ئەمڕۆ پێنجشەم وادەی پەیماننامەی نیو ستارتی ئەتۆمی كە وڵاتانی ئهمهریكا و ڕووسیا واژوویان كردووە، كۆتایی دێ. ئەمەیش پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا لەبارەی ئاسایشی دنیا هێناوە، لە ئەگەری نائامادەیی هیچ ڕێگری و ڕێوشوێنێك بۆ كۆنترۆڵكردنی وڵاتان و دەستبەستنەوەیان لەوەی كە چەكی ئەتۆمی دژی یەكتر بەكار نەهێنن.
پەیماننامەی
نیو ستارت كە ساڵی 2010 جارێكی تر لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ڕووسیا واژوو كرایەوە، بۆ دانانی سنوورێك لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، بەگوێرەی پەیمانەكە، هەردوولا سنووریان بۆ دانراوە كە نابێ لە 800 سەكۆی هەڵدانی مووشەكی زەبەلاح و هەزار و 550 مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی زیاتریان هەبێ و بڵاوەی پێ بكەن. هاوكات میكانیزمی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیش لە پەیماننامەكە ڕوون كراوەتەوە تا هەردوولا پابەند بكات.
كۆتایی ئەو پەیماننامەیە واتە گۆڕانكارییەكی گەورە و دەستكرانەوەی واشنتن و مۆسكۆ بۆ دروستكردنی مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمیی زیاتر و دانانی سەكۆی زیاتری هەڵدانی مووشەكی زەبەلاح، چونكە ئیتر هیچ چاودێر و سانسۆرێك بەسەر هەردوو وڵات بوونی نامێنێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ڕووسیا لە شەڕدایە لە دژی ئۆكراینا و ئەمەریكایش گرژییەكانی لەگەڵ ئێران گەیاندووەتە لووتكە.
شارەزایان دەڵێن، كۆتایی پەیماننامەكە و نوێنەكردنەوەی دنیا بەرەو قۆناغێكی تەمومژاوی دەبات، كێبەركێی پڕچەككردن و دروستكردنی پیشەسازیی چەك دەباتە قۆناغێكی تر.
دوێنێ چوارشەم وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دووپاتی كردەوە، سبەی كۆتایی بە وادەی چالاكی پەیماننامەی نیو ستارت دێ و مۆسكۆ چیتر پابەند نابێ بەو پەیماننامە و هەر لێكگەیشتنێكی تر لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا. ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پێشتر مۆسكۆ دووپاتی لەوە دەكردەوە، پێویستە بە ژیری و بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ چەكی ئەتۆمی و بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتان بكرێت.
هاوكات لە میانەی گفتوگۆی لەگەڵ هاوتا چینییەكەی شی جین پینگ، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیا گوتی، مۆسكۆ بە ژیری و بەرپرسیاریەتییەوە لەو دۆخەی ئێستە مامەڵە دەكات، یۆری ئۆشاكۆڤ لە میانەی دیداری لەگەڵ ڕۆژنامەوانان، ئەو وردكارییانەی خستە ڕوو و زیاتر گوتی، ئێمە كراوەین بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ و گەرەنتی مانەوەی ئاسایشی ستراتیجی دنیا، بەڵام واشنتن بێدەنگی هەڵبژاردووە لەمبارەیەوە و نیازی خۆی دەشارێتەوە لەو قۆناغەدا.
لە بەرانبەردا مارك رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، ئێستە هیچ قسەیەكی لەبارەی كۆتایی پەیماننامەكە و هەڵوێستی دواتری ئەمەركا نییە، لە داهاتوویەكی نزیك دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا زانیاری و هەڵوێستی ئەمەریكا لەوبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.
رۆبیۆ هێمای بۆ ئەوەیش كرد، لە گفتوگۆكانی داهاتوو لەبارەی هەر پەیماننامەیەكی تر لەسەر ئەو پرسە، واشنتن ئارەزوو دەكات كۆماری چینیش بەشداریی بكات و هاوشێوەی واشنتن و مۆسكۆ پابەندی پەیماننامەكان بێت.
ڕۆژنامەوانان لەوبارەیەوە دەڵێن، ترەمپ پێشتر بەڕوونی قسەی كردووە لەسەر ئەو پرسە و ڕای گەیاندووە كە لە پێناوی بەدیهێنان كۆنترۆڵی ڕاستەقینە بەسەر چەك لە سەدەی بیست و یەكدا، مەحاڵە پەیماننامەیەك بە بێ چین واژوو بكرێ، چونكە كۆگەكانی چەك لە چین ڕۆژ دوای ڕۆژ فرەوانتر و گەورەتر دەبن.
كرێملین پێشتر هۆشداریی دا و ڕوونی كردەوە، دنیا خۆی لە دۆخێكی تەواو مەترسیدارتر لە پێشوو دەبینێتەوە، ئەگەر پەیماننامەكە كۆتایی بێ و نوێ نەكرێتەوە، لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری ڕابردوویش ڤلادیمێر پوتین پێشنیازی درێژكردنەوەی ساڵێكی پەیماننامەكەی بۆ ئەمەریكا كرد، هاوتا ئەمەریكییەكەی بە بیرۆكەیەكی باشی ناو برد، بەڵام ئەمەریكا نەهاتە پێشەوە، بۆیە ئەمڕۆ كۆتایی بە وادەی پەیماننامەكە دێت.
پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە 2019 بە فەرمی لە پەیماننامەی گەورەی چەك داماڵین لەبارەی مووشەكی ئەتۆمی مەودا مامناوەند كشایەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتیریش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لە واشنتن و مۆسكۆ كرد، پەلە بكەن لە واژووكردنی ڕێككەوتنێكی نوێ و دووپاتی كردەوە، كۆتاهاتنی وادەی پەیماننامەی ئێستە ساتێكی گرژ و پڕ گرفتە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. بۆیە داوای لە هەردوو وڵات كرد كە بۆ مێزی گفتوگۆكردن بگەڕێنەوە بێ دواكەوتن، تا جێگرەوەیەكی ئەو پەیماننامەیە بدۆزنەوە و لەسەری بگەن بە ڕێككەوتن.
هاوكات فڕەنسا كە تاكە هێزی خاوەنی چەكی ئەتۆمییە لە یەكێتیی ئەوروپا، داوای لە وڵاتانی خاوەنی چەكی ئەتۆم كە بریتین لە ئەمەریكا و ڕووسیا و چین كرد، بەیەكەوە كار بكەن لە پێناوی سیستمێكی نێودەوڵەتی كە سنوورێك بۆ پڕچەككردن دابنێت.
وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا كۆتایی نیو ستارتی بە سەرەتای زۆرتركردنی كڵاوە ئەتۆمییەكان ناو برد لە دنیا كە لە دوای جەنگی ساردەوە دنیا ئەو دۆخەی بەخۆیەوە نەبینیوە، لەلایەكی ترەوە هەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی چەكی ئەتۆمی داوای لە ڕووسیا و ئەمەریكا كرد، بە ئاشكرا پابەندبوونی خۆیان بە پەیماننامەی نیو ستارت ڕابگەیەنن، تا دەست بە گفتوگۆ دەكەن و دەگەن بە پەیماننامەیەكی تر لەسەر ئەو دۆسیەیە.