رۆژئاوا چی بەسەر هات؟

:: PM:08:38:25/01/2026 ‌

لە كۆتایی 2024 ئەمەریكا بە رژی دەستی خستە ناو سووریا، لە ماوەی كەمتر لە 10 رۆژ رژێمی بەشار ئەسەدی لە دیمەشق رووخاند و رژێمێكی تری لە ژمارەیەك گرووپی توندڕۆی سوننەی دروستبوو لە رێكخراوی قاعیدە هێنا پێشەوە و دەسەڵاتی لە سووریا رادەست كردن، ئەوانی وەك دەوڵەت ناساند و سزاكانی لەسەر لابردن، واشنتن ئەو دەسەڵاتە نوێیەی وەك ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی پلان و نەخشەی بۆ ئەو وڵاتە ناوچەكە هێنا و ئەوەشی لە رۆژئاوا روو دەدات، بەشێكە لە پلانی ئەمەریكا، بەڵام پلانەكە چییە؟

ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت لە شەڕ و ماڵوێرانی و كوشتن و بۆردمانكردن، لای ئەمەریكا گۆڕانكاری و دابەشكردنەوەی ناوچەكانی دەسەڵاتە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دوور لە هاوپەیمانیەتییەكانی پێشووی لەو وڵاتە، چاودێران پێیان وایە واشنتن ئامانج و گرنگیدانی خۆی لە سووریا بەو شێوەیە رێك خستووەتەوە كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خۆی و ئیسرائیل و وڵاتانی كاریگەر لە گۆڕەپانی سووریا و نەهێشتنی دەسەڵاتی ئێران لە سووریا و ناوچەكە بگونجێت، هەموو ئەوانەش لە رێگەی دەستەوارەیەك لە پاریس كرا. 

هۆزان عەفرینی توێژەری كورد دەڵێت، پاڵپشتیكردنی ئەمەریكا بۆ حكوومەتی كاتیی ئەحمەد شەرع بۆ كۆنترۆڵكردنی جوگرافیای سووریایە، ئەوەش لە رێگەی دووبارە دابەشكردنەوەی دەسەلات لە نێوان وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوورین لەپێشەوەیان توركیا و ئیسرائیل و رووسیا، هاوتەریب لەگەڵ لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە، كودەتاكەی ئەمەریكا لە هەسەدە، لە دوای لێكگەیشتنە رانەگەیەندراوەكانی دوای كۆبوونەوەی پاریس لە نێوان لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان هات، ئەو لێكگەیشتنانە نەخشەی دەسەڵاتی لەسەر بنەمای دەسترۆیشتن زیاتر لە دابەشكردنی جوگرافی جێگیر كرد.

روونی كردەوە، بەپێی ئەو لێكگەیشتنانە باشووری سووریا ناوچەیەكی دەسەڵاتی ئیسرائیل دەمێنێتەوە، لێواراوەكانی سووریا وەك ناوچەی دەسەڵاتی رووسیا، لە بەرانبەر دەسەڵاتی توركیا لە ئیدلب و حەلەب، ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوراتیش دەبنە ناوچەی دەسەڵاتی ئەمەریكی، لەگەڵ هێشتنەوەی بوونێكی شێوەیی حكوومەتی سووریا لە ناوچەكانی تر، ئەو نەخشە نوێیەش پێویستی ئەمەریكای بە هەسەدە نەهێشت، كە رۆڵی سەرەكی لە سەركەوتن بەسەر داعش لە رەقە و دێر زوور هەبوو. 

عەفرینی دووپاتی كردەوە، واشنتن بواری بە سوپای سووریا دا بۆ هێرشكردنە سەر هەسەدە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ دەركردنی لە ناوچەكانی سامان و داهات، بەتایبەتی لە كێڵگەكانی نەوت و غاز لە رەقە و دێر زوور، بۆیە رەهەندی ئابووری لەو نەخشەدانان و جێبەجێكردنە بە توندی ئامادە بوو، لێرەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سوودمەندترینە، واتە لە دەستوارەكەی پاریس لە 6ی كانوونی دووەمی 2026. 

ئەو توێژرە ئاماژە دەكات، مەبەستی سەرەكیی ئەمەریكا لەو هەموو گۆڕانكارییەی سووریا، پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەمەریكایە، بۆیە هیچ گرنگییەكی راستەقینەی بە پاراستنی پێكهاتەكان لە سووریا نەدا، هاوكات ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی رازیكردنی توركیا و سعوودیە و قەتەر دێت، لە سایەی ترسی ئەو لایەنانە لە پەرەسەندنی هێزی هەسەدە.  

لای خۆیەوە حازم عەیاد توێژەری سیاسی پێی وایە نەمانی پاڵپشتیی ئەمەریكا بۆ هەسەدە ئاماژەیەكی روونە بەوەی نایەوێت راستەوخۆ رووبەڕووی توركیا و سعوودیە ببێتەوە، بەتایبەتی كە ئەو دوو وڵاتە پاڵپشتی لە رژێمی نوێی دیمەشق و یەكپارچەیی خاكی سووریا دەكەن، كە هاوكات رژێمەكە ئامادەیی بۆ هاریكاریی سیاسی و تەناهی لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا دەربڕی.

روونی كردەوە، ئەوی لە سووریا روو دەدات لەگەڵ دیدی ئەمەریكا یەك دەگرێتەوە بە نەهێشتنی دەسەڵاتی رووسیا و ئێران لە سووریا و ناوچەكە، دوورخستنەوەی دیمەشق و وڵاتانی ناوچەكە لە چین، هاوكات سووربوون لەسەر پاڵپشتیكردنی هەسەدە دەبووە هۆی فرەوانبوونی بازنەی ناكۆكی و ململانێی ئەمەریكا لەگەڵ توركیا و سعوودیە، ئەوەش واشنتن خۆی لێ لادەدات، چونكە نایەوێ هاوكات ببێتە نەیاری ئێران و توركیا و سعوودیە، هەروەها پاڵنانی ئەنقەرە و ریاز بەرەو رووسیا و پەكین، كە كاری واشنتن لە ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكەن.

عەیاد ئاماژە دەكات، ئەو رەوتەی ئێستە ئەمەریكا لە سووریا گرتوویەتییە بەر، مەبەستی یەكەم لێی دووركەوتنەوەیە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە گەورەكانی ناوچەكە، لەسەر بنەمای دروستبوونی قەناعەت لە واشنتن بەوەی پاڵپشتیكردنی هەسەدە لەسەر ئاستەكانی ناوەند و دوور، خەرجی زۆرە و سوودی نییە، بە بەراورد بە سوودی پارێزگاریكردن لە هاوبەشیی ستراتیجی لەگەڵ وڵاتانی كاریگەری ناوچەكە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل