سەرەتای ئەم هەفتەیە هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا لە ئۆپراسیۆنێكی كتوپڕی ئاسمانی توانیان نیكۆڵاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی لە كاراكاسی پایەتەختی ئەو وڵاتە بگرێت و بۆ ئەمەریكای بگوازێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر چەند تۆمەتێك دادگایی بكرێت، ئەو رووداوە دنیای هەژاند، وای كرد تەواوی رژێم و سەركردە نەیارەكان بۆ ئەمەریكا و ترەمپ بەخۆیاندا بچنەوە لە ئەگەری چارەنووسێكی هاوشێوە، بەتایبەتی ئێران، كە بەپێی شارەزایان ئەوەی لە ڤەنزوێلا رووی دا تەواوی حیساباتی سەركردەكانی ئێرانی شێواند.
شارەزایان پێیان وایە دیدی نوێی ئەمەریكا ئەوەیە كە هەر شتێك ببێتە مایەی نیگەرانیی ئەو وڵاتە لەناوی ببات، شێوازی جیا بەكار دێنێت، بەڵام ئەنجامەكە یەك شتە، سەربازییانە دەستی خستە ناو ڤەنزوێلا، لە ئێرانیش شەقام دەجووڵێنێت، ئەگەری هەیە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە رێگەی هاوپەیمانەكانی وەك ئیسرائیل دەست لە كاروباری ئێران وەربدات و لە عێراقیش پەیامی بەرپرسانی ئەمەریكا باسی داماڵینی چەك و نەهێشتنی گەندەڵی و رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری عێراق دەكەن، ئەو پەیامانە هاوشێوەن لەگەڵ دۆخی پێش هێرشەكەی سەر ڤەنزوێلا، بۆیە هیچ ناوچەیەك دوور نییە لە كردنەئامانجی لە لایەن ئەمەریكاوە، گرتنی مادۆرۆ پەیامێكە بۆ هەموو سەركردە و وڵاتانی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا نین، بەوەی هەر دەنگێك دژی ئەو ئاراستەیە بێت رەنگە هەمان چارەنووسی هەبێت.
ئۆپراسیۆنەكەی ڤەنزوێلا و گرتنی مادۆرۆ بەو شێوەیە ئێرانی هەژاند، ئاماژەیەكی وریاكردنەوەی روونی بە سەركردەكانی ئێران دا، ئێستە لە دەستوەردانێكی سەربازیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەترسن، بەتایبەتی هاوكات و بە پاساوی ناڕەزایەتییەكانی ئەو وڵاتە كە بەردەوامن و لە فرەوانبووندان، گرتنی مادۆرۆ وەك زەنگی ئاگەداركرنەوە بوو بۆ سەركردەكانی ئێران، چونكە جیا لە نەیاریی ئێران بۆ واشنتن و دوژمنداریكردنی و جیاوازی و دژبەیەكیی ئەجینداكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا، تاران هاوپەیمانێكی نزیك و بەهێزی مادۆرۆ بوو، كە لە دوای 2024 بەهۆی دەستوەردان لە هەڵبژاردن لە دەسەڵات مایەوە و یەكێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا و ئەمەریكا ددانیان بە دەسەڵاتی مادۆرۆ نەنا، كە ئێستە لەبەردەم دادگای نیویۆرك بە تۆمەتی بازرگانیی مادەی هۆشبەر ئامادە بووە.
شارەزایان دەڵێن كە لە رێگەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی ڤەنزوێلا، ترەمپ و ئیدارەكەی دەریان خست كە دەتوانن بەڵێننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسای نێودەوڵەتی پشتگوێ بخەن و رژێمێكی نەیار بۆ ئەوان بە رێگەی سەربازی برووخێنن، بەوەش وریاییەكی روونیان بە وڵاتانی تر دا لەوانەی لە لایەن رژێمی داپڵۆسێنەرەكانەوە فەرمانڕەوایەتی دەكرێن، ئێران تەنیا ئەوەندەی پێ كرا كە داوای ئازادكردنی مادۆرۆ بكات، كاتێك ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەركۆنەی گرتنی مادۆرۆی كرد و بە نایاسایی لە قەڵەمی دا.
پەرەسەندنەكانی دۆخی ڤەنزوێلا لە كاتێكی زۆر هەستیار بۆ ئێران هات، كاتێك دوو هەفتەیە ئەو وڵاتە ناڕەزاییەكی فرەوان بەهۆی بەرزبوونەوەیەكی پێوانەیی نرخ بەخۆیەوە دەبینێت، خۆپێشاندەران داوای گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەكەن و بەو خۆیەوە دەسەڵاتدارانی تاران دووچاری گوشارێكی گەورە بوونەتەوە، لەولاشەوە ترەمپ سەركردەكانی ئێرانی لە ئەگەری سەركوتكردنی خۆپێشاندەران وریا كردەوە و هەڕەشەی هێرشی بەو هۆیەوە لێ كردن.
ترەمپ لەكاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن لەناو فڕۆكە تایبەتەكەی گوتی، ئەمەریكا لە نزیكەوە چاودێریی ناڕەزایەتییەكانی ئێران دەكات و ئەگەر حكوومەتی ئێران خۆپێشاندەران بكوژێت، وەك لە پێشوو ئەنجامی داوە، پێی وایە وەڵامێكی زۆر توندی لە لایەن ئەمەریكا دەبێت، بۆیە بەوردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین، دامون گۆلریز شرۆڤەكاری نێودەوڵەتی و توێژەر دەڵێت، پەیامەكە بۆ ئێران روونە، ئێستە سەركردایەتیی سیاسیی ئێران دەزانن كە رەنگە ئەوانیش ببنە ئامانجێكی سەربازییانەی ئەمەریكا، ئۆپراسیۆنەكەی كاراكاس گۆڕانە لە رەوتی كاری ترەمپ، كە لە هاوینی 2025 خۆی لە پلانەكانی ئیسرائیل بۆ كردنەئامانجی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران و ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئێران بەدوور گرت.
دووپاتی كردەوە، لێخستنی مادۆرۆ كاریگەری لەسەر هەردوو دامەزراوەی سەربازی و تەناهیی ئێران دەبێت، كە لەوێ باسی گەڕان بە دوای شوێنگرەوەیەك بۆ خامنەیی دەكرێت، چونكە بەپێچەوانەی ڤەنزوێلا، لە ئێران ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و كاریگەر لە سایەی دەسەڵاتێكی توند و ناوەندی نییە.