هەفتەی رابردوو جارێكی تر بەرپرسانی ئەمەریكا و ئێران راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە رێگەی لێدوان و نامەی بەرپرسانیان قسەی خۆیان بە گوێی بەرپرسانی عێراق گەیاند، ئێران نوێترین رێنوێنییەكانی گەیاندە سەركردە شیعە و میلیشیاكانی لە عێراق، ئەمەریكاش راستەوخۆ و ناراستەوخۆ عێراقییەكانی لە نێوان جێبەجێكردنی داواكارییەكانی و چوونە ناو بازنەی ئێران و مامەڵەی هاوشێوە و ساڵێكی سەختی دارایی سەرپشك كرد.
عێراق بە قۆناغێكی گرنگ و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، سەرقاڵە بە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتەكەی، هاوكات ئەمەریكا مەرجی سەختی بۆ پێكهێنانی ئەو حكوومەتە دیاری كردووە، ئێرانیش هاوشێوە گوشار لە عێراق دەكات، هەفتەی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس كتوپڕ سەردانی بەغدای كرد، باڵوێزی ئێرانیش پەیامێكی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی گەیاندە حكوومەتی عێراق، هەر هەفتەی رابردوو جوشوا هاریس كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق داوای لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكانی لە عێراق نوێ كردەوە.
هەفتەی رابردوو قائانی بە نهێنی گەیشتە بەغدا و چاوی بە فەرماندە مەیدانیی میلیشیاكان كەوت، سەردانەكە زیاتر تەناهی بووە، بەپێی سەرچاوەكان ئێران نایەوێ ئێستە بەرەیەكی رووبەڕووبوونەوە لە عێراق بكاتەوە و میلیشیاكان وەك كارتێكی هەڵگیراو بمێنن، هاوكات دەبێت ئەوان پارێزگاریی لە یەكهەڵوێستیی خۆیان لە بابەتی داماڵینی چەك بكەن و خۆیان لە هێرشكردنە سەر ئەمەریكا و ئیسرائیل بەدوور بگرن، باڵوێزی ئێرانیش پەیامێكی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی گەیاندووە و باسی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و دۆخی ئێران و ناوچەكەی كردوو، هەرچی كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا دووپاتی لە لێكهەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان كردەوە.
لە ماوەی دوایی ئەمەریكا سەبارەت بە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق دووپاتی كردەوە كە بەشداریكردنی ئەوان لە حكوومەتی نوێ رەت دەكەنەوە، د. غازی فەیسەڵ توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە ناكرێ ئەو لێدوانانی دوایی ئەمەریكا لە پێوەندییەكانی واشنتن و بەغدا جیا بكرێنەوە، لێرە مەبەستی ئەمەریكا دەستوەردانی راستەوخۆی سەربازی نییە بەقەد ئەوەی پێوەرە سیاسی و تەناهییە روونەكان دیاری دەكات و بەرپرسیارەتییەكە دەخاتە ئەستۆی هێزە عێراقییەكان، بەتایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەك لایەنی بەرپرس لە پێشكەشكردنی كانیدی سەرۆك وەزیران و راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
ئەو توێژەرە پێی وایە پەیامی سەرەكیی ئەمەریكا بۆ عێراق ئەوەیە كە ناكرێ دەسەڵاتی سیاسی و چەكی نایاسایی و بەرەڵا كۆ ببنەوە، بەتایبەتی كە میلیشیاكان نەیاریی ئاشكرایان بۆ ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، ئەمەریكا تۆمارێكی دوورودرێژی كارەكانی ئەو میلیشیایانەی لایە، ئەوان لە رێگەی بەیاننامە و میدیاكانیان پاڵپشتیكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ویلایەتی فەقێكانیان راگەیاندووە، بۆیە رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا بەشێكە لە بیروباوەڕی سیاسی و ئاینیی ئەوان.
"جیا لەوە ئەوان وابەستەیەكی ئۆرگانیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەیە، نەك تەنیا لە رووی ئایدۆلۆجیاوە، بەڵكو لە بواری سەربازی و ئۆپراسیۆنەكانەوە، ئەوان لەسەر داوای ئێران بەشدارییان لە شەڕ و ململانێی ناوچەكە كردووە لە لبنان و سووریا و یەمەن و باڵوێزخانەی ئەمەریكایان لە عێراق كردووەتە ئامانج و هێرشیان كردووەتە سەر هێزی هاوپەیمانان، كە بە داوایەكی فەرمیی حكوومەتی عێراق و بە رێپێدانی ئەنجوومەنی ئاسایش لێرەن، بۆیە واشنتن پێی وایە ناكرێت باسی دەوڵەتێكی سەقامگیر بكەیت، كاتێك گرووپی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبن و كاری هەراسانكردن ئەنجام بدەن و بۆردمانی بەرژەوەندیی بیانییەكان بكەن و ببنە هەڕەشە بۆ وەبەرهێنەران"، فەیسەڵ وای گوت.
فەیسەڵ پێی وایە كە لێكهەڵوەشاندنەوەی خێرای میلیشیاكان كارێكی زەحمەت و ئاڵۆزە، بەڵام ئەو لە رێگەی چەند ئامرازێكی گوشار جموجۆڵ دەكات، سزا ئابوورییەكان و گوشاری دیپلۆماسی و و بەستنەوەی پاڵپشتی و یارمەتییەكان و وەبەرهێنان بە بوونی ژینگەیەكی سەقامگیر دوور لەو گرووپانە و پاڵپشتیكردنی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەكان، پەیامەكە روونە، وەبەرهێنان و هاوبەشیی ستراتیجی و پاڵپشتیی راستەقینەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق بە بوونی چەكی بەرەڵا و باڵادەستیی میلیشیاكان نابێت.
دووپاتی كردەوە، ئێستە عێراق لەبەردەم دووڕیاندایە، بنیاتنانی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و ئابوورییەكی كراوە و خاوەن پێوەندیی هاوسەنگ، واتە دوور لە بازنەی ئێران بە تەنیا، یان بوون بە گۆڕەپانێكی ململانێی ئەجیندای دەرەكی، لە كۆتاییش بڕیارەكە بۆ عێراقییەكانە، بەڵام دنیا زۆر لەسەریان ناوەستێت تا بڕیار بدەن، واتە بە كورتی دوارۆژی عێراق پێوەستە بە داماڵینی چەكی میلیشیاكان و هێشتنەوەی تەنیا بە دەستی دەوڵەت و رێزگرتن لە دەستوور و دروستكردنی پێوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بێ ئەوانە لەناو بازنەیەك لە تەنگژە و ململانێكاندا دەخولێینەوە.