كۆبوونەوەكەی پیرمام .. گورزێك لە دوژمن و بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیەك

:: PM:09:43:17/01/2026 ‌
نووسەر و رووناكبیرانی كورد، لەبارەی كۆكردنەوەی ئەمەریكا و كورد لەسەر مێزی گفتوگۆ لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە روانینی خۆیان دەدەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەوەی كرا گورزێكی كەمەرشكێنە بۆ وڵاتانی دوژمن. 

ئاشكرایە كە ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لەپیرمام كۆبوونەوەیەكی مێژووی بۆ هەریەكە لە تۆم بارك نێردەی ترەمپ و مەزڵووم عەبدی و لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان لەبارەی دۆخی سووریا رێكخست. ئەو كۆبوونەوەیە دڵخۆشی كوردی رەسەنی بەدوای خۆیدا هێنا و وەك هەنگاوێكی گەورە بۆ یەكگرتووی كورد دەبینرێ‌. 

پێشتر "وشە" وێنەی كۆبوونەوەكەی وەك وێنەی مێژوو بڵاو كردەوە و بە خێرایی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی، ئێستەیش روانینی خەڵك و نووسەران لەسەر كۆبوونەوەكە بەردەوامە. 

بەكر شوانی نووسەر لەبارەی كۆبوونەوەكەوە نووسیویەتی، لە كۆی نۆ ئەندامی شاندی كوردستانی، سێ‌ ئەندامیان ئافرەتن. ئەم دیاردە و ئەزموونە جیاوازە گورزێكی كەمەرشكێنە بۆ دەوڵەتانی كۆنەپەرست و پیاوسالاری ناوچەكە، بۆیە بە هەموو توانای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن بۆ لەباربردنی ئەزموونی خۆئیدارەدانی كوردی.

هاوكات هیوا موسا نووسەر بۆچوونی خۆی نووسیوە و دەڵێ‌، كاتێك دەمانگوت هەرێم ئەو شتەیە كە نابێت سازشی لەسەر بكرێت، بە هەموو كەموو كورتیەكانیەوە دەبێت بیپارێزرێت و سەروەرییەكەی پێشكەشی بەغدا نەكرێت، ئێمە بیرمان لەم ڕۆژە دەكردەوە.

ئەو دووپات دەكاتەوە كە شێخ مەقسوود هەم گورزێكی گەورە بوو لە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەت، هەم  درزە ئایدۆلۆجیەكانی نێوان باشوور و ڕۆژئاوای كاڵكردوە لە پێناو دۆزێكی گەورەتر كەئەویش مافی نەتەوەیەكە.

یەكێك لە كاردانەوەكانی تر لەسەر رووداوەكانی سووریا، مەرسوومەكەی دوێنێی ئەحمەد شەرع بوو، كە بەدران ئەحمەد حەبیب نووسەری دیاری كورد لەبارەی ئەو پرسەیشەوە نووسیویەتی، ئەو بڕیارەی دوێنێ ئەحمەد شەرع دەری كرد و ددانی بە زۆر مافی بنەڕەتیی كوردی رۆئاوادا هێنا و "هەموو دەزانین ئەو مافانە باشن بەڵام دەترسین فێڵ و كڵاو لەسەرنان بێت".

ئەو پێی وایە كە دەبێ لایەنی كوردی داوا بكات هەر بەو شێوەی دوێنێ، شەرع بڕیاری سیستەمی فیدرالیزمیش بۆ هەرێمی كوردستانی رۆژئاوا بدات، ئەم حكوومەتە كاتییە، ماوەی پێنج ساڵی لە پێشە بۆ هەڵبژاردنی حكوومەتێك تر لە لایەن گەلی سووریاوە، پێنج ساڵ زۆرە بۆ رۆژئاوا چاوەڕوان بێت تاكو دەستوور سیستەمی فیدرالیزم بڕیار دەدات یان نا، ئەگەر بە بڕیاری سەرۆكایەتی، وەك ئەوەكەی دوێنێ، ئەم فیدرالیزمەیش بسەلمێنێ، لەوانەیە چارەسەرێكی گونجاو بێت.
هاوكات شێرزاد مامەسێنێ‌ لەوبارەیەوە بڕوای وایە كە ئێستە دۆزی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە، ئەوەیش بە ئاماژەدان بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پیرمام. 

مەسعوود عەبدولخاڵق خاوەنی دەزگای ستاندەر سەرباری دەستخۆشی و سەرسامی بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، نووسیویەتی، ئەوە هێمایە بۆ ئەوەی هەموو لا تێگەیشتوون مەترسییەك هەیە. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم