ئەگەرچی حكوومەتی هەرێم بەردەوام وەبەرهێنانی كارەبا زیاد دەكات تا كارەبای 24 سەعاتی لە سەرانسەری كوردستان دابین بكات، بەڵام لە شار و شارۆچكەكان، زێدەرۆییەكی زۆر لەسەر كارەبا هەیە و چەندان دوكان و عارەبانە بەشێوەی نایاسایی كارەبایان راكێشاوە.
لە شارەدێی كەسنەزانی سەربە هەولێر، چەندان دوكان و عارەبانە لەسەر شەقامەكان دەبینرێن كە كارەبایان بەنایاسایی راكێشاوە و هیچ پێوەرێكیان نەبەستووە، رۆژانەش كارەبایەكی زۆر سەرف دەكەن.
بەپێی بەدواچوونی "وشە" لەناو شاری هەولێر، راكێشانی كارەبا و چاودێریكردنی تیمەكان وایكردووە كەمترین سەرپێچی هەبێت، بەڵام لە دارەتوو و بنەسڵاوە و كەسنەزان، هێشتا سەرپێچییەكی زۆر لەسەر كارەبای 24 سەعاتی هەیە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبای ئەو شارۆچكە و شارەدێیانە كەمتەرخەمن.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، لە كەسنەزان چەندان دوكان و عارەبانە لەسەر شەقامەكان كارەبایان راكێشاوە و هیچ پێوەرێكیان نەبەستووە و رۆژانە كارەبا سەرف دەكەن، كاتێك لە خەڵكەكە دەپرسی دەڵێن: شوێنەكە خۆی فەرمی نییە و كارەبای كەسنەزانیش هیچ ناڵێت.
پڕۆژەی رووناكی كە ساڵی 2025 بە بڕیاری مەسروور بارزانی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئامانج لێی دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتییە بۆ سەرانسەری كوردستان، ئێستە پڕۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و تەواوی شار و شارۆچكەكان كارەبای 24 سەعاتییان هەیە.
پڕۆژەكە لە سەرەتادا كەوتەبەر هێرشی كوێرانەی ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنی چەواشەكار، گوایە كرێیەكی زۆر بۆ خەڵك مانگانە دێتەوە، بەڵام بەپێی بەدواچوونەكانی "وشە" تا ئێستە كەمترین پارە بۆ بەشدارانی هاتووەتەوە، بەجۆرێكە كەمترە لە پارەی مانگانەی موەلیدەكان.
بەڵام هێشتا پڕۆژەكە پێویستی بەچاودێری و لێپێچینەوە لەو كەسانە هەیە كە بەنایاسایی كارەبا رادەكێشن،مانگانە بێ ئەوەی هیچ پارەیەك بدەن كارەبایەكی زۆر خەرج دەكەن.
ئەگەرچی پڕۆژەكە تیمیان بۆ بڕینی ئەو سەرپێچییانە هەیە، بەڵام لە دەوروبەری هەولێر كە دەستدرێژییەكی زۆر لەسەر كارەبا هەیە، تا ئێستە پشتگوێ خراوە، ئەمەش وادەكات كاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان هەبێت.
وەزارەتی كارەبا بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای 24 سەعاتی دابین بكات، هەفتەی پێشوو "هەزار میگاوات بەرهەمی كارەبای زیاد كرد، ئێستە هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان بگەیەنرێتە شەش هەزار میگاوات."
فارس میرخان بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی كارەبا، بە"وشە"ی راگەیاند، "هەزار میگاوات كارەبا بۆ تۆڕی گشتی زیاد كراوە، ئەوەیش دوای كارپێكردنی چەندان یەكە لە دهۆك، هەولێر و سلێمانی.
گوتی، ئێستە هەرێمی كوردستان چوار هەزار و 800 میگاوات بەرهەمی هەیە، هەموو هەوڵێك دەدەین بەردەوام ڕێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكرێت، چونكە بەردەوام ژمارەی بەشداران لە زیادبووندایە و خواست لەسەر بەركارهێنانی كارەبا زیاد دەكات."
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی كارەبا دەشڵێت، "زیادكردنی بەرهەمی كارەبا لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی غازەوە دەبێت، واتە چەند بەرهەمهێنانی غاز زیاد بكات كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا هەیە، ئەو یەكانەی زیاد كراون بەهۆی غازەوەیە."
فارس میرخان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی لە سەرانسەری كوردستاندا پێویستی بە شەش هەزار میگاوات كارەبا هەیە، وەزارەتی كارەبا لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ڕێژەیە، ئەوەش كاركردنی پێویستە، بەتایبەتی دابینكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان.