لە دوای ئەو شەڕە گەورەی لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 دروست بوو، وەك ئیسرائیل خۆی ئاماژەی كرد كە لە چەندان بەرە لە شەڕدایە، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی لە ئەمەریكا وەرگرتووە بۆ ئازادبوونی لە كاركردنی لە هەموو گۆڕەپانەكان لە ئێران و لبنان و كەتی غەزە و سووریا و یەمەن و بەری رۆژئاوا.
لەگەڵ هاتنی 2026، ئیسرائیل خۆی بۆ كردنەوەی شەش بەرەی شەڕ لە ناوچەكە ئامادە دەكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت ناوچەكە پشێوی و ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، رۆژنامەی
"ئیدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە دوای گەڕانەوەی نەتنیاهۆ لە ئەمەریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ بەر لە چەند رۆژێك، ئەو كۆبوونەوەیەكی بچووككراوە و هەستیاری لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی تەناهیی ئیسرائیلی ساز كردووە.
روونی كردەوە، نەتنیاهۆ لەو كۆبوونەوە باسی لێكگەیشتن و رێككەوتنەكانی لەگەڵ ترەمپ كردووە، لەوانە بەردەوامبوونی ئازادیی ئیسرائیل لە هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لە هەموو گۆڕەپانەكان، لەوانە لە ئێران و لبنان و سووریا و یەمەن و كەرتی غەزە و بەری رۆژئاوا، بۆیە لە ناوەندە تەناهییەكانی ئەو وڵاتە ئامادەسازی بۆ چەند سیناریۆیەك دەكرێت كە تیایان داوا لە سوپای ئەو وڵاتە بكرێت لە هەموو بەرەكان دەستبەكار بكات، هەندێكیان بە قۆناغ و هەندێكی تریان بەیەك جار.
رۆژنامەكە باسی دۆخی ئێران دەكات و ئاماژە دەكات كە تا ئێستە بەرپرسانی ئیسرائیلی بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكانی ئەو وڵاتە دەكەن و پێشبینییەكانیان دادەنێن، سەرەڕای فرەوانبوونی بازنەی ناڕەزایەتییەكان لە ئێران، خەمڵاندنی ئیسرائیل بۆ دۆخی ئێران و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان بەو شێوەیە كە تا ئێستە بە تەنیا ناتوانن رژێمی ئەو وڵاتە بڕووخێنن و ئەو بابەتە پێویستی بە كۆبوونەوەی چەند هۆكارێك بەیەكەوە هەیە و هێشتا ئەوانە بەردەست نین، بۆیە ئیسرائیل تەنیا چاودێریی هەواڵگریی بۆ ئێران دەكات بۆ خۆسازدان بۆ پەرەسەندنی هاوشێوەی سووریا بە رووخانی بەشار ئەسەد، هاوكات سەرقاڵی دیاریكردنی ئامانجە گرنگەكانە لەو وڵاتە و خۆی بۆ ئەگەری هێرشێكی تر بۆ سەر تاران ئامادە دەكات.
هەرچی حزبوڵا و لبنانە، ئەگەر پەرەسەندنەكانی دۆخی ئێران نەبوایە، رەنگە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینان و حزبوڵا دەستی پێ بكردایە، كە پلانەكەی ئامادەیە، نەتنیاهۆ گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا وەرگرتووە و بابەتەكە تەنیا پێوەست ماوە بە كاتی دەست پێكردنی، سەبارەت بە كەرتی غەزە و بەری رۆژئاوا و سووریا و یەمەن، رۆژنامەكە باسی خەملاندن و پلانەكانی ئیسرائیلی نەكرد، بەڵام دووەم قۆناغی ترەمپ بۆ غەزە و دداننانی ئیسرائیل بە سۆماڵیلاند و نزیكبوونەوەی لە یەمەن و هەوڵەكانی بۆ ناچاركردنی دیمەشق بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی تەناهی، ئەوانە هەموویان ئاماژە و پاساون بۆ دەست پێكردنی شەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی.
لە كۆتایی مانگی رابردوو بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەمەریكای كرد و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە كەوت، راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد كە نەتنیاهۆ هەوڵی داوە ترەمپ بە هێرشێكی تر بۆ سەر ئێران و داماڵینی چەكی حزبوڵا و حەماس بە زەبری هێز رازی بكات، دوای دیدارەكە دەركەوت واشنتن و تەلئەبیب هاوڕان و سوورن لەسەر چەند هەنگاوێك.
نەتنیاهۆ لە لێدەوانەكانی و لە میدیاكان وا پێشان دەدات كە هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدات، بەوەی پلانی نییە هێرش بكاتە سەر تاران، بەتایبەتی ئێستە كە ناڕەزایەتیی جەماوەری لەو وڵاتە هەیە، بۆی ئەوەی پاساو نەداتە تاران بۆ شێواندنی ئامانجی نارشەزاییەكان و تۆمەتباركردنیان بەوەی لایەنگری ئیسرائیلن، ئەوە لەوكاتەی راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن كە سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ گەڕێكی تری كتوپڕ و فرەوانی شەڕ لە ئێران و لبنان و بەری رۆژئاوا ئامادە دەكات.
پێچەوانەی راپۆرتەكان و پێشبینیی شارەزایانی سەربازی، نەتنیاهۆ لە ئەمەریكا بە میدیاكانی راگەیاند كە ئیسرائیل دەستپێشخەری لە هێرشكردنە سەر ئێران ناكات، ئەوەش دوای ئەو هەواڵانەی باسی ئەوەیان كرد كە سەرۆكی ئەمەریكا گڵۆپی سەوزی بۆ نەتنیاهۆ بۆ لێدانی ئێران هەڵكردووە، بەهۆی نوێكردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و بەرهەمەمهێنانی زیاتری مووشەكی بالیستی كە مەوداكەی دەگاتە ئیسرائیل و بنكە سەربازییە ئەمەریكییەكان لە ناوچەكە.
لە لایەكی تر بەپێی راپۆرتەكە، خەمڵاندنی دەزگە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل بەو ئاراستەیە ئەگەری هەیە بەهۆی گوشاری خۆپێشاندانەكانی ئێستەی ئێران رژێمی ئەو وڵاتە پەنا بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل ببات بۆ لابردنی چاوەكان لەسەر دۆخ و تەنگژەی ناوخۆیی.