"وشە" بەدواداچوونێكی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد و دەركەوت كە دۆخێكی دژوار رووی لە چەندان شاری رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە، بە جۆرێك لە هەموو گەڕەك و كۆڵانێكدا پاسدار بڵاو كراونەتەوە و هەر كەسێك بیانەوێ تەقەی لێ دەكەن.
24 سەعات ئێشكگری
دۆخەكە بە تەواوی چەند شەوێكە بەمجۆرە ناسەقامگیر بووە، پاسدار و چەكدارانی تری ئێرانی بە تەواوی خراونەتە ئامادەباشییەوە و 24 سەعاتە لە ئێشكگریدان.
قسەمان لەگەڵ سەرچاوەكانمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان كرد، هەرچەندە بەهۆی كۆنترۆڵكردنی پێوەندییەكان لەوێ كەمتر چوونە باسكردنی دۆخەكە، بەڵام وەك دەڵێن، دۆخی لەو جۆرە هەرگیز لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دروست نەكراوە، لە داردان و گرتن ئێستە بوون بە شتی سەرەتایی و تەقەكردنی راستەوخۆ لە هاووڵاتییان نوێترین كاری پاسدارانە.
شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە گشتیی، لە كەشێكی تەناهیی ترسناكدان، چەكدارەكانی سوپای پاسداران لە شەقام و گەڕەكەكان لە ئیشكگری 24 سەعاتیدان، بە ماتۆرسكیل دەسووڕێنەوە و چەكی جۆراوجۆر و گازی فرمێسكڕێژ بەكاردەهێنن.
دۆخێكی سامناك
ئەو سەرچاوانەی "وشە" دەڵێن، بە گوێرەی لیستێك دەگەڕێن و ئەو ماڵانە دیاری دەكەن كە گومانێكیان لێیان هەبێت، یان رەنگێك لە دیوارەكانیان دەدەن. " بۆیە بە گشتیی دۆخێكی سامناك باڵی بەسەر شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا كێشاوە".
هەر ئەوەندەیش نا، بەڵكو هێزەكان خاڵی پشكنینیان لە هەندێك ناوچە داناوە و چەكی قورسی وەك دۆشكە لە نێو شارەكاندا دەبینرێت، بە هەڕەمەكی ئۆتۆمبێلەكانیان دەپشكنن، هەروەها لە باڵەخانە و بینا گەورەكان قەناس دانراوە و ئەوەی لە ماڵی خۆی بێتە دەرەوە كوژراوە یان دەستبەسەر كراوە.
تەرم بەرانبەر 750 ملیۆن تمەن
ئاشكرایە كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكانی ئێران، پێوەندی لەناوخۆی ئەو وڵاتە بە تەواوی پچڕاوە بەتایبەت لە ڕێی پێوەندی تەلەفۆنی ناوخۆی و ئینتەرنێتەوە، ئەوەیشی پێوەندی بە دەرەوە بكات، تەنیا لە ڕێگای "سیمكارتی ئێرانی" دەبێت، ئەوەیش بە هۆیەی تەواوی سیمكارتەكان لەژێر كۆنترۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێراندان و لەلایەن ئیتلاعاتەوە چاودێری دەكرێن.
ئێستە لەوێ دیاردەیەكی تر پەیدا بووە، پاسدار تەقە لە خۆپێشاندەر یان هەر كەسێكی تر دەكەن كە بیانەوێ، بەڵام تەرمەكەیش بە پارە دەدەنەوە ماڵباتەكانیان و بۆ ئەوەیش نرخیان دیاری كردووە كە لە 700 بۆ 750 ملیۆن تمەنەوە دەست پێ دەكات.
جێی بیرهێنانەوەیە كە لە 28ی كانوونی یەكەمی 2025 خۆپێشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستی پێ كردووە، تەنگژەی سیاسیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی تەنگی بە وڵاتەكە هەڵچنیوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەكە سەركوت بكەن، بەڵام رۆژ دوای رۆژ رەقی خەڵك لەوێ ئەستوورتر دەبێت و تا ئێستە بە گوێرەی ئامارەكانی رێكخراوە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 22 هەزار خۆپێشاندەر دەستبەسەر كراون و نزیكەی سێ هەزار خۆپێشاندەریش كوژراون، ئەوە جیا لەوەی باس لە برینداربوونی دوو هەزار پێشاندەری تر دەكرێت.