دوێنێ هەینی شاندی تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی سوڵتاننشینی عومان كۆبوونەوە، بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ، دانیشتنەكەی مەسقەت بۆ ئەوە نەبوو كە بگەین بە ڕێككەوتن، بەڵكو تاقیكردنەوەی نیازی یەكتر و بەردەوامیدان بوو بە گفتوگۆكان.
ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بە پێگەی "
ئەلحوڕە"ی ئەمەریكی ڕاگەیاندووە، ئامانج لە دانیشتنەكان تاقیكردنەوەی نیازی یەكتر بوو لەلایەن هەردوولا، كە ئاخۆ ڕژدن لە گفتوگۆكان و ئامانجیانە دانوستاندنەكان بەردەوامی پێ بدرێت، بەتایبەت بەلای ئەمەریكاوە، دەمانویست ڕژدیەتی ئێران تاقی بكەنەوە و بە تەواوی لە یەكتر تێبگەین، كە بواری دیپلۆماسی ماوە یان بە بنبەست دەگات.
زیاتر گوتی، كۆتاهاتنی دانیشتنەكەی هەینی، بۆ كێشە و جێهێشتنی یەكتر هەنگاوێكی گرنگ بوو و ئەمەیش پێشكەوتنێكی دەستەبەر كراوە، ئەمەیش ئامانجێكی تری واشنتن بوو لەبارەی قۆناغی دواتر، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕوونی كردەوە، هەنگاوی داهاتوو بریتی دەبێ لە وەستان بۆ دانانی تەوەری گفتوگۆكان، شاندی هەردوولا گەڕانەوە بۆ پایتەختەكانیان تا دۆخەكە لای حكوومەتەكانیان هەڵبسەنگێنن، بگەن بەو ئەنجامەی كە پێویستی بە تێكەڵبوونی زیاتر و هەنگاوی زیاتری سیاسییە، ئەمە دەرچەیەكە، نەك ڕێڕەوێكی دانوستاندنی تەواو، ئەگەر ئێران كاردانەوەی بەردەوامیدان بە گفتوگۆی دیپلۆماسی هەبوو، دانیشتنەكان بەردەوام دەبن، ئەگەر ئامادەی بەردەوامیدان بە دانیشتن نەبوو، ئەوا بژاردەی تر ئامادەن.
ئاماژەی بەوەیش دا، دۆخی سەربازی نەگۆڕاوە و حكوومەتی سەرۆك ترەمپ و بەڵێنی زۆر ئارامگرتن نادات، دانیشتنەكان كات بە تاران دەبەخشن، تا بزانین چی دەكات و تاران یەكلای دەكاتەوە كە دواتر چی ڕوو دەدات؟.
ڕۆژی هەینی هەریەك لە ئێران و ئەمەریكا لە مەسقەت دانیشتن، بۆ ئەوەی گرژییەكانی نێوانیان كەم بكەنەوە و كێشەكانیان بە دانیشتن چارەسەر بكەن، بەتایبەت لە دۆسیەی بەرنامەی ناوكی ئێران، بەڵام تا ئێستەیش ناكۆكی لە نێوان هەردوولا هەیە لەبارەی فرەوانكردنی بەرنامەی كاری دانیشتنەكان، ڕێككنەكەوتن لەسەر ئەم خاڵەیش یەكێكە لە هەڕەشە گەورەكان بۆ هەڵوەشانەوەی گفتوگۆكان و كۆتاهێنان بە چارەسەری دیپلۆماسی و ڕووكردنە بژارەی سەربازی.
هەرچەندە هەردوولا دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئامادەن ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری گرفتەكانیان بگرنەبەر، بەڵام وەك پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ماركۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، واشنتن دەیەوێ گفتوگۆكان بەرنامەی ناوكی و مووشەكی بالیستیك و پشتیوانی ئێران لە گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ گەلی ئێران بگرێتەوە، بەڵام تاران تا ئێستە بە ئاشكرا تەنیا ئامادەیی لەسەر گفتوگۆكردن لەسەر بەرنامەی ناوكی دەربڕیوە.
لە گفتوگۆی هەردوولا جیا لە ستیڤ ویتكۆڤی نێردەی تایبەتی ترەمپ، جارید كۆشنەری زاوای دۆناڵد ترەمپیش ئامادە بوو، لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوونەوە، تا ئێستەیش دەسەڵاتی ئاینی ئێران نیگەرانە و ترسی ئەوەی هەیە كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، هەڕەشەكانی بكات بە ڕاستی و گورزی سەربازی بوەشێنێتە وڵاتەكەیان. بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا هێزە دەریاییەكانی ئەمەریكای بەرەو ئاوەكانی دەریای عەرەب بەڕێ كردووە.
لە حوزەیران/یۆنیۆی ساڵی ڕابردوو، ئەمەریكا چەندان هێرشی مووشەكی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و دواتریش ئیسرائیل بەهەمانشێوە ماوەی 12 ڕۆژ هێرشی كردە سەر ئێران، كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، لە دوای ئەو هێرشانەوە پیتاندنی یۆرانیۆم وەستێنراوە و دەستی پێ نەكراوەتەوە.
لە ماوەی مانگی ڕابروودا دۆناڵد ترەمپ چەندان جار هەڕەشەی لە تاران كرد كە خۆپێشاندەران نەكوژن و واز لە ڕەشبگیری و ڕەشەكوژی بهێنن، بە پێچەوانەوە زۆر خراپ بەسەر ئێران دەهێنێت، لەگەڵ خامۆشبوونەوەی خۆپێشاندانەكانیش، هەڕەشەكانی ترەمپ ڕوویان لە زیادبوون كرد، تا ئێستەیش هەردوولا متمانەیان بەوە نییە بە گفتوگۆ بگەن بە ڕێككەوتن، ئەمەریكا بەردەوامە لە جووڵەپێكردنی سوپاكەی، دوێنێش چەند سەعاتێك پێش دانیشتنی شاندی هەردوولا لە مەسقەت، میدیای ئێران بڵاوی كردەوە، كە یەكێك لە مەترسیدارترین مووشەكەكانی لە كۆمەڵگەیەكی هەڵدانی مووشەك لە ژێر زەوی جێگیر كردووە، كە مووشەكی جۆری خورەشەهر چوارە.
ئەو بێمتمانەیی هەردوو وڵات بەیەكتر، وایكردووە لای هیچ شارەزا و شرۆڤەكارێك ڕوون نەبێ كە ئەو دیوی ئەو تونێلەی هەردوو وڵات پێیدا تێپەڕ دەبن، بە كوێ دەگات، ئایا گفتوگۆ و دانوستاندن كێشەكان چارەسەر دەكات، یان شەڕ و پێكدادانی قورس چاوەڕێی هەردوو وڵات دەكات.