سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ لەلایەن رەوەندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات خوێنرایەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لە شەڕی داعشدا كورد پارێزەری مرۆڤایەتی بوون، ئێستە پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری كوردستان بن.
سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا دەڵێ، جێگەی شانازییە كە ئەمڕۆ لە شارەكانی وڵاتانی ئەوروپا، ژمارەیەكی زۆر لە ڕەوەندی كورد بە جۆش و خرۆشەوە و بە شێوەیەكی بێوێنە لە گردبوونەوەی ئاشتییانەدا، پشتیوانیی خوشك و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاڤای كوردستان دەكەن، ئەمە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ توانایی و زیندووێتیی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات، ئەوەش دەسەلمێنێت كە نەوەی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات، هەمیشە هێزێكی مەزن و ئامادە و یەكگرتووە، بۆ پشتیوانیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە هەر بەشێكی كوردستان بێت.
سەرۆك بارزانی رای گەیاندووە، لە دەستپێكی سەدەی بیستەمدا، خاكی كوردستان بە ناحەقی دابەش كرا، لەپاش ئەو دابەشكردنە، گەلی كوردستان ڕووبەڕووی كارەسات و نەهامەتی و ئازارێكی زۆر بووەوە، بەڵام ئەو بارودۆخە سەختەی كە بۆ گەلی كوردستان دروست بوو، نەبووە هۆكاری ئەوەی كە گەلەكەمان ئیرادەی خۆی لەدەست بدات و مافەكانی خۆی لەبیر بكات.
"هەروەك بەشەكانی تر، لە ڕۆژئاوای كوردستانیش گەلی كورد خەباتێكی دوورودرێژی هەیە، تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئازار و زیندان و دەربەدەری و ئاوارەییەكی زۆریان بینیوە. پاش خەباتێكی زۆر ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، گەنجان و لاوانی گەلەكەمان بە ئازایەتیی خۆیان و بە خوێن و قوربانییان داعشیان تێكشكاند و بوونە پارێزەری مرۆڤایەتی". لە پەیامەكەی سەرۆکدا وا نووسراوە.
سەرۆک بارزانى دووپاتی كردووەتەوە، دەنگی هەر یەك لە ئێوە كاریگەریی خۆی لەسەر مۆراڵ و خۆڕاگریی گەلی كورد لە كوردستان و بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، پەیامێكیشە بۆ خەڵكی جیهان بۆ ئەوەی كە پشتیوانی لە داخوازی و مافە ڕەواكانی خوشك و برایانی ئێمە بكەن.
هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، كە شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیی خۆیان و ڕێگە نەدەن نەهامەتی و ئازارەكانی گەلەكەمان دووبارە ببنەوە، لە شەڕی داعشدا كورد پارێزەری مرۆڤایەتی بوون، ئێستا پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری كوردستان بن.
لە كۆتایشدا دەڵێ، من سوپاسی یەك بە یەكی ئێوەی ئازیز و ڕێكخەرانی ئەم گردبوونەوەیە و كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی دەكەم، سوپاسی هەموو كوردستانییانی دەرەوەی وڵات دەكەم، كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هیمەت و حەماسێكی زۆرەوە پاڵپشتیی خوشك و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاڤا بوونە. دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هەر ئەوەتان لێ چاوەڕوان دەكرێت. پێویستە ئەو پشتیوانیكردنە لە چوارچێوەی شێوازە ئاشتییانە و ڕێكارە مەدەنییەكاندا هەر بەردەوام بن.
هەروەها داوا دەكات كە لە كۆبوونەوەكاندا، لە ڕێوڕەسم و خۆپێشاندانەكاندا، بە تەواوی پابەندی بەها بەرزەكانی گەلەكەمان بن، و پابەندی یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بن كە تێیدا دەژین. بە هەموو شێوەیەك خۆتان لە ئاژاوە و گرژی و توندوتیژی بەدوور بگرن، گەلی كوردستان كێشەی لەگەڵ سیاسەتی حكوومەت و ڕژێمەكان هەیە، و هیچ كێشەیەكی لەگەڵ نەتەوەكان نییە، دەبێت هەموو ئاگاداری ئەوە بن، نابێت ڕق و كێشە لەنێوان كورد و نەتەوەكانی تردا دروست ببێت، پەیامی گەلی كوردستان پەیامی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێكەوەژیانە.
سەرۆک بارزانى دەڵێ، هەروەها داوا لە حكوومەتی سووریا و هێزەكانی هەسەدە دەكەم، كە لەسەر ئاگربەستی نێوانیان بەردەوام بن، بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكانی خۆیان، پشت بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن ببەستن و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نەدرێت كە گرفت و كێشە سیاسییەكان ببنە هۆكاری سەرهەڵدانی ناكۆكی و كێشەی نەتەوەیی لەنێوان كورد و عەرەب.