لە بەسرە هەوڵی رێگریكردن لە ئاهەنگگێڕان كردنەوەی فێستڤاڵێك دەدرێت

:: PM:05:57:08/01/2026 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی دوایی و لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵ دیمەنێكی زۆر ناشرین لە بەسرە رووی دا و دەستدرێژییەكی بە كۆمەڵ كرایە سەر كچێك لە لایەن كۆمەڵە گەنجێكەوە و سۆشیال میدیا هەژاند، خەریكە گرووپێك بە ناوی ئاینەوە دەست دەخەنە ناو فێستڤاڵێك كە لە یارگەی بەسرە ساز دەكرێت و داوای قەدەغەی ئاهەنگگێڕان و گۆرانیگوتن دەكەن، كە ئەوەش كۆمەڵگە دەخنكێنێت و دوای دەخات و بەرەو كەبت و قەتیسبوونی دەبات.

بڕیارە شەمووی داهاتوو پارێزگای بەسرە لە یاریگەی نێودەوڵەتیی "چڵە خورما"، مێوانداریی فێستیڤاڵێكی فێركاری بە ئامادەبوونی هەزار قوتابی لە تەواوی پارێزگاكان و بە ئامادەبوونی هەزاران خەڵك بكات، كە رەنگە بگاتە 30 هەزار كەس، چاوەڕوان دەكرێت لە كردنەوەی فێستڤاڵەكە ئاهەنگێكی گۆرانیگوتن لە لایەن ژمارەیەك هونەرمەندان بێتە سازكردن و داهاتی چالاكییەكەش بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە تەرخان بكرێت.  

سازكردنی فێستیڤاڵەكە بەو شێوەیە مشتومڕێكی زۆری دروست كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێك لایەنی ئاینی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ساز كرد و سازكردنی چالاكییەكانیان رەت كردەوە، بەو هۆیەی كە گۆڕانیگوتن و سەماكردن لەگەڵ بەها و نەریتەكانی كۆمەڵگەی بەسرە و ئەخلاقی گشتی ناگونجێت، لەوكاتەی ئەكایمی و هونەرمەندانی بەسرە پێیان وایە ئەو داوایانە بە نەرێنی كار لە ئازادیی دەربڕین دەكات. 

شێخ رەعد بەهادلی رێكخەری ناڕەزایەتییەكان دەڵێت، وەستاندنی ئەو چالاكییە بۆ پاراستنی ئادابی گشتی و رێزگرتن لە بەها و نەریتەكانی كۆمەڵگەی بەسرە پێویستە، چونكە ئاهەنگەكانی سەما و گۆڕانی لە شارەكە قەدەغەیە و ئیسلام دووپات لە بەرگریكردن لە بەها و ئەخلاق و رووبەڕووبوونەوەی خراپە بە هەموو توانایەك دەكاتەوە، ئەو ناڕەزایەتییانەش لە چوارچێوەی بەرپرسیارەتیی ئاینی و ئەخلاقی بەرانبەر بە پارێزگاكە هاتووە بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە ناسنامەی بەسرە و رێگرتن لەو پێشێلكارییانەی لەگەڵ نەریتەكانی كۆمەڵگەی ناوخۆیی ناگونجێن.  

لای خۆیەوە فەتحی شەداد نەقیبی هونەرمەندانی بەسرە ئاماژە دەكات كە ئەوان بەتوندی لێدوانەكانی ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینی رەت دەكەنەوە كە داوای قەدەغەكردنی ئاهەنگی گۆڕانیگوتن دەكەن و ئەو بابەتە دوورخستنەوە و دابڕینی هزری و دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادییە گشتییەكان و پێشێلكردنی سروشتی بەسرە و مێژوو و ناسنامەكەیەتی.

دووپاتی كردەوە كە هونەر تاوان نییە و گۆڕانیگوتن عەیب و نەنگی نییە و رۆشنبیریش هەڕەشە نییە، بۆیە قەدەغەكردنی چالاكییە هونەرییەكان دەستدریچژییەكی زەقە بۆ سەر ناسنامەی بەسرە، ئێمە وەك رۆشنبیر و هونەرمەندان پارێزگاری لە ئازادی رادەربڕین و كەرامەتی هەنەرمەندان و مافی هاوولاتییان لە خۆشحاڵبوون دەكەین، هەرچەند دەنگێك یان چەند دەنگێك هەوڵی كۆتكردنی بكەن، بەسرە وەك شارێكی كراوە دەمێنێتەوە. 

هەر لەوبارەوە سادق عللی نەقیبی رۆژنامەوانانی بەسرە دەڵیچت، هەڕەشەكردن بە وەستانی ئاهەنگەكەی بەسرە، دەستدریچژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر ناسنامەی راستەقینەی بەسرە، چونكە شارەكە لە مێژووی خۆیدا حەرامكردنی خۆشی و رووبەڕووبوونەوەی هونەری نەبینیوە، بگرە بەبەردەوام گۆڕەپانێك بووە بۆ جۆراوجۆریی كولتووری و هونەری، كێ دەڵێت گۆڕانیگوتن فاحیشەیە؟، ئەی كێ رێگەی بە ژمارەیەك پیاوی ئاینی داوە بیرتەسكی خۆیان بەسەر تەواوی شارەكە بسەپێنن؟، بۆیە ئەو بەیاننامە هەڕەشەئامێزانە لە ئاهەنگەكە مەترسیدارترن، چونكە شەرعیەت بە تۆقاندن دەدەن دەرگەی پشێوی دەكەنەوە و كۆمەڵگە بۆ بوارێكی كۆتكراو بە دار و بەرد و هێز دەگۆڕن نەك بە یاسا.   

روونی كردەوە، بەسرە لەو هەوڵانە گەورەترە و لەهەر گوتارێك كە هەوڵی بچووككردنەوەی بۆ یەك بۆچوون بدات قووڵترە، بەهاكان بە زەبری دار ناسەپێندرێن و ناچەسپێن، ئازادی خەڵكیش لە ژیانی گشتیان ناچێتە ژێر باری لێكدانەوەی تەسكی ئاین و ئەخلاقەوە، ئێمە وەك رۆژنامەوان و كۆمەڵی مەدەنی لە دژی هەر هەولچێك بۆ سنوورداركردنی ئازادی رادەربڕین و هونەر دەوەستینەوە و گوشارەكان هەرچەندێك بن بەسرە وەك بوارێك بۆ خۆشی و رۆشنبیری دەمیچنێتەوە. 

ئەو مشتومڕ و نارەزایەتییە دژبەیەكەی بەسرە لە دوای زیاتر لە مانگێك دێت لە هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگێكی گۆڕانیگوتنی محەمەد عەبدولجەبار هونەرمەندی عیچراقی لە بەسرە، كاتێك كۆمپانیای "ویستریا میوزیك"، كە كارەكانی ئەو هونەرمەندە بەرشێوە دەبات، رای گەیاند كە لە دوای ناڕەزایەتیی ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینی لە بەسرە سازكردنی ئاهەنگەكە هەڵوەشاتەوە، ئەوكاتیش بەر لە ئاهەنگەكە ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینی لە بەسرە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان ساز كرد دوای راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل