پڕۆژەیاسای ڕزگاركردنی كورد هێشتا كاری زۆری ماوە و ئاستەنگی گەورەی لە بەردەمدایە

:: AM:08:37:03/02/2026 ‌
یاسای ڕزگاركردنی كورد بە فەرمی پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمەریكا كرا و بووەتە بەشێك لە پرۆسەی یاسادانان، بەڵام كاری زۆری ماوە، لەم راپۆرتەدا وردەكارییەكەی بخوێنەوە.

لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان و ریچارد بلومێنتاڵ سیناتۆری دیموكراتەكان، یاسای رزگاركردنی كوردییان پێشكەش بە ئەنجوومەنی پیران كرد.

وەك پێگەی لیندسی گراهام ئاماژەی پێ داوە، یاساكە وەڵامێكە بۆ هێرشەكانی هێزەكانی حكوومەتی سووریا بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەڵگەكان ئاماژە بەوە دەكەن هێرشەكان بۆ سەر هەسەدە بە هاوئاهەنگی و پشتیوانی دەوڵەتی توركیا ئەنجام دەدرێن.

پوختەی یاساكە 
-سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی حكوومەتی سووریا و دامەزراوە داراییەكانی حكوومەتەكە، هەروەها سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسێكی بیانی كە هەر مامەڵەیەك لەگەڵ حكوومەتی سووریادا بكات، لەوانە پشتیوانیكردنی سەربازی و دارایی حكوومەتی سووریا.

بەفەرمی ناساندنی رۆڵی هەسەدە بە سەرۆكایەتیی كوردەكان لە بەشداریكردنی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ شكستپێهێنانی داعش.

 یاساكە "سەپاندنەوەی سزاكان" لە خۆ دەگرێت كە سەرۆكی ئەمەریكا پابەند دەكات بە دەستبەجێ سەپاندنەوەی سەرجەم سزاكان، هەر كاتێك حكوومەتی سووریا دەستی كردەوە بە  هێرشەكانی بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات-هەسەدە و هاوبەشەكانی.

بەڵام پڕۆژەیاساكە وردەكاری و كارێكی زۆری لە بەردەمدایە تا ببێتە یاسا و بكەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەمبارەیەوە هەڤاڵ ڕەئووف یەحیا شارەزای یاساكانی ئەمەریكا وردەكارییەكەی خستووەتە روو.

هەڤاڵ باس لەوە دەكات، ئەم پڕۆژەیاسایە لە 29ی یەكی 2026 دا بە فەرمی پێشكەشی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا كرا، واتە یاساكە چووەتە ناو پرۆسەی یاسایی فەرمی لە ئەمەریكا و لە كۆنگرێس تۆمار كراوە. بەڵام پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسایەك بۆ ئەنجوومەنی پیران، مەرج نییە بەو مانایە بێت كە ببێتە یاسا، تەنیا سەرەتای گەشتەكەیە.

هەڤاڵ رەئووف یەحیا گوتی، ئێستە پڕۆژەیاسای ڕزگاركردنی كورد هێشتا پەسند نەكراوە و كاریگەریی یاسایی پابەندكەری نییە، بەو پێیەی هێشتا دەنگی كۆتایی وەرنەگرتووە. پڕۆژەیاساكە لە قۆناغە سەرەتاییەكانی پرۆسەی پەرلەماندایە، كە پێویستی بە كات و مشتومڕ و كۆدەنگی سیاسی هەیە پێش ئەوەی بتوانرێت بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت.

"بۆ تێگەیشتن لە چوارچێوەی یاسایی ئەم پڕۆژەیاسایە، زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بكەین، كۆنگرێسی ئەمەریكا لە دوو ژووری سەرەكی پێكهاتووە كە بریتین لە ئەنجوومەنی پیران (Senate) و ئەنجوومەنی نوێنەران (House of Representatives).  هیچ پڕۆژەیاسایەك ناتوانێت ببێتە یاسا، ئەگەر بە هەردوو ژوورەكەدا تێنەپەڕێت و ڕەزامەندیی ئەوان وەرنەگرێت."

 ئەو نووسەرە ئەوەشی گوتووە، پرۆسەی یاسادانان بەشێوەیەكی گشتی بەو شێوەیە دەست پێ دەكات كە پڕۆژەیاساكە لە لیژنە پێوەندیدارەكانی ئەنجوومەنی پیران تاوتوێ دەكرێت، لەوێدا لێكۆڵینەوە بۆ دەقەكان دەكرێت، كاریگەرییە سیاسی و یاساییەكانی دەخوێنرێتەوە و لەوانەیە لەم قۆناغەدا هەمواركردنی جۆراوجۆر پێشنیار بكرێت.

دوای تەواوبوونی قۆناغەكانی لیژنەكان، ئەگەر پڕۆژەیاساكە لەلایەن هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانی ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسند كرا، دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی پیران بۆ ئەوەی دەنگدانی گشتی لەسەر بدرێت. ئەگەر دەنگی زۆرینەی بەدەست هێنا، ئەوا دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، لەوێشدا مشتومڕی زیاتر و پێداچوونەوەی لەسەر دەكرێت، ئەگەری هەمواركردنەوەشی هەیە. ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەیاساكەی بەشێوەی كۆتایی پەسند كرد، ئەوا دەنێردرێت بۆ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئەوەی واژووی لەسەر بكات. هیچ پڕۆژەیاسایەك نابێتە یاسا تا بە فەرمی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە واژوو نەكرێت، لەو كاتەدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كاریگەری یاسایی پابەندكەری دەبێت.

وەك هەڤاڵ رەئووف یەحیا دەبێژێ، بە پشتبەستن بەوانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین، یاسای ڕزگاركردنی كورد بە فەرمی خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئێستە بەشێكە لە پرۆسەی یاسادانانی ئەمەریكا، بەڵام هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و هێشتا نەبووە بە یاسا. سەركەوتنی ئەم پڕۆژەیە پێوەستە بە ئاستی پشتیوانی سیاسی، كە لەناو كۆنگرێسدا وەریدەگرێت و بە دەرئەنجامی ئەو مشتومڕ و دەنگانەی كە لە قۆناغەكانی دواتردا ڕوو دەدەن. تا ئەو كاتە پڕۆژەكە وەك چوارچێوەیەكی یاسایی پێشنیاركراوی دەمێنێتەوە بەبێ هیچ پابەندبوونێكی یاسایی ڕاستەقینە.



وشە - سۆران عەزیز