چۆن پێوەندییەكی ترەمپ و شەرع هێڵی سووری بەسەر مالیكی هێنا؟

:: AM:10:11:03/02/2026 ‌
تویتەكەی ترەمپ كە بە توندی كاندیدبوون و بوونەوەی مالیكی بە سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو ڕەت كردەوە، چەند سەعاتێك دوای پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرعی سەرۆكی كاتی سووریا هات، بەشێك لە شارەزایان لەو بڕوایەدان ئەمە داوای شەرع بێ لە ترەمپ و لۆبی زۆریشی كردبێ، تا ڕێگریی لە بوونەوەی مالیكی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات، چونكە مامەڵەكردن لەگەڵ مالیكی قورسە و بە هیچ شێوەیەكیش ئامادە نییە ددان بە دەسەڵاتی شەرع و حكوومەتی كاتی سووریادا بنێت.

ئێستە لە ناوەندە سیاسییەكانی عێراق پرسیار و بۆچوونی جیاواز دروست بووە، ئایا ئەو هەڵوێستەی ترەمپ بۆچوون و باوەڕی نوێی ئەمەریكییەكان خۆیانە، یان دەستوەردان و لۆبیكردنە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێك كە ترسی لە گەڕانەوەی مالیكی بۆ دەسەڵات هەیە؟ ئەمە گومانی زۆری دروست كردووە و زۆر لەو بڕوایەدان ئەگەری دووەم زۆر بەهێزترە لەوەی بیروبۆچوونی ئەمەریكا خۆی بێ لە ڕێگرتن لە مالیكی، بەڵكو لۆبی و ویستی لایەنێكی تری ناوچەكەیە و ئەو لایەن و كەسەیش كە ئەو ویستەی هەبێت، جیا لە ئەحمەد شەرع كەسێكی تر نییە.

سەرۆكی كاتیی ئێستەی سووریا ئەحمەد شەرع چەندان ساڵ لە گرتووخانەكانی بەغدا گیرابوو لەو كاتەی مالیكی سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراقی دەكرد، واتە لە خولی یەكەم و دووەمیدا، بەر لەوەی شەرع بگەڕێتەوە دیمەشق و دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەو باكگراوەندەی شەرع و مالیكی هەیانە، ئەگەری ئەوە دێنێتە ئاراوە كە شەرع داوای لە ترەمپ كردووە هەنگاوێكی لەمجۆرە بنێت، بەمشێوەیە قەبارەی كاریگەریی ئەمەریكایش لەسەر عێراق تاقی دەكاتەوە. هاوكات وا دەخوێنرێتەوە كە شەرع بۆ ئەو ئامانجە لۆبی زۆریشی لە واشنتن كردبێ و بە تەنیا لە ڕێگەی داوایەكەوە لە ترەمپ ئەو كارەی ئەنجام نەداوە.

سەعید ئەلبەدری شارەزای سیاسی عێراق لەوبارەیەوە بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندووە، ئەو گریمانەیە ناكرێ بە دوور ببینرێت، كە لایەنێكی ناوخۆ یان دەرەكی لۆبی كردبێ و لەگەڵ كۆمپانیاكانی فشار دروستكردن بە زەبری پارە بۆ ئەوەی بڕیارە لە واشنتن دروست بكەن و دژی مالیكی بوەستنەوە، ئەمە چ لە ڕێگەی میدیاكانی ئەو وڵاتەوەیە، یان لە ڕێگەی كەناڵی پێوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسە دەستڕۆیشتووەكانی ئەمەریكا.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، تۆماری حكوومەتی ترەمپ پڕە لەو هەنگاو و بڕیارانەی كە لە ئەنجامی كاریگەری و فشاری كۆمپانیاكانی لۆبیكردن دەهێنرێنە بوون، بەتایبەت كاتێك بەرژەوەندیی سیاسی و ئامانجی هەڵمەتی چڕی میدیایی یەكدەگرنەوە، ئەمە جۆرێك لە جێگیری لە ناوخۆی ئەمەریكا دروست دەكات،  ئەمە شرۆڤەیەكی زۆر لۆجیكی و بەجێیە كە كێشانی هێڵی سوور بەسەر مالیكی لەلایەن ئەمەریكاوە، ئەگەر بەڵگەی یەكلاكەرەوەیش نەبێت.

لەلایەكی ترەوە ڕیاز ئەلوەحیلی توێژەری سیاسی ڕوونی كردووەتەوە، ڕۆڵی لۆبی ناكرێ لەبەرچاو نەگیرێت، بە پێچەوانەوە دەكرێ كرۆكی ئەو بڕیارەی ترەمپ لەبارەی نووری مالیكی لەو ڕووەوە هەڵقوڵابێت.

زیاتر گوتی، هەر كەسێك لۆبی واشنتن لە دۆسیەی دانانی هێڵی سوور بەسەر نووری مالیكی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران پەراوێز بخات، واقیع و ڕاستییەكان پەراوێز دەخات، بۆیە هیچ ئەستۆپاكییەك لە گۆڕەپانی ئەمەریكا نییە كە دژی ئەوە بوەستێتەوە، بە فشاری پێشوەختە و بە زەبری پارە ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی مالیكی بە سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی عێراق بكات.

ئەلوەحیلی ئەوەیشی گوتی، بازاڕی گرووپەكانی فشار لە ئەمەریكا بە لۆجیكی بەرژەوەندی و پارە كار دەكات نەك بنەما و ڕاستییەكان، حكوومەتی ترەمپیش یەكێكە لەو حكوومەتانەی كە زۆرترین كاریگەریی گرووپەكانی فشاری لەسەرە، چونكە ترەمپ و زۆربەی ئەندامانی كابینەكەی بازرگانن و بەرژەوەندیی كۆیان دەكاتەوە.

بە گشتی شارەزایان و توێژەران ئەم بڕیارە چاوەڕواننەكراوەی ترەمپ بۆ سێ هۆكاری سەرەكی دەگەڕێننەوە، یەكەمیان خواستی ئاشكرای ئەمەریكا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی یاریكردنەكانی لە عێراق، دووەمیان پەیام لە دیمەشق و شوێنی ترەوە، بۆ كردنەوەی دۆسیەكانی ڕابردوو، سێیەم فشاری لۆبییەكان كە بە زەبری هێز و پارە كار دەكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د