دۆسیەی بەڵگەكانی جیفری ئهپستاین تۆمەتبار بە بەڕێوەبردنی تۆڕی بازرگانیكردن بە كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ كە لە ساڵی 2019 لە گرتووخانە لە ویلایەتی نیویۆرك بە كوژراوی دۆزرایەوە، گەیشتە دوای وێستگە، دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو لە ژێر فشاری شەقامی ئەمەریكا، بە ملیۆنان بەڵگەی ئەو پیاوەی بە فەرمی بڵاو كردەوە، ئەمەیش كاردانەوەی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی ناوی چەندان سەرۆك و بەرپرسی گەورەی وڵاتان لە ناو بەڵگەكان هەبوون، كە چوونەتە دوورگە تایبەتەكەی ئاپستاین و لە دۆسیە ئابڕووبەرەكان تێوەگلاون.
جیفری ئهپستاین كە ملیاردێرێكی دیار بوو و دوای ئەوەی ناوی بە بازرگانیكردن بە كچانی خوار 18 ساڵ تێوەگلا، دواتر ڕوون بووەوە كە لە دنیای سیاسەت و هەواڵگری و كار و پڕۆژەی ساختەی نێودەوڵەتیش تێوەگلاوە. هەرچەندە حكوومەتی ئەمەریكا بە توندی كاری دەكرد كە بەڵگەنامەكان بڵاو نەكرێنەوە، بەڵام وەزارەتی دادی ئەمەریكا دوای ئەوەی شەقامی ئەو وڵاتە و یاساناسان فشارێكی گەورەیان دروست كرد، ناچار بوو بەڵگەنامەكان بڵاو بكاتەوە.
ئاگری ئەو بەڵگەنامە بڵاوكراوانە چاوەڕوان ناكرێ زوو خامۆش ببێ، ئێستە لە شەقامی ئەمەریكا پرسیاری ئەوە دروست بووە كە بۆچی ترەمپ هێندە دژی بڵاوبوونەوەی بەڵگەكان بوو؟، ئایا خۆی تێوەگلاوە یان شتێك دەزانێ و دەیشارێتەوە؟، یانیش وەك بازرگان ئەندامی ئەو كارە قێزەونانە بووە كە لەسەر دوورگەكەی ئهپستاین ڕووی داوە، كە وەك دوورگەی سێكس و كات ڕابواردن ناوی دەركردووە.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو وەزارەتی دادی ئەمەریكا، دوا كاروانی بەڵگەكانی جیفری ئهپستاینی بڵاو كردەوە كە خۆی لە سێ ملیۆن لاپەڕە لە بەڵگە و دیكۆمێنت دەبینێتەوە، زیاتر لە 180 هەزار وێنە و هەزار ڤیدیۆ لە ناو بەڵگەكان بوونیان هەیە و ئێستە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دادی ئەمەریكا وەشێنراون. دوای بڵاوبوونەوەی بەشێك لە میدیاكار و چاودێران ڕەخنەیان لە وەزارەتی داد گرت كە هەندێك لە بەڵگەكان دەسڕێنەوە، لەو كاتەی كە دەیانكەیتەوە، پام بۆندی جێگری وەزیری دادی ئەمەریكا دەڵێ، بەڵگەنامەكان یەكجار زۆرن كە بڵاومان كردوونەتەوە، ئەمە كۆتایی بەڵگەكانە كە حكوومەتی ترەمپ بە فەرمی و بە پشتبەستن بە یاسای دیودەری لەبارەی دۆسیەی ئهپستاین خستوویەتیە ڕوو.
لە ناو بەڵگە نوێیەكان چەندان جار ناوی دۆناڵد ترەمپ هاتووە، وەزارەتی داد لەوبارەیەوە ڕای گەیاندووە، ئەو ڕاپۆرت و بەڵگانەی پێوەستن بە سەرۆكەوە یان هەر ناودارێكی تر، ناكرێ هیچ تۆمەتێكیان ئاراستە بكرێت، چونكە بەشێك لە ڕاپۆرت و بەڵگەكان زۆر ورد و باوەڕپێكراو نین. لەبارەی شاردنەوەی بەشێكی ناو بەڵگەنامەكان وەزارەتی داد نووسیویەتی، ناوی قوربانیان و كەسایەتییەكانە بۆ ئەوەی ئابڕووی قوربانییەكان بپارێزرێت، ناوەكانیان حەشار دراون.
ترەمپ لە بەڵگە نوێیەكاندا
ئەو سێ ملیۆن بەڵگە نوێیەی كە بڵاو كراونەتەوە، بە وردی تیشك دەخەنە سەر پێوەندیی نێوان جێفری ئهپستاین و دۆناڵد ترەمپ و چەندان ناوی دیاری تری دنیا هاتووە، وەك ئەندرۆ ماونتباتنی شازادەی پێشووی بەریتانیا، یرۆسلاڤ لایچاك ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی، سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا ڕۆبەرت ڤیتسۆ، دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەكان، لایچاك بە فەرمی دەستكێشانەوەی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەتان جار ناوی لە ناو بەڵگەكاندا هاتووە و سی ئێن ئێن دەڵێ، زیاتر لە هەزار جار ناوی ترەمپ هاتووە، تۆمەتی ناپشتڕاستكراوە لە بەڵگەكان دراوە ترەمپ بەوەی تاوانی سێكسی ئەنجام داوە، یەكێك لە بەڵگەكان تۆمەتی تاوانی سێكسی دژی ترەمپ ورووژاندووە، بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە كە بەڵگەكان كەوتوونەتە دەست ئێف بی ئای، پۆلیس كار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەكات و تەنانەت قوربانییەكیش دۆزرایەوە كە باسی لەوە كردووە، ترەمپ لاقەی كردووە لە تەمەنی 13 ساڵیدا.
ئیلۆن مەسك و كیڤن وارش
جیا لە ترەمپ هەریەك لە ئیلۆن مەسكی هاوڕێی ترەمپ و خاوەنی كۆمپانیای ئێكس و ستیڤ بانۆن ڕاوێژكاری پێشووی، لە بەڵگە نوێیەكان ناویان هاتووە، بە گوێرەی بەڵگەكان مەسك لە ماوەی 2012 تا 2013 نامەی لەگەڵ ئهپستاین گۆڕیوەتەوە و تێیدا حەزی خۆی نەشاردووەتەوە كە دەیەوێ سەردانی دوورگەكەی بكات. لە بەرانبەردا ئهپستاین پرسیاری ئەوەی لێ دەكات كە چەند یاوەر و پاسەوان لەگەڵ دەبێت، پێویستە سەردانەكەیشی بە نهێنی و ئاشكرا نەبێت. هاوكات لە 2012 هاوارد لۆتنیكی وەزیری ئەوكاتی ئابووری ئەمەریكا داوەت كردووە، تا سەردانی دوورگەكە بكات، بەڵام دواجار هاوسەری لۆتنیك سەردانەكی قبووڵ كردووە و چووە بۆ دوورگەكه.
جیا لەوانە ئهپستاین چەند مانگێك بەر لە مردنی نامەی لەگەڵ ستیڤ بانۆنی ڕاوێژكاری پێشووی ترەمپ گۆڕیوەتەوە و باسی گەشت و سیاسەت دەكەن، لە یەكێك لە نامەكاندا هاتووە، بانۆن بەڵێنی پێ داوە كە یارمەتی دەدات و لە گرتووخانە ئازادی دەكات، هاوكات ئهپستاین لە نامەیەكدا بۆ بانۆن نووسیویەتی، ئەمڕۆ دەتوانی لەوە بگەیت كە بۆچی ترەمپ لە نیوە شەو بە ئاگا دێ و عەرەق دەكاتەوە، كاتێك ئەوە دەبیستێ كە من و تۆ هاوڕێین.
لەلایەكی ترەوە كیڤن وارش كاندیدی ترەمپ بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریكا، ناوی لە بەڵگەنامەكان هاتووە و نامەیەكی لە بەرپرسێكی پێوەندییەكانی ئهپستاین بۆ هاتووە كە ناوی 43 كەسی تێدایە، لەوانە مارسا ستیوارت و كیسی واسیرمان كە لە ڕێگەی ئیمەیلەیشەوە ئەو و جێلسن ماكسوێل گفتوگۆیان كردووە، لە كاتێكدا جێلسنیش لەگەڵ جێفری لە گرتووخانەدا بووە.
جیا لەوانە ناوی هەریەك لە شازادە ئەندرۆی شازادەی پێشووی بەریتانیا و سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا كیر ستارمەر، هەروەها شازادەی جێنشینی نەرویج میتە ماریت، ناریندار مۆدی سەرۆك وەزیرانی هیندستانیش بەر نەفرەتی ئهپستاین كەوتووە. ئهپستاین دەڵێ سەرۆك وەزیرانی هیند سەما و گۆرانی لە ئیسرائیل بۆ بەرژەوەندیی ئەمەریكا كردووە. ناوی توركیایش هاتووە كە بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار كچی خوار 18 ساڵی بە ئهپستاین فرۆشتووە.