بەپێی هەواڵی ناو بۆرسەكان و بازاڕ لەبارەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار، ئەمڕۆ دووشەم نرخی دۆلاری ئەمەریكی هەڵكشانێكی كتوپڕ و خێرای بەرانبەر بە دینار بەخۆیەوە بینی و نرخی 100 دۆلار گەیشتە 149.700 دینار، لەبارەی هۆكارەكەی دەگوترێت بەهۆی پرۆسەی تۆكمەكردنی گومرگییە، كە گوشارێكی زۆری لەسەر بازاڕ دروست كردووە و خواست لەسەر دۆلاری كاش زیادی كردووە، پێشبینی دەكرێت نرخەكە 150 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار تێپەڕ بكات، ئەوە ئەگەر حەواڵەی دەرەكی نەبێت و بانكی ناوەندی نەیەتە ناو بابەتەكەوە.
لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی رابردوو نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار هەڵكشا، عێراق نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت و بە دیناریش مووچە دەدات، واتە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كار لە خەڵك و بازرگانان و بازاڕ دەكات، ئەوە لەو كاتەی نرخی فەرمیی دۆلار هێشتا 132 هەزار دینارە بۆ 100 دۆلار، ناسر كنانی شارەزای ئابووری دەڵێت، ئەو هەڵكشانەی ئێستەی دۆلار كتوپڕ نییە و ئەنجامێكی ئاسایی كەڵەكەبوونی چەند هۆكارێكە، لەوانە زیادبوونی خواست لە لایەن بازرگانان و جێبەجێكردنی سیستمی نوێی گومرگی.
لە عێراق دۆلار دوو نرخی هەیە، نرخی فەرمی كە بانكی ناوەندی دیاری كردووە و بۆ هەر 100 دۆلار 132 هەزار دینارە دەدرێتە بانكەكان و پرۆسەكە لەژێر چاودێریی ئەمەریكا و نێودەوڵەتییە، نرخی بازاڕ كە لە نرخی فەرمی گرانترە و بە بەردەوام 10 بۆ 15 هەزار دینار جیاوازیان هەیە، بۆیە زیادكردن یان توندكردنی هەر رێوشوێنێك لەسەر دۆلاری فەرمی، نرخی دۆلاری بازاڕ هەڵدەكشێت، چونكە خواستی زیاتری دەكەوێتە سەر.
ئێستە لە عێراق سیستمێكی نوێی گومرگی جێبەجێ دەكرێت كە بریتییە لە بەیەكەوەگرێدانی ئەلیكترۆنیی دەروازە سنوورییەكان و یەكخستنی رێوشوێنەكان و كۆنترۆڵكردنی قاچاغی و بەرزكردنەوەی داهاتی نانەوتی، كە ئەوانە هەمووی داوا لە عێراق كراوە بیكات، بەڵام بازرگانانی بچووك و ناوەند خۆیان بۆ ئەو رێوشوێنانە ئامادە نەكردووە و نەیانتوانی دۆلار بەدەست بێنن، بۆیە پەنایان بۆ دۆلاری كاشی بازاڕ لە بری حەواڵەی بانكی برد، چونكە ئەوان دەیانەوێ كاڵاكانی دەیهێنن، سەرەتا مسۆگەری بكەن ئینجا بەڵگەكانیان یەكلا بكەنەوە، بۆیە پەنایان بۆ دۆلاری بازاڕ برد و كێشەكە ئەوەیە.
چاكسازی ئیداری دەیەوێ بۆشاییەكانی گەندەڵی و قاچاغی چارەسەر بكات، بەڵام ئەو رێوشوێنانە پێویستیان بە نەرمییەك هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵیان، هاوكات رێگەنەدان بە بازرگانانی دۆلار بۆ زیادكردنی نرخی بۆ مەبەستی قازانج، شیكارە ئابوورییەكان جیاوازی نێوان نرخی دۆلار، واتە نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ، بە باجێكی شاراوە دادەنێن، بەشێك لە داهاتی نەوت دەبێتە قازانج بۆ چەند گرووپێك كە دەستیان بە دۆلاری فەرمی دەگات و و لە بازاڕ بە گرانتر دەیفرۆشنەوە.
عێراق بەشێكی زۆری خۆراك و دەرمان و كەرەستەكانی بیناسازی بە دۆلار دەكڕێت، كاتێك بازرگانان ئەو دۆلارەی پێویستیان بۆ هێنانی ئەو بابەتانە لە بازاڕ دەكڕن، كار دەكاتە سەر نرخی كاڵاكان، بۆیە چینەكانی هەژار و ناوەند تەنیا دیناریان هەیە و ئەوان باجەكەی دەدەن، بۆیە ئەگەر جیاوازی نێوان هەردوو نرخی فەرمی و بازاڕی دۆلار بمێنێت و روو لە هەڵكشان بكات، هەڵاوسانی شاراوە دروست دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر هاوكات بێت لەگەڵ دەستگرتنەوە لە بودجە یان دابەزینی نرخی نەوت یان پێڕەوكردنی سیاسەتی نوێی ئابووری.
بەگشتی دەتوانرێت ئەو دۆخە بە سێ رێگە چارەسەر بكرێت، یەكەم/ ئیدارەدانی گۆڕانكاری و چاكسازی، واتە هەر چاكسازییەكی گومرگی پێویستە پلانێكی روونی كاتی هەبێت و بە هەنگاو بێتە جێبەجێكردن، پێوەندییەكی راستەوخۆ لەگەڵ بازرگانان هەبێت بەشێوەیەك ماوەی گواستنەوە بۆ جێبەجێكردنی سیستمی نوێ نەبێتە شۆك كە بازرگانانی دۆلار سوودی لێ ببینن.
دووەم/ سیاسەتێكی نەختێنەیی و دارایی تۆكمە و تەواو، توانای بانكی ناوەندی بۆ جێگیركردنی نرخی فەرمیی دۆلار دەوەستێتە سەر كۆنترۆڵكردنی خەرجییە گشتییەكان و قەبارەی كورتهێنان، بۆیە بودجەی زەبەلاح بێ چاكسازی، واتە داواكاریی زیاتر لەسەر هاوردەكردن، بەو شێوەیە گوشاری بەردەوام لەسەر دۆلاری بازاڕ دروست دەبێت.
سێیەم/ شەفافیەت لە زانیارییەكان، ئەوكاتەی بەرپرسەكان ئەوەی روو دەدات بە پشێویی بازاڕ ناو دەبەن، هاووڵاتی و بازرگانان پێویستییان بە بینینی ژمارە هەیە، واتە قەبارەی فرۆشتنی دۆلار لە سەكۆی ئەلیكترۆنی و رێژەی داواكاریی رەتكراوە و كاریگەریی رێوشوێنەكان لەسەر كەمكردنەوەی بۆشایی نرخی بازاڕ و فەرمی، بۆیە نەبوونی شەفافیەت لەو زانیارییانە بۆشایەیكی زۆر بۆ لێكدانەوەی جیاواز و دەنگۆ دەرەخسێنن، كە ئەوانەش سووتەمەنیی بازاڕێكی ناڕێكخراون.