شنگالییەكان جارێكی تر بوونە دراوسێی چەكدارانی داعش

:: PM:03:48:04/02/2026 ‌
بەهۆی چوونی هێزەكانی حكوومەتی كاتی سووریا بۆ سەر سنووری عێراق لە شنگال، هێزەكانی یەپەشە و حەشدی شەعبی نیگەرانن و بەو هۆیەشەوە چەندان رۆژە كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی.

شنگال نزیكەی 80 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان و سووریا هەیە. لە ساڵی 2015 و دوای تێكشكاندنی داعش، ئەو سنوورە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)دا بوو، بەڵام لەم ماوەدا بەخێرایی دۆخەكە گۆڕا و ئێستە چەكدارانی توندڕەوی سووری كە پێشتر بەشێكیان لەناو داعش بوون، بوونەتە دراوسێی شنگال و ئێزیدییەكان.

پێشتر بەهۆی ئەو چەكدارانەوە سنووری شنگال بوونە قوربانی و هەزاران كەسیان لێ كوژرا، هەزارانیشیان لێ گیرا، بۆیە بەهاتنەوەیان بۆ سنووری شنگال، ترس و نیگەرانییان لە ناوچەكە دروست كردووە.

فەرماندەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال بە راگەیاندنی عێراقیان گوتووە، ئەوان ئامادەكارییان زۆر كردووە، پێیان وا نییە چەكدارانی سووری بەتایبەت توندڕەوەكانیان هێرشی سنووری عێراق بكەن.

باسیان لەوەش كردووە، راستە خەڵكی سنوورەكە بەهۆی ئەوەی پێشتر قوربانی ئەو چەكدارانە بوون ئێستە دەترسن، بەڵام بەڕاستی هیچ ترسێكی ناوێت و هێزی عێراقی ئامادەكاریی گەورەیان كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك.

شیعەكان بەگشتی بەهاتنی هێزی سووری بۆ سەر سنوورەكانیان نیگەرانن، پێیان وایە پلانێك هەیە كە لەو رێگەیەوە هێرشی سەر عێراق بكرێت، بەڵام حكوومەتی كاتیی سووریا دڵنیایی داوە كە هیچ مەترسییەك بۆ دراوسێكانی دروست ناكات.

هێزەكانی ئێستەی سووریا ئەگەرچی سەربە حكوومەتی كاتین و لە ژێر ناوی سەربازی سووری دەردەكەون، بەڵام بەشی زۆریان پێشتر سەربازی داتش و قاعیدە و هێزە تیرۆرستییەكانی تری سووریا و عێراق بوون.

 



وشە - سۆران عەزیز