مەبەستی ترەمپ لە هێرشكردنە سەر ئێران چییە؟

:: PM:05:21:29/01/2026 ‌

هەموو كارەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا فرەهۆكار و فرەئامانجن، ئەو باسی هەندێك شت دەكات و هەندێكیش راناگەیەنێت و بۆ لێكدانەوەی شارەزایانی جێ دێڵێت، بەڵام ئەوەی دیارە زیاترین سەرۆكی ئەمەریكایە كە راشكاوانە باسی ئامانج و هەڵوێستەكانی دەكات، سەبارەت بە ئێران باسی سێ هۆكار دەكرێت، شارەزایان پێیان وایە ئەوانە پاساون و ئەوجارە ترەمپ مەبەستی گۆڕینی لووتكەی دەسەڵاتە لەو وڵاتە.

لە ماوەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی "پۆلیتیكۆ"ی ئەمەریكی گوتی، كاتی كۆتاهێنان بە دەسەڵاتی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران هاتووە، كە 37 ساڵە بەردەوامە، ئەو كەسێكی نەخۆشە و پێویستە وڵاتەكەی بەشێوەیەكی گونجاو بەڕێوە ببات و دەست لە كوشتنی خەڵك هەڵبگرێت، بەهۆی خراپیی فەرمانڕەوایەتییەكەی وڵاتەكەی كردووەتە خراپترین شوێن لە دنیا بۆ ژیان. 

ترەمپ دووپاتی كردەوە، كاتی هاتووە بەدوای سەركردایەتییەكی نوێ بۆ ئێران بگەڕێین، سەبارەت لە لێدوانەكانی خامنەیی گوتی، ئەو بە وێرانكردنی تەواوەتیی وڵاتەكەی تۆمەتبارە، ئەوەی وەك سەرۆك ئەنجامی داوە بریتییە لە وێرانكردنی تەواوەتیی وڵاتەكەی و بەكارهێنانی توندوتیژییەكی بێ وێنە بۆ ئەو كارە، بۆیە بۆ بەردەوامبوونی ئەو وڵاتە، پێویستە سەركردایەتییەكەی سەرنج بداتە كاروباری دەوڵەت، وەك ئەوەی من لە ئەمەریكا دەیكەم، نەك كوشتنی هەزاران كەس بۆ پارێزگاریكردن لە دەسەڵات.

دوێنێ ترەمپ هەڕەشەكانی بۆ ئێران زۆر توند كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەگەر تاران بە داواكارییەكانی پێشكەشی كراوە رازی نەبێت، بەمنزیكانە و بەخێرایی و بەتوندی هێرشی دەكرێتە سەر، كە دەبێتە دووەم هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر تاران لە ماوەی هەشت مانگدا، بەتایبەتی كە خەریكە هێزی پێویستی ئەمەریكی بۆ ئەو هێرشە لە ئاوی كەنداو نزیك لە ئێران و لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆ دەكرێتەوە، ترەمپ قەبارەی هێزەكەی بەوەی لە كۆتای ساڵی رابردوو لە نزیك ڤەنزوێلای كۆ كردبووەوە بەراورد كرد، كە لە ماوەیەكی زۆر كەم نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ئەو وڵاتەی گرت و بەرەو ئەمەریكای برد بۆ دادگاییكردنی.

جیا لەوەی ترەمپ، بەرپرسانی ئەمەریكا و ئەوروپی باسی سێ داواكاریی ئەمەریكا بۆ ئێران دەكەن بۆ ئەوەی هێرشی نەكرێتە سەر، وەستاندنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەكەی و سنوورداركردنی مەودا و ژمارەی مووشەكە بالیستییەكانی و كۆتاهێنانی بە پاڵپشتیكردنی میلیشیاكانی لە ناوچەكە، واتە لە یەمەن و عێراق و لبنان، لەوەتەی سەركەوتنی ئۆپراسیۆنەكەی ڤەنزوێلا، كە باسی ئەوە دەكرێت ئەمەریكا چەكێكی نهێنی بەكار هێناوە، ترەمپ زیاتر هان دراوە بۆ دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆ یان هاوشێوەی لە ئێران.

چەند سەرچاوەیەكی رۆژئاوایی باسی ئەوە دەكەن كە دوور لەوەی دێتە راگەیاندن و باسی دەكرێت بەوەی ئەمەریكا گوشار لە ئێران دەكات بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی و پاڵپشتیكردنی خۆپێشاندەرانی ئێرانی، پێ دەچێت ئەوجارە مەبەستی ترەمپ لە لێدانی ئێران رووخاندنی لووتكەی دەسەڵاتی رژێمەكە بێت، واتە گۆڕینی سەركردەكانی ئێران نەك رووخاندنی رژێمی ئەو وڵاتە، لە پرۆسەیەكی هاوشێوەی ڤەنزوێلا، وەك ئاژانسی "رۆیتەرز" باسی كرد.   

لای خۆیەوە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی ئاماژە دەكات، ئیسرائیل پێی وایە تەنیا هێرشی ئاسمانی ناتوانێت رژێمی كۆماری ئیسلامی لە ئێران برووخێنێت، ئەگەر ئەوە ئامانجی ئەمەریكا بێت، چونكە ئەگەر بتەوێ رژێمەكە لەناو ببەیت، پێویستە هێزی زەوینی رەوانە بكەیت، دووپاتی كردەوە، ئەگەر ئەمەریكا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێرانیش لەناو ببات، كەسێكی تر شوێنی دەگرێتەوە، بۆیە گوشاری دەرەكی و ناڕەزایەتی رێكخراوی ناوخۆیی بە تەنیا دەتوانن رەوتی سیاسی لە ئێران بگۆڕن. ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە رژێمەكەیان لاواز كردووە، بەڵام هێشتا كۆنترۆڵی دۆخەكەی بەدەستە، ئەگەرچی لەناو تەنگژەیەكی قووڵی ئابووریدا دەژیت. 

هاوكات لەگەڵ ئەوەی باس كرا راپۆرتێكی ئیسرائیلی پێی وایە كە ترەمپ ناتوانێت لە ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر ئێران پاشگەز ببێتەوە، بەتایبەتی دوای كوژرانی ژمارەیەكی زۆری خۆپێشاندەران و بەڵێنەكانی بە یارمەتیدانیان، بۆیە ئێستە لەنێوان دوو ئاراستەدایە، لە ئەگەری هاتنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ ناو شەڕەكە و راكێشانی ناوچەكە بۆ ناو شەڕێكی سەرانسەری، خۆی لە شەڕێكی فرەوان لە ناوچەكە بەدوور بگرێت، لە لایەكی تر نایەوێ دەستبەرداری هێرشەكە ببێت، بەهۆی فرەوانبوونی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە تا ئاستێك و لە داهاتووش فرەوانتر دەبێت.

بۆیە لەنێوان هەردوو بژارەدا پێشبینی دەكرێت ترەمپ هێرشێكی سنوورداری سەربازی بكاتە سەر تاران، بۆ ملكەچكردن و ناچاركردنی بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و گۆڕینی ستراتیجیەتی و گونجاندنی لەگەڵ دیدی ئەمەریكا و بڕینی چڕنووكی هێز و میلیشیا نایاسایی و شەڕانگێزەكانی ناوچەكە و خۆگونجانیان لەگەڵ ئەو دۆخەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەیانەوێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل