سبەی چی دەبێت؟

:: PM:08:57:26/01/2026 ‌

بڕیارە سبەی سێشەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوە بچێت كە پشكی كوردە، تا ئێستە جگە لە كورد كە چەند كاندیدێكیان بۆ پۆستەكە هەیە، سوننە و شیعەش لە پاڵپشتیكردنی ئەو كاندیدانە دابەش بوونە، بۆیە ئەوان خەریكی گفتوگۆن لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بۆ یەكخستنی كاندیدیان و ئاسانكردنی تێپەڕاندنی كاندیدی پۆستەكە.

لەو كاتەی هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیان بە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستەكە گرتووە و ئامادە نین بێ بەرانبەر بۆ یەكتر دەستبەرداری بكەن و كاندیدیان بكشێننەوە، سەرچاوەكان دەڵێن، هەریەك لە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی شیعە بۆ سەرۆك وەزیران و كەسایەتی تری شیعە، لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردییەكان لە گفتوگۆدان بۆ سازان و چوونە ناو دانیشتنەكە بە یەك كاندید.

بەپێی سەرچاوەكان پارتی بۆ كشاندنەوەی د. فوئاد حوسێن لە كێبەركێكە و پاڵپشتیكردنی نزار ئامێدی كاندیدی یەكێتی، مەرجی رازیبوونی یەكێتی بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەپێی داواكارییەكانی خۆی داناوە، بژارەیەكی تریشی خستووەتە روو بەوەی هەردوو حزب كاندیدی خۆیان بكشێننەوە و كاندیدێكی سازان و هاوبەش لە كاندیدانی تر دیاری بكەن.

بەپێی زانیارییەكان لەبارەی نەخشەی پاڵپشتیكردنی كاندیدانی پارتی و یەكێتی لە دانیشتنی سبەی سێسەمی پەرلەمان ئەگەر هاتە سازكردن، پارتی لێكگەیشتنی لەگەڵ هەریەك لە هاوپەیمانیەتەكانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی و دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و رێگخراوی بەدری هادی عامری و هاوپەیمانی ئەساسی موحسین مەندەلاوی و تەسمیمی ئەسعەد عیدانی و عەزمی موسەنا سامەرایی و حەسمی سابت عەباسی و سیادەی خەمیس خەنجەر و بەرەی توركمانی هەیە، واتە ئەوانە پاڵپشتیی لە فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی دەكەن.

هەرچی یەكێتییە، لێكگەیشتنی لەگەڵ هەریەك لە گرووپی عەسائیب ئەهلولحەقی قەیس خەزعەلی و رەوتی حیكمەی نیشتمانیی عەمار حەكیم و هاوپەیمانی خەدەماتی شبل زەیدی و بارستەی حقووقی كەتیبەكانی حزبوڵا و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی شێخ هومام حەموود و حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبووسی و حزبی جەماهیری ئەحمەد جبووری و بابلیوونی رەیان كلدانی و نەوەی نوێی و هاوپەیمانی دۆزی ئێزدییەكان هەیە، واتە ئەوانە پاڵپشتی لە نزار ئامێدی كاندیدی یەكێتی دەكەن. 

لەوكاتەی چەند رۆژێكە شاندی پارتی و یەكێتی لە بەغدا خەریكی گفتوگۆن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بۆ پاڵپشتیكردنی كاندیدانیان لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق، نەوزاد مستەفا توێژەری سیاسی دەڵێت، ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن لە سەعاتەكانی كۆتایی بەر لە سازكردنی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گۆڕانكاری روو بدات.

دووپاتی كردەوە، واتە بە هاوشێوەی هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كە لە ئەنجامی میانگیریی سەركردە سیاسی و كاریگەرەكان لەوانە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە دوا سات موسەنا سامەرایی ركابەری سەرەكیی بۆ پۆستەكە كشایەوە، بۆیە ئەگەری هەیە دوای قەناعەت پێكردنیان یەكێك لە لایەنە كوردییەكە كاندیدی خۆی بكشێنێتەوە، لە حاڵەتی نەكشانەوەیان، رەنگە بردنەوەی یەكێك لە كاندیدانیان زەحمەت بێت، چونكە زەحمەتە بتوانن زۆرینە بەدەست بێنن.     

لای خۆیەوە وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسیی نزیك لە پارتی گەشبینە بەوەی رەنگە لە دوا ساتەكان گۆڕانكاری لە هەڵوێستەكان روو بدات و هەردوو حزب لەسەر پێشكەشكردنی یەك كاندیدی هاوبەش رێك بكەون، روونی كردەوە، یەكێتی پێوەندی لەگەڵ چەند لایەنێكی شیعەی نزیك لە ئێران باشە، بەڵام ئەوە رێگر نییە ئێمە ركابەری لەسەر پۆستەكە بكەین و ئێمەش پێوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەیە، لە حاڵەتی نەگەیشتن بە كاندیدی هاوبەش، كاندیدی پارتی نزیكتر و گونجاوترە بۆ سەرۆكایەتیكردنی عێراق لە قۆناغی داهاتوو، كە قۆناغێكی هەستیار و مەترسیدارە.

كەریم دووپاتی كردەوە، چەندان هێزی سیاسی و كۆمەڵایەتی پاڵپشتی لە فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن، ئەوەش بەهۆی پێوەندی باشی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەریكا، چونكە لە سایەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە كردنەئامانجی میلیشیاكان، ئەو قۆناغە پێویستی بە كەسێكی بەهێز لە پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە. 

شایەنی باسە لە 29ی كانوونی یەكەمی 2025، سەرۆك بارزانی دووپاتی لە پێویستیی قۆرخنەكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە و سێ بژارەی بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكە راگەیاند، دیاریكردنی كەسێك لە لایەن پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی ببێتە نوێنەری كورد بۆ پۆستەكە، یان هەموو لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و لەسەر كەسێك بۆ پۆستەكە رێك بكەون، یان پەرلەمانتاران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق كاندیدێك دیاری بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل