دوای شەڕی حەلەب چارەنووسی رێككەوتنی ئادار چی دەبێت؟

:: PM:06:54:11/01/2026 ‌

لە چەند رۆژی دوایی شەڕێكی سەخت لە نێوان هێزەكانی سووریا و هەسەدە لە هەردوو گەڕەكی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب رووی دا، بەهۆی نابەرانبەریی هاوسەنگیی هێزی هەردوولان هێزەكانی سووریا پێشڕەویان كرد، ئێستە شەڕ وەستاوە، بەڵام ئەو شەڕۆ چۆن كار لە چارەنووسی رێككەوتنی دیمەشقی 10ی ئاداری نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا دەكات.   

سەرەڕای شەڕێكی سەختی نێوان هێزەكانی ئاسایش و سوپا و هێزە تەناهییەكانی سووریا و گرووپە توندڕۆكانی سەر بە توركیا، كە بە چەكی قورس هێرشیان كردە سەر دوو گەڕەكە كوردییەكە و پێش ئەوەش گەمارۆیان خستە سەری و بە تۆپاخانەكان بۆردمانی سەختیان كرد، شەوی رابردوو تۆماس باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا پابەندی دیمەشقی بە رێككەوتنی ئاداری رابردوو دووپات كردەوە.

كارۆلین رووز توێژەر دەڵێت، دوای شەڕە سەختەكەی حەلەب، پێویستە ئەمەریكا كار بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بكات و هەوڵی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشق بدات، روونی كردەوە، ئەركی ئێستەی باراك گوشاركردنە لە هەردوولا، نەك تەنیا بۆ پارێزگاریكردن لە ئاگربەست، بەڵكو بۆ شكاندنی بەستەڵەكی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و یەكخستنەوە و دروستكردنی رێككەوتنێكی درێژخایەن بۆ یەكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان، واتە یەكخستنەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا.

لای خۆیەوە ئاروون ستاین توێژەرێكی تر پێی وایە كە سووریا رووبەڕووی ئاڵنگارییەكی گەورە دەبێتەوە، چونكە كورد گومانی زۆریان بەرانبەر بە دەسەڵاتی سووریا هەیە و لە تێكەڵبوونەوە لەگەڵ حكوومەتی سووریا خاوەخاو دەكەن، هاوكات چاوەڕوان دەكرێت، ئەو بابەتە، واتە یەكخستنەوەی هێزەكان، بەربەستی زیاتری بكەوێتە پێش، دووپاتی كردەوە كە پێم وایە بەر لە یەكلابوونەوەی كۆتایی بابەتەكە كێشەی زیاتر ببینین، لەوكاتەی ئەمەریكا بۆ هەردووی روون دەكاتەوە بە پێویستیی بوونی بەڵگەی بەرجەستەكراو لەسەر یەكخستنەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا بەپێی رێككەوتنەكەی كە لە دیمەشق كراوە. 

لەو ناوەدا نیكۆڵاس هیراس توێژەری ئەمەریكی پێی وایە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاداری رابردووی هەسەدە و حكوومەتی سووریا، سەرەتا پێویستی بە بنیاتنانی متمانە هەیە، چونكە ئەو پرۆسە بە خێرایی جێبەجێ ناكرێت، بۆیەش ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش قبووڵی جێبەجێكردنێكی هێواش و جێگیر و بەردەوامی دەكات، لەگەڵ وەرگرتنی رێوشوێنەكانی بنیاتنانی متمانە لە نێوان هەردوو لا.

لە 4ی ئەم مانگە شاندێكی باڵای هەسەدە سەردانی دیمەشقی كرد و گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئادار كرا، بەپێی سەرچاوەیەكی كوردی، هەردوولا بە ناوەندگیریی ئەمەریكا لە گفتوگۆكانیان بەردەوام دەبن تا بە ئەنجامێكی دیار دەگەن، ناكۆكییەكان بریتین لە قەبارەی ئەو هێزەی حكوومەتی سووریا رەوانەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی دەكات، جیا لە ناكۆكی لەسەر پشكی هەسەدە لە پۆستەكان لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا و میكانیزمی بڕیاردان لە ناو دامەزراوەی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری و ئەو سێ فرقەی بۆ هەسەدە لە دوای یەكخستنەوەی هێزەكان دروست دەكرێت.  

شارەزایان پێیان وایە كێشەكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق زۆر لەوە قووڵتر و ئاڵۆزترە كە بتوانرێت بە رێككەوتنە هەشتخاڵییەكەی 10ی ئاداری رابردوو بێتە چارەسەركردن، وەك ئەمەریكا و توركیا و سووریا دەیانەوێت، خورشید دەلی توێژەر دەڵێت، گفتوگۆی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع گرنگە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سووریا و دیاریكردنی سروشت و شێوەی فەرمانڕەوایەتیی تیایدا، بەڵام ئەو گفتوگۆیە چەند كێشە و بەربەستێكی لەپێشە لەوانە دید و بۆچوونی جیاوازی هەردوولا، لەوكاتەی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دەستی بە سیستمێكی ناوەندی بۆ فەرمانڕەوایەتی گرتووە، هەسەدە و پێكهاتەكانی سووریا داوای نامەرگەزی دەكەن، وەك گەرەنتییەك بۆ هاوبەشیی سیاسی و پاراستنی مافی ئەوان، دەیانەوێت ئەوە لە دەستوور جێگیر بكرێت.

زیاتر دەلی دەڵێت، دووەم كێشە و بەربەست بریتییە لە جیاوازی لەسەر ناوەڕۆك و مانای یەكخستنی هەسەدە لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق، وەك ئەوەی لە رێككەوتنی ئاداری رابردووی هەردوولا هاتووە، دیمەشق پێی وایە دەبێت هەسەدە و هەموو دامەزراوەكانی خۆسەریی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا یەك بە یەك بچنە سەر دەسەڵاتەكەی، كەچی هەسەدە پێی وایە دەبێت یەكخستنەكە پاراستنی پێكهاتە و پەیكەری ئەو دامەزراوانەی تیادا بێت، وەك یەك قەوارە بچنە سەر دیمەشق بەشێوەیەك مافی كورد و پێكهاتەكانی تر لە دەوڵەتی سووریا بێتە پاراستن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل