ئەمڕۆ 47 ساڵ بەسەر هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك بارزانی لە ڤەیەننا تێپەڕ دەبێت كە لەلایەن رژێمی بەعسی لێخراو، هەوڵەكەدا درا و دواتر وردەكارییەكەی ئاشكرابوو.
لە هەشتی كانوونی دووەمی 1979 لە ئەوروپا، هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك بارزانی درا. دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێناو مافە نەتەوەییەكاندا، درێژەی بە خەبات دا، دەستی بە جووڵە كردەوە و جارێكی تر خۆی رێكخستەوە، وێڕای جووڵەی ناوخۆی كوردستان بۆ پێكهێنانی سەركردایەتیی كاتی، پارتی لە دەرەوەی كوردستانیش، بەتایبەتی ئەوروپا دەستی بە چالاكی كرد.
سەرۆك بارزانی لە كتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد"، بەرگی چوارەم، 1975 – 1990، شۆڕشی گوڵان، بەرگی یەكەم، بە درێژەی باس لە رووداوەكە دەكات.
گێڕانەوەكە لە كتێبەكەدا وەرگیراوە:
هەوڵی تیرۆركردنم لە ڤیەننا
مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1978، لە لەندەنەوە سەردانی ڤیەننامان كرد و لە بارەگای لق شوێنی مانەوەمان بۆ دەستەبەر كرا. لە ڤیەننا ڕۆژانە چاومان بە خەڵك دەكەوت لەبارەی ڕێكخستن و شۆڕش و ڕێكخستنەوەی ڕیزەكانی پارتی لە ئەوروپا.
دواتر بڕیارم دا، ڕۆژی نۆی كانوونی دووەمی 1979 سەردانی پاریس بكەم بە مەبەستی بینینی ئیمام خومەینی. من دەمویست چاوم بە فارس باوە بكەوێ، كەسیش ئاگەدار نەبوو كە ئێوارەی ڕۆژی هەشتی كانوونی دووەمی 1979 چاوم بە فارس باوە دەكەوێت، چونكە پێشتر چەند جارێك داوای كردبوو بیبینم، بەڵام هەڤاڵان پێیان باش نەبوو بیبینم. مەبەست لە دیدار لەگەڵ فارس باوە ئەوەبوو كە زانیاریم بۆ هاتبوو گوایە ئەو زانیاریی لەسەر ئەو كەسانە هەیە كە ساڵی 1975 لە نەغەدە تەقەیان لە مام (بابۆ) كردبوو و هەوڵی تیرۆركردنیان دابوو، بۆیە هەوڵم دا فارس ببینم بۆ ئەوەی زانیاریی تەواو لەسەر ئەو كەس و بابەتەم بۆ باس بكات.
ئێوارەی ڕۆژی هەشتی كانوونی دووەمی 1979 حەمە ڕەزا و ئازاد بەرواریم ئاگەدار كردەوە كە پێكەوە سەردانی ماڵی پیرۆت ئەحمەد بكەین، لە ڕێگەدا پێم گوتن كە بەنیازم فارس ببینم. زۆر پێداگرییان كرد بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، بەڵام بە قسەم نەكردن. كاك پیرۆت لە شوقەیەكدا ژوورێكی هەبوو تا نەگەیشتینە بەر دەرگای ئاگاداری چوونەكەمان نەبوو، لە ژوورەكەی بە كاك پیرۆتم گوت بە تەلەفۆن فارس ئاگەدار بكەوە بۆ ئەوەی یەكتر ببینین. لەسەر داوای ئێمە تەلەفۆنی كرد و پێی گوت: "فارس تا ئێرە وەرە، چونكە پەیامی برادەرەكەم پێیە، بەڵام باسی نەكرد كە من لەو شوێنەم". دوای 30 خولەك فارس و عەبدولخالقی برای خێزانی هاتنە لامان. لە دیدارەكەدا بەتەنیا لە فارسم پرسی، ئایا دەزانیت كێ ئەنجامدەری ڕووداوەكەی نەغەدەیە. ئەو سوێندی خوارد كە زانیاریی لەسەر نییە و منیش بڕوام كرد كە زانیاریی لەمبارەیەوە نییە.
دوای تەواوبوونی دیدارەكە خۆم ئامادە كرد بۆ ڕۆیشتن و پێم گوت، فارس با بڕوین، بەڵام ئەو سوێندی دام كە جارێ خۆمان بگرین، با برادەران سەیرێكی دەرەوە بكەن، دواتر بڕوین، هەریەكە لە حەمەڕەزا و ئازاد بەرواری و پیرۆت و عەبدولخالق چوونە دەرەوە و من و فارس باوە بەتەنیا ماینەوە، چەند خولەكێك دوای ڕۆیشتنی برادەران تەقە دەستی پێ كرد. لە كاتی چوونی هەڤاڵان بۆ خوارەوە ئۆتۆمبێلێكی باڵوێزخانەی عێراق لە دەرەوە چاوەڕێی دەكردن. دوو كەس لێیان هاتنە پێشەوە و وایان زانیبوو كە كاك ئازاد منم و دەمانچەكەیان خستە سەر سەری، بەڵام خۆشبەختانە فیشەكەكە نەتەقی و چرووكی كرد. هەتا كەسەكە دەمانچەی سوار كردبووەوە هەڤاڵان چەند مەترێك لێ دوور كەوتبوونەوە، بەڵام تەقەكە بەردەوام بوو. دوای ئەم ڕووداوە هەڤاڵان گەڕانەوە ژوورەوە و كاك پیرۆت و كاك ئازاد بریندار بوون. حەمە ڕەزا دەمانچەیەكی دەنگیی پێ بوو، تەقەی كرد. هێرشبەرەكان وایان زانیبوو دەمانچەكەی ڕاستییە، بۆیە ڕایان كرد و هەوڵیان دا خۆیان ڕزگار بكەن. پیاوكوژەكان نەیانزانیبوو كە من هەر لە سەرەوەم، ئەگەرنا دەهاتنە سەرەوە و هەموومان دەكوژراین، چونكە هیچمان پێ نەبوو، تەنانەت چەقۆیەكیشمان لا نەبوو بتوانین بەرگریی لە خۆمان بكەین. دوای چەند خولەكێك پۆلیس هات و دەستیان بە لیكۆڵینەوە كرد و خۆم پێ ناساندن و دوای ناسین، ڕێزێكی زۆریان گرتین و پاسەوانیان بۆ دابین كردین.
لە لێكۆڵینەوەكەدا لێیان پرسیم ئایا سكاڵا لەسەر فارس تۆمار دەكەیت، گوتم، نەخێر سكاڵا لەسەر ڕژێمی بەعس تۆمار دەكەم. دوای ئەم ڕووداوە، بەرنامەی سەردانەكەم بۆ پاریس گۆڕانی بەسەردا هات و نەكرا.
برای سەدام، خۆی هاتبووە ڤیەننا بۆ جێبەجێكردن و سەرپەرشتیی پیلان و هەوڵی تیرۆركردنەكەم، من دەمزانی كە ماوەیەكی زۆرە بوومەتە ئامانج و لێدان، یان تیرۆركردنم لە بەرنامەی ڕژێمدایە و بۆیان بكرێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت لە تیرۆكردنم دەست ناپارێزن. بۆیە منیش بەوریایی و لەسەرخۆ دەجووڵامەوە و لە هاموشۆ و بینینی خەڵكدا وردتر بووم و ئاگاداری خۆم بووم.
دوای ئەم ڕووداوە دەستبەجێ (هانی حەسەنی) كەسایەتیی نزیكی یاسر عەرەفات، پاسپۆرتێكی نوێی بۆ ناردم و ڕێوشوێن و ئاسانكاریی پێویستی بۆ كردم. پێویست بوو پاسپۆرتەكە لە پاریس وەربگرم، بەڵام دڵشاد میران بۆی هێنامەوە نەمسا. دوای پرس و ڕاوێژ لەگەڵ باوكم، دەركەوت وا باشترە ئەوروپا بەجێ بهێڵم و بچمە بەیرووت و قوبرس، تا لەوێ هەندی دۆست و برادەر پارێزگاریم لێ بكەن.
ڕۆژی 12ی كانوونی دووەمی 1979 لەگەڵ عارف تەیفوور و دڵشاد میران لە ڤیەنناوە بەرەو ئەسینا بەڕێ كەوتین. لە قوبرس لەگەڵ كەریم شنگالی و كەسێك بە ناوی وەلید لە نووسینگەی عەرەفات یەكمان گرتەوە. هەموو ڕێكار و كارە پێویستەكان ڕەچاو كران و لە هۆڵی ترانزێتی ئەسینا دانیشتبووین، چاوەڕێی كاتی فڕینمان دەكرد كە لەناكاو بارزان تكریتی لەگەڵ 10 بۆ 12 كەس هاتنە هەمان هۆڵ و جانتایەكیشیان پێ بوو كە وێ دەچوو چەكی تێدا بێت.
كاتی دانوستاندنەكانی ساڵی 1991 لە بەغدا، شەوێكیان بۆ ئێوارەخوانێك چووینە ماڵی تاریق عەزیز، بارزان تكریتیش هاتبوو، كە لێم پرسی لە ئەسینا منت ناسییەوە، گوتی بەڵێ، بەڵام تۆ حەزت نەكرد قسەمان لەگەڵدا بكەیت. پێم گوت لە كاتێكدا تۆ بۆ تیرۆركردنی من هاتبووی، چۆن دەبێ قسەت لەگەڵ بكەم؟ گوتی ئەوكات وابوو، تەواو تەواو، ئەو سەردەمە بەسەر چوو.