بۆچی باڵادەستی چین به‌سه‌ر كانزا ده‌گمه‌كان كۆتایی نایەت؟

:: PM:01:14:04/02/2026 ‌
چین هاوردەكارێكی بە هەژموونی كانزا دەگمەنەكانە كە بۆ دروستكردنی پاتری ئۆتۆمۆبێلی كارەبایی و تابلۆی وزە بە تیشكی خۆر و موگناتیسی بزوێنەری پەروانەكانی دەسكەوتنی وزە، لە ڕێگەی با و زۆر بابەتی تر، سەرەڕای هەوڵی زۆری وڵاتان تا هەژموون و باڵادەستی چین لەسەر كانزا دەگمەنەكان نەهێڵن و ئەو بەربەستە تێپەڕێنن، بەڵام ئەمە كارێكی قورسە و وا بە ئاسانی نایەتەدی، بەڵام ئاخۆ هۆكار چییە و بۆچی ناتوانرێ باڵادەستی چین لەسەر كانزا دەگمەنەكان نەهێڵرێت.

زۆر وڵاتی تر سوورن لەسەر ئەوەی بەرەنگاری ئەو هەژموون و باڵادەستییەی چین لە دەرهێنانی كانزا دەگمەنەكان ببنەوە، چونكە لەو بڕوایەدان ئەگەر بیانەوێ كێبەركێ لە بازاڕ دروست بكەن، پێویستە ئەو كانزا دەگمەنانەیان لە بەردەست بێ تا بتوانن بە خێرایی گەشە بكەن و وەبەرهێنان لە بواری وزەی پاك بكەن.

ئەو هەژموونەی چین ئەو كاتە ڕوون بووەوە كە لە ساڵی 2025 لە بەرانبەر سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر چین لەلایەن ئەمەریكاوە، پەكین هەناردەی كانزا دەگمەنەكانی كەم كردەوە، ئەوكاتە وڵاتان بۆیان ڕوون بووەوە كە بێ كانزا دەگمەنەكانی چین، ئەستەمە وەبەرهێنانی زەبەلاح لە بواری سەرچاوەی وزەی نوێ یان وزەی پاك بكەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەوكات لە بەرانبەر ئەو كاردانەوەیەی چین، دەستی بە گرتنەبەری كۆمەڵێك ڕێوشوێن كرد، بۆ هاوردەكردنی ئەو كانزایانە لە شوێنی ترەوە و پارەی زۆری خستە وەبەرهێنان، لە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی ئەو كانزایانە و ئامادەكردنیان لە ناوخۆی ئەمەریكا، هەروەها پارەداركردنی پڕۆژەی هاوشێوەی لە بەرازیل تا ئوسترالیا خستەگەڕ، بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی لە بواری كانزا دەگمەنەكان دروست بكات.

بەو ئامانجەوە ئەمەریكا پلانی دانا و سندووقێكی بە بڕی 12 ملیار دۆلار دامەزراند، تا بەو پارەیە كۆگەی ستراتیجی ئەو كانزایانە دروست بكات و وەبەرهێنان لەو بوارە بە چڕی ئەنجام بدرێت.

كانزا دەگمەنەكان یان زیندووەكان چین؟
هەریەك لە ئەمەریكا و ئەوروپا نزیكەی 50 جۆر كانزایان پۆلێن كردووە و خستوویانەتە لیستێكی تایبەتەوە و بە كانزا زیندووەكان یان دەگمەنەكان ناو دەبرێن، بەردەوامیش ئەو وڵاتانە وێڵن بۆ دەستكەوتنی زیاتری ئەو كانزایانە، چونكە ئەمە هۆكارە بۆ پێشڤەچوونی توانا پیشەسازی و سەربازییەكانی هەر وڵاتێك كە زۆرترین بڕی لەو كانزایانە هەبێت.

گرنگترین ئەو كانزایانە بریتین لە "لیسیۆم، گرافیت، كۆبلت، مەنگەنیز" و هی تری كە بە گانزای دەگمەن هەژمار دەكرێن، رۆڵێكی گرنگ و سەرەكی دەگێڕن، لە دروستكردنی بەرهەمە ئەلیكترۆنی و كارەبایی و موگناتیسییەكان. تەواو ئەو كانزایانە لەسەر ئەو بنەمایە خراونەتە لیستی دەگمەنەكانەوە، چونكە ڕۆڵێكی یەكجار گرنگ و میحوەری دەگێڕن لە پەرەپێدانی ژێرخان و كەمبوونەوەی پیسبوونی كاربۆنی كەشوهەوا كە دەبێتە هۆی گۆڕانی كەشوهەوا، سەرەڕای ئەوەیش بەشێك لە وڵاتان ئەو كانزایانە بۆ دروستكردنی گەیەنەری تایبەت بە پێوەندی مەدەنی و سەربازی بەكار دەهێنن.

بۆچی دەستەبەری ئەو كانزایانە بووە بە ئاڵنگاری؟
لە زۆربەی شوێنەكانی زەوی كانی ئەم جۆرە كانزایانە بوونیان هەیە، بەڵام لە حاڵەتی خامدان، دەرهێنان و پاڵاوتن و پاككردنەوە و گۆڕینیان بۆ كەرەستەیەك كە توانای بەكارهێنانی لە بواری پیشەسازی هەبێت، پرۆسەیەكی یەكجار ئاڵۆزە و تێچوویەكی زۆری دەبێ و دەستی كاری زۆری دەوێ، جیا لەوەیش شوێنەواری زۆر خراپ بەسەر ژینگە جێدەهێڵێت.

چین بەهۆی زۆری و هەرزانیی دەستی كار و فرەوانی خاكەكەی و گرنگیدانی تایبەت بەو كانزایانە بەتایبەت لە پرۆسەی دەرهێنان، ئامادەكردنی بۆ كاری پیشەسازی دەستی بەسەر بازاڕی دنیا گرتووە و هەناردەكاری سەرەكی ئەو كانزایانەیە بۆ وڵاتانی تری دنیا.

بۆچی پشتبەستن بە چین بۆ دەسكەوتنی ئەو كانزایانە تەنگژە دروست دەكات؟
كارگە زەبەلاحەكانی پیشەسازی لە وڵاتانی دنیا نەك تەنیا بۆ ئەو كانزایانە، بگرە بۆ بەرهەمی تریش، هەرگیز نایانەوێ پشت بە یەك سەرچاوە ببەستن، بەڵام ئێستە هیچ چارەیەكی تریان نییە، هەرچەندە ئەمە لە ڕووی ستراتیجییەوە گرفتە، چونكە تێكچوونی دۆخی تەناهی ئەو وڵاتە، دروستبوونی كێشە لە دستی كار و بڵاوبوونەوەی پەتا و هۆی تریش دەبنە هۆی وەستانی گەیشتنی ئەو كانزایانە بە كارگە زەبەلاحەكان.

شی جین پینگ لە ساڵی ڕابردووەوە بە وەبەرهێنان لە دەرهێنان و ئامادەكردنی ئەو كانزایانە، هەژموونی خۆی بەسەر دنیا سەپاند، ئەمەیش وایكرد كە ترەمپ دەست بە دانوستاندنی بازرگانی لەگەڵ چین بكاتەوە و ماوەی ساڵێك ئارامی بۆ مامەڵە بازرگانییەكان لە نێوان هەردوو وڵات ڕاگەیاند.

چۆن چین هەژموونی بەسەر كانزا دەگمەنەكان لە دنیا سەپاند؟
ئەمە كاری ئێستە نییە، بگرە لە ساڵی 1992 سەرۆكی پێشووی چین دنگ شیاو پینگ سەرنجی لە دەوڵەمەندی وڵاتەكەی لەو بوارە دا و گوتی، ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەمەندە بە نەوت، چینیش دەوڵەمەندە بە كانزا دەگمەنەكان، لەوكاتەوە دەست بە وەبەرهێنان و كاركردن لە كانی ئەو كانزایانە كراوە و دەردەهێنرێن و ئامادە دەكرێن، ئێستەیش لە لووتكەی گەشەسەندایە و زۆرترین بەرهەمی ئەو كانزایانە لە چینەوە دەست دەكەوێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د