هەردوو بانكی ڕەشید و ڕافیدەین، بەخشینی قەرزیان بە هاووڵاتییان ڕاگرت بەهۆی نەبوونی سیولە و پارەی پێویست، سەرچاوەیەكیش باس لەوە دەكات، ماوەیەك بەر لە ئێستە پارەی تەواو لەو دوو بانكە هەبوو و نازانرێ چۆن و بۆ كوێ خەرج كراوە؟
سەرچاوەیەك ئەمڕۆ پێنجشەم بە
شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، بانكەكانی حكوومەت بە دیاریكراویش بانكی ڕافیدەین و ڕەشید دابەزینی گەورە لە پارەی نەختینە و سیولە تێیاندا دروست بووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر پارەیەكی زۆر خراوەتە سەر هەژماری ئەو دوو بانكە بۆ پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان، بەڵام ئێستە بەخشینی قەرز بە هاووڵاتییان لەلایەن ئەو دوو بانكەوە بەهۆی نەبوونی سیولە و پارەی پێویست ڕاگیراوە، ئەمەیش پرسیار و گومانی زۆری دروست كردووە، پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ سەرانی ئەو دوو بانكە بكرێ و بزانرێ چۆن و بۆچی پارەی گشتیان بەهەدەر داوە و چییان بەسەر ئەو پارە زۆرە هێناوە كە لە ڕابردوویەكی نزیك بەو دوو بانكە بەخشراوە.
ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوەیش كرد، نەبوونی پلانی ستراتیجی گەشەپێدان و نەبوونی تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو لە سیستمی بەڕێوەبردنی ئەو بانكانە، كاركردن بە سیستمی كلاسیكی و بەكارهێنانی قەڵەم و كاغەز، هۆكارن و ڕۆڵی سەرەكی دەگەڕێن، لە پاشەكشەی ئەدای ئەو بانكانە و نەگەیشتنیان بە ڕیزی بانكە پێشكەوتووەكان.
ئەو سیستمە دواكەوتووە وایكردووە پێچەوانەوە لەبری زیادكردنی داهات بۆ حكوومەت، ئەو بانكانە بوونەتە بارگرانی بەسەر گەنجینەی دەوڵەتەوە، بۆیە چاودێران و شارەزایان داوا دەكەن كە لایەنەكانی چاودێری دارایی و پەرلەمانتاران، هەڵوێست وەربگرن و لە كارەكانی ئەو دوو بانكە و بانكەكانی تریش بكۆڵنەوە.
سەرچاوەیەك لەوبارەیەوە گوتی، زۆر گرنگە كە پەرلەمان ڕێوشوێنی پێویست لە دژی بانكەكان بگرنەبەر، تا گۆڕانكاری لە دەستەی كارگێڕی بانكەكان بكرێ و كەسانی شارەزا و بە ئەزموون و پشتبەستوو بە تەكنەلۆجیای سەردەم بخرێنە ناو ئەو بانكانەوە، تا ئەو بانكانە بەرەوپێشەوە بچن و ببن بە دامەزراوەی پێشكەوتوو و ڕۆڵی كارا ببینن لە پشتیوانیكردنی ئابووری نیشتمانی.
هاوكات پێویستە لێپێچینەوە لە كەمتەرخەمەكان و ئەو كەسانە بكرێ كە هۆكارن لە شكستی ئەو بانكانە و ڕێگرن لە بەرەوپێشبردنیان، بەدواداچوون بۆ مامەڵەكانی بانكەكان بكرێ و سزای ئەوانە بدەن كە بەرپرسن لە بەهەدەردانی ماڵی گشتی، كە بوونی گەندەڵیی گەورە لە ناو ئەو بانكانە هەیە، بە تایبەت پرسی بەخشینی قەرز و سولفە كە لەسەر بنەمای مەحسووبیەت و مەنسووبیەت بە خەڵك دەدرێ، پێویستە ئەو دۆسیانە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایییان تێدا بكرێت، جیا لە دۆسیەی لقی دەرەوەی عێراقی ئەو بانكانە كە هەڕەشەی داخستنیان لەسەرە، بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و شكستهێنانیان و دانانی كەسی نەشیاو لە پۆستە گرنگەكانی ئەو بانكانە.