نووری مالیكی دەبێتە سەرۆك وەزیران؟

:: PM:06:51:25/01/2026 ‌

دوای چەندان كۆبوونەوە، شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بە زۆرینە نووری مالیكیان بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق راگەیاند، بڕیارە لە دانیشتنی سێشەم پەرلەمان كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بیخەنە روو بۆ پێكهێنانی حكوومەت و راسپاردنی، شارەزایان پێیان وایە شیعە كێشەیەكیان چارەسەر كرد و یەكێكی تریان دروست كرد، بەڵام دیار نییە كێشە بۆ دانیشتنی سێشەم دروست دەبێت یان نا؟

كێشەی هێزە سیاسییە شیعە و سوننە و كوردییەكان لەوەدایە كە مالیكی لە دوو خولی پێشووی سەرۆك وەزیران چەند سیاسەتێكی گرتە بەر كە تاكڕەوی لە بڕیاردانی پێوە دیار بوو، هەر لە سەردەمی ئەو چەندان رووداوی گەورە روویان دا، لەوانە شەڕی تایفەیی و شەری رەوتی سەدر و سوننە و هاتنی داعش و هیتریش، ئەوانە و لێكەوتەكانی لە یادی خەڵك و هێزە سیاسییەكان ماون و لەسەر ئەو بنەمایە سەیری مالیكی دەكەن.

شەوی رابردوو شیعە لە لایەك و بەر لەوانیش سوننە كۆبوونەوەیان هەبوو، هەردوو ماڵی شیعە و سوننە بەرانبەر بە كاندیدكردنی مالیكی دابەش بوونیان پێوە دیارە، لەناو شیعە عەمار حەكیم و قەیس خەزعەلی و حەیدەر عەبادی دەنگیان بە كاندیدكردنی مالیكی نەداوە، هەرچی سوننەیە، حزبی تەقەدوم و هاوپەیمانی سیادە، ئەوانیش بە مالیكی رازی نین و داوایان لە شیعە كرد كەسێكی تر بۆ پۆستەكە كاندید بكات، هەرچی كوردە، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزباییان لە مالیكی كرد بەهۆی كاندیدكردنی بۆ پۆستەكە.

ئەندامانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەرگری لە كاندیكردنی مالیكی دەكەن، عومران كەركوشی ئەندامی هاوپەیمانیەتییەكە دەڵێت، مالیكی باوەڕی بە نەیاری نییە، مانەوەشی لە هێڵی پێشەوە بەڵگەیە لەسەر پێگە باوكانە و نیشتمانییە كۆكەرەوەكەی، ئەوەشی لە 2014 رووی دا، ناكرێ بەرپرسیارەتییەكەی تەنیا بخرێتە سەر ئەستۆی مالیكی. 

روونی كردەوە، لە حاڵەتی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو بە سەرۆكایەتیی مالیكی، بە شێوەیەكی تاكلایەنە كار ناكات، بەڵكو پردی پێوەندی بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان درێژ دەكات و هەوڵی دڵنیاكردنەوەی ناڕازییەكان و سووككردنی مەترسیی ئەوان لە گەڕانەوەی رووداوەكانی رابردوو دەدات.

تا ئێستە بۆچوونی ئەمەریكا بەرانبەر بە كاندیدكردنی مالیكی دیار نییە، بەڵام چەند جارێك لەگەڵ كاربەڕێكەری كارەكانی باڵوێزخانەی ئەمەریكا كۆ بووەتەوە و وەك هەندێك سەرچاوە ئاماژە دەكەن، هەوڵی داوە لە رێگەی ناوەندگیرانەوە پێوەندی بە واشنتنەوە بكات و هەندێك بەڵێنی داوە ئەگەر ببێت بە سەرۆك وەزیران جێبەجێیان بكات، بەتایبەتی لە دۆسیەی میلیشیاكان و دووركەوتنەوە لە رووداوەكانی ناوچەكە و ئێران، هاوكات قسەی هەندێك لە شارەزایان بەو مانایە دێت كە ئەمەریكا دەست لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی حكوومەتی عێراق وەرنادات، تەنیا رازی نییە كەسانی سەر بە میلیشیاكان و ئێران بەشداری تیادا بكەن.

كاندیكردنی مالیكی دوای سازشكردنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن هات، ئەوەش دوای سەردانی چەند بەرپرسێكی باڵای ئێران بۆ عێراق، بۆیە لەو ساتەوە شیعە خۆیان یەكلا كردەوە و مالیكیان بۆ رێگرتن لە پەرتەوازەیی ناو ماڵی شیعە و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ناوچەكە هەڵبژارد، بۆیە ئێران رازییە و ئەمەریكاش بێ دەنگە، جیا لە بێدەنگیی رەوتی نیشتمانیی شیعە.

نەزیر عەدنان توێژەری سیاسی دەڵێت، كاندیدكردنی مالیكی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی داهاتوو، ئاماژەیە بۆ قۆناغێكی پڕ لە دابەشبوونی سیاسی، نەبوونی كۆدەنگیی شیعەش لەسەر كاندیدكردنی، پێشینەیەكی باش نییە، كە كاندیدبوونی بە زۆرینە بووە نەك بە سازان و رێككەوتن، دابەشبوونەكەش لە سنووری چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەوەستاوە، بەڵكو پێشتر چەند هێزێكی سیاسی وریاییان لە كاندیدكردنی مالیكی دا، كە رەنگە دەرگە بە رووی دروستبوونی سێیەكی پەكخەر لە پەرلەمان بكاتەوە و بڕیاری سیاسی پەك بخرێت و دۆخەكە بەرەو داخرانی سیاسی بچێت، ئەوەش لە سایەی دۆخێكی رارا و شێواوی ناوچەكە. 

لە لایەكی تر بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە دروستبوونی سێیەكی پەكخەر لە پەرلەمان بەرانبەر بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی مالیكی زەحمەتە، ئەوەش بەهۆی ئەو سازانە سیاسییە پێشوەختە و زۆرینەی پەرلەمانییەی هەیە، بەتایبەتی لە نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند هێزێكی گرنگی سوننە ئەوانیش دێنە پاڵ ئەوانەوە، هەموو ئەوانە رێگر دەبن لە دروستبوونی سێیەكی پەكخەر لە پەرلەمان لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارانە، دوای هەڵبژاردنیشی مالیكی، كە كاندیدی فراكسیۆنی زۆرینەیە دێتە راسپاردن. 

ئەگەر دانیشتنی سێشەمی پەرلەمانی عێراق كرا و لە دانیشتنەكە سەرۆك كۆماری نوێ هاتە هەڵبژاردن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیكی وەك كاندیدی فەرمیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیران دەخاتە روو، سەرۆك كۆماریش راستەوخۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی لە ماوەی 30 رۆژ رای دەسپێرێت، واتە پێویست بە دەنگدانی پەرلەمان ناكات، دوای تەواوبوونی لەو ماوەیە دەبێت كابینەكەی و بەرنامەی حكوومەتەكەی بخاتە روو و پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدات. 

شایەنی باسە نووری مالیكی ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە 2006 تا 2014، واتە لە دوو خول سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، لەو سەردەمە چەندان رووداوی گەورە لە عێراق روویان دا كە بەهۆی گەورەیی و كاریگەرییان هێشتا لە یادەوەری خەڵك ماونەتەوە، لەوانە شەڕی تایفەیی شیعە و سوننە و شیعە و شیعە و لەناوبردنی نەیارە سیاسییەكان و هێرشەكانی داعش و لەدەستدانی رووبەرێكی زۆری خاكی عێراق بۆ داعش و ئەو كوشتار و وێرانكارییەی بەو هۆیەوە دروست بوو.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل