی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا لە دەسەڵات بدات، ئەوانیش:
*یەكەم دوژمنی ئەمەریكا بوو، بۆ واشنتن مادۆرۆ بووبووە سەرچاوەی كێشە لە دەرەوەی ئەو وڵاتەش، بەرپرسانی ئەمەریكی بە كەسێكی خراپ و پاڵپشت بۆ خراپەكاران لە نیوەی رۆژئاوای گۆی زەوییان دانا، ئیدارەی ترەمپ وا سەیری ڤەنزوێلا و كوبا و نیكاراگوا و كۆڵۆمبیا دەكات كە ئەوان لایەنی چالاكی بەرەی سۆشیالیستن.
*قاچاغی كۆكایین، ئەمەریكا دەڵێت، ڤەنزوێلا لە قاچاغی مادەی هۆشبەر لە رێگەی پاڵپشتیكردنی باندی بەناوبانگ تێوە گلاوە، ترەمپ مادۆر بە رەوانەكردنی ئەندامانی ئەو باندانە بە مەبەست بۆ ئەمەریكا تۆمەتبار دەكات، بۆیە ئەمەریكا ئەو بابەتەی كردە پاساوی سەرەكیی هێرشەكانی بۆ سەر بەلەمی قاچاغچییەكان لە دەریای كاریبی و زەریای هێمن بە گومانی گواستەوەی مادەی هۆشبەر لە چەند مانگی رابردوو.
*نەوت، ترمپ باسی ئەوە دەكات كە ڤەنزوێلا، كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە دنیا، نەوتی ئەمەریكای دزیوە، ئەو لە دوای خۆماڵیكردنی نەوت دەستی بەسەر ئامرازەكانی ئەمەریكی گرتووە، بۆیە دەست بەسەر ژێرخانی نەوتی ڤەنزوێلادا دەگرێت و قەرەبووی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەكاتەوە كە لەو پرۆسەیە زیانیان پێ گەیشتووە.
*كۆچی بەكۆمەڵ، بەهۆی داڕمانی ئابووری و ئەو ستەمكارییەی لە سایەی رژێمی فەرمانڕەوایی مادۆرۆ هەبوو، كۆچكردنی بە كۆمەڵ لەو وڵاتە سەری هەڵدا، هەشت ملیۆن ڤەنزوێلایی لە ماوەی 10 ساڵ هەڵاتن، ئەوەش گەورەترین شەپۆلی كۆچی بەكۆمەڵە لە مێژووی هاوچەرخ لەو نیوەی گۆی زەویدا، كە كێشەی بۆ ئەمەریكا دروست كرد، بەتایبەتی گەڕاندنەوەی كۆچبەران خاڵێكی سەرەكیی بەرنامەی هەڵبژاردنی ترەمپ بوو.
*زێڕ، ئەمەریكا پێی وایە یەدەگی گەورەی زێڕی ڤەنزوێلا بووە هۆی بەرگەگرتنی لەبەردەم گوشارەكانی ئەمەریكا لە ماوەی چەندان ساڵ، لە رێگەی كڕینی چەك و سووتەمەنی و دابینكردنی پارە لەو رێگەوە.
*هاوڕێیانی بیانیی مادۆرۆ، ڤەنزوێلا لەگەڵ چەندان لایەنی نەیار و دوژمنی ئەمەریكا هاوپەیمانە، بۆیەش لایەنگرانی ترەمپ گرتنی مادۆرۆیان بە وریاكردنەوەی هێزە نەیار و دوورەكان لەقەڵەم دا بە دووركەوتنەوە لە نیوەی رۆژئاوای گۆی زەوی، بەتایبەتی چین و رووسیا و ئێران.
ترەمپ دوای گرتن و گواستنەوەی مادۆرۆ رای گەیاند كە ئەمەریكا كارەكانی ڤەنزوێلا هەڵدەسووڕێنێت تا كاتی گواستنەوەیەكی گونجاوی دەسەڵات روو دەدات، هاوكات خۆی و تیمەكەی بەتوندی سەركردەی تریان لە نیوەی رۆژئاوای گۆی زەوی وریا كردەوە، بەوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا رووی دا تەنیا سەرەتایە، لەوانە گۆستافۆ پیترۆ سەرۆكی كۆڵۆمبیا و سەرۆكی كوبا، كە رەنگە دوای مادۆرۆ نۆرەی ئەوان بێت.
شارەزایان پێیان وایە دیدی نوێی ئەمەریكا ئەوەیە كە هەر شتێك ببێتە مایەی نیگەرانیی ئەو وڵاتە لەناوی ببات، شێوازی جیا بەكار دێنێت، بەڵام ئەنجامەكە یەك شتە، سەربازییانە دەستی خستە ناو ڤەنزوێلا، لە ئێرانیش شەقام دەجووڵێنێت، ئەگەری هەیە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە رێگەی هاوپەیمانەكانی وەك ئیسرائیل دەست لە كاروباری ئێران وەربدات و لە عێراقیش پەیامی بەرپرسانی ئەمەریكا باسی داماڵینی چەك و نەهێشتنی گەندەڵی و رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری عێراق دەكەن، ئەو پەیامانە هاوشێوەن لەگەڵ دۆخی پێش هێرشەكەی سەر ڤەنزوێلا، بۆیە هیچ ناوچەیەك دوور نییە لە كردنەئامانجی لە لایەن ئەمەریكاو، گرتنی مادۆرۆ پەیامێكە بۆ هەموو سەركردە و وڵاتانی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا نین، بەوەی هەر دەنگێك دژی ئەو ئاراستەیە بێت رەنگە هەمان چارەنووسی هەبێت.