بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، ئەمەریكا لە رێگەی لێدوانی بەرپرسانییەوە داوای لە عێراق كرد چەكی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران داماڵێت و ئەوان لێك هەڵوەشێنێتەوە یان لەگەڵ هێزە تەناهییە فەرمییەكان یەكیان بخات، لە دوای هەڵبژاردن تا هەفتەی رابردوو ئەو داوایەی ئەمەریكا نوێ بووەتەوە، ئەوەش وای كردووە كە هێزە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی شیعەكان، بكەونە هەڵوێستێكی رارا و شلۆقەوە لە نێوان ئەو داوایەی ئەمەریكا و ئێران، كە رێگری لەو هەنگاوە دەكات.
لە بەرانبەر ئەو داوایەی ئەمەریكا، بەر لە چەند هەفتەیەك كتوپڕ ژمارەیەك گرووپی چەكدار پاڵپشتیی خۆیان بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت راگەیاند، هاوكات چەند میلیشیایەكی تریان رەتیان كردەوە و بەوەش جۆرە ناكۆكییەك لە نێوانیان دروست بوو، بەتایبەتی ئەو میلیشیایانەی توانیان لە كورسیی پەرلەمان بەدەست بێنن و چاویان بڕیوەتە پۆست لە حكوومەتی نوێ، ئەو پەرەسەندنانە لە دوای ئەو راپۆرتانە هات كە دەوڵەتێكی عەرەبی و دەزگایەكی هەواڵگریی رۆژئاوایی زانیارییان بە عێراق داوە و لە ئەگەری زۆری هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر چەندان ئامانجی میلیشیاكان و حكوومەتی عێراق وریایان كردەوە.
رۆژنامەی
"مەدا"، باسی پەیامی دوو گرووپی میلیشیایایی عێراقی دەكات كە بەمدواییە لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكا و بۆ رێخۆشكردن بۆ چوونە ناو هێزە چەكدارەكانی عێراق و خۆپاراستن لە سزای ئەمەریكا ئاراستەی واشنتنیان كردووە، بەپێی پەیامە دزەپێكراوەكە، ئەوان لایەنگرییان بۆ ئێران رەت كردووەتەوە، دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە ئەمەریكا دوژمنی ئەوان نییە و خۆیان لە حاڵەتی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل حسێب ناكەن.
ئەو پەرەسەندنە لە دۆخێك دێت كە ریزی میلیشیاكان ترازانی تێ كەوتووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەیەك لەو گرووپانە بەیاننامەی هاوئاهەنگیی بەرگریكارییان رەت كردەوە كە داوای دەستگرتنی بە چەك كرد، لەبەرانبەر دروستبوونی كۆدەنگی ژمارەیەك میلیشیا و لایەنە سیاسییەكانی ناو چوارچێوە بۆ هێشتنەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت.
لە بەشێكی پەیامەكەی ئەو دوو میلیشیایە بە زمانی ئینگلیزی بۆ واشنتن، كە ناسنامەیان دیاری نەكراوە، ئەو دوو گرووپە لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتوون، دیارترینیان دووپاتكردنەوە لەسەر ئەوەی ئەوان وەك عێراقی پێوەندییان بە ئێرانەوە نییە و پێوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكاش بابەتێكە پێوەستە بەو دوو دەوڵەتەوە، هاوكات ئەمەریكا بۆ ئەوان دەوڵەتێكی دوژمن نییە پێویستە لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاریكاریی هاوبەش پێوەندی باشی لەگەڵ دروست بكرێت، دووپاتیان لەوەش كردەوە كە عێراق لە دۆخی شەڕدا نییە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەوەی لای ئەوان گرنگە بەرژەوەندیی عێراقییەكان و تەناهیی وڵاتە.
لە ماوەی دوایی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای كرد كە ژمارەیەك گرووپی چەكدار هەوڵیان داوە بۆ پێوەندیكردن لەگەڵ ئەمەریكا لە رێگەی رەوانەكردنی پەیامی دڵنیاكردنەوە، ئەوان ئامادەیی خۆیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ واشنتن دووپات كردووەتەوە تا گەیشتن بە رادەستكردنی چەكەكانیان، بەڵام واشنتن ئەو ئاماژانەی پشتگوێ خستووە، ئەوەش وای كرد كە چاودێران پێیان وابێت بەهۆی ئەو هەڵوێستەی واشنتن هەندێك لەو میلیشیایانە هەڵوێستیان لە داماڵینی چەك بگۆڕن.
مانگی رابردوو نزار حەیدەر توێژەر و شرۆڤەكاری سیاسی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیبوی، لە دوایین پەیامی میلیشاكان و هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ واشنتن، دووپاتیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەمەریكا بە داماڵینی چەكی تەواوی میلیشیاكان و هێشتنەوەی لای دەوڵەت كردووەتەوە، جیا لە بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و پێدانی زۆرینەی پڕۆژە و وەبەرهێنانەكان بەو كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە.
روونی كردەوە، وەڵامی واشنتن ئەوە بووە كە میلیشیاكان، تەنانەت باڵە سیاسییەكانی ئێران لە عێراق، نابێت هیچ دواڕۆژەكیان لە عێراق هەبێت، لەوانە لە رووی سیاسی و لەناو حكوومەت و پێویستە لە ماوەیەكی كورت و دیاریكراو و بەپێی چەند رێوشوێنێكی كردەنی و متمانەپێكراو چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێت، جیا لەوە دەبێت دەسەڵاتی ئێران بەتەواوەتی لە ناو دەزگە تەناهییەكانی عێراق نەمێنێت.
حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە دەبێت لە عێراق حكوومەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی تەواو دوور لەهەر دەسەڵاتێكی ئێرانی هەبێت، هاوكات ڤیتۆی ئەمەریكا بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێی عێراق تەواوی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگرێتەوە، چونكە واشنتن ئەوانە بە باڵی سیاسیی ئێران و سەرچاوەیەك بۆ پاڵپشتیكردنی دارایی تاران دادەنێت.
ئەو هەوڵانەی میلیشیاكان بۆ نزیكبوونەوە لە ئەمەریكا، هاوكاتن لەگەڵ خواستی ئەوان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی داهاتوو، لەوكاتەی واشنتن مەرجی ئەوەی داناوە دەبێت میلیشیاكان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوور بخرێنەوە، بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە ئەو گۆڕانكارییە لە هەڵوێستی بەشێك لە میلیشیاكان، لە چوارچێوەی رێنوێنییەكانی ئێرانە بۆ چوونە ناو حكوومەتی داهاتووی عێراق، واتە دابەشكردنی رۆڵە لە نێوان نەیار و دۆست بۆ ئەمەریكا.