گۆڤارێكی ئەڵمانی كەزییەكە بە ساختە ناو دەبات و كوردان دژی خۆپێشاندان دەكەن

:: AM:11:19:08/02/2026 ‌
دوای ئەوەی شەشی ئەم مانگە شوبات/فێبرایەر، گۆڤارێكی ئەڵمانی ڕاپۆرتێكی لە ژێر ناونیشانی "لەبەر ئەوە كەزییەكی ساختە دنیا دەجووڵێنێت" بڵاو كردووەتەوە، تێیدا بڕینی كەزیی كچە شەڕڤانێكی كورد لەلایەن عەرەبێكی سووریا، بە ساختە ناو دەبات و هێزەكانی سووریای دیموكراتیش بە میلیشیا پێناسە دەكات، ئەمە كوردانی تووڕە كردووە، بڕیارە لە سبه‌ی ژنانی كورد لە بەردەم بارەگای سەرەكیی گۆڤارەكە لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا خۆپێشاندان بكەن. 

گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی شەشی ئەم مانگە ڕاپۆرتەكەی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە سووریا میلیشیاكانی سووریای دیموكرات تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی لە تەواوی دنیا لە ڕێگەی ڤیدیۆیەكی ساختە كۆ دەكاتەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەوەی بڵاو دەكرێتەوە ڕاست نین. 

هەموو شتێك بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكی 17 چركەیی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەستی پێ كرد و كاتێك ئەو پیاوە دەڵێ، ئەو كەزییە هی یەكێك لە هەڤاڵانە، لە ڕەقە كۆتایی هات و تەنیا كەزییەكەی ماوەتەوە، ڤیدیۆییەكە تەواوی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی تەنییەوە و كوردان لە هەموو دنیا دەستیان بە وەشاندن و سەركۆنەكردنی ئەو كارە كرد و هەزاران خۆپێشاندانیان لە ناوخۆ و وڵاتان ئەنجام دا. 

گۆڤارەكە ئەمەی بە ساختە ناو بردووە و دەڵێ، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە، كوردەكان هۆشداریی دووبارە گەڕانەوەی داعشیان بۆ حوكم دەدەن. ئەمە پلانی نهێنی توندڕۆی پێشوو و سەرۆكی ئێستە سووریا ئەحمەد ئەلشەرعە، لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی گۆڤارە ئەڵمانییەكە هاتووە، بەگوێرەی ئەو لێكۆڵینەوانەی كراون، چیرۆكەكە ڕاست نییە و تا ئێستە بەڵگەی ئەوە نییە كە كەزییە بڕاوەكە، هی كچە شەڕڤانێكی كوردە لە ڕەقە یان كەزیی هەر ژنێكی تر هەر بڕابێت. هاوكات گۆڤارەكە قسەی خەڵكی شارەكەی وەرگرتووە و دەڵێ، كەزییەكە لە شەقامەكانی گرێ سپی نزیك سنووری توركیا، كەسێك دۆزیویەتییەوە و هێناویەتی بۆ چێشتخانەی محەمەد ئەحمەد و زۆر لە پیاوان سەیریان كرد و بردیان، دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە ئەوە هی كچە شەڕڤانێكی كوردە، شایەتحاڵان بەمشێوەیە قسەیان بۆ گۆڤارەكە كردووە. 

بەشێكی تر لەو كەسانەی قسەیان كردووە، دەڵێن كەزییەكە هەر دەستكرد بووە و هی مرۆڤیش نەبووە، لە ئارایشگەیەكی گرێسپی كڕاوە و بۆ ڕەقە هێنراوە، ئەو قسەوباسانەی گۆڤارە ئەڵمانییەكە بڵاوی كردووەتەوە، بە لۆجیكی عەقڵ یەك ناگرێتەوە و لە گرێسپی لەسەر سنووری توركیاوە تاكە كەزییەك بهێنرێ بۆ ڕەقە و بەمشێوەیە ڤیدیۆی لێ تۆمار بكرێ و بڵاو بكرێتەوە. 

چیرۆكی گۆڤارەكە لە فیلمێكی خەیاڵی دەچێ كە بەشێوەیەكی نالۆجیكی سیناریۆی بۆ نووسرابێتەوە، چونكە جیا لەوەی كەزییەكە هی كچە شەڕڤانێكی كورد بوو، ئەو كەسەی كە كەزییەكەیشی بڕی چەندان جار داوای لێبوردنی كرد و ڤیدیۆی بڵاو كردەوە كە لەو كارەی كردوویەتی پەشیمان بووەتەوە، بەڵام ئێستە گۆڤاری دێر شپیگل خودی بكەری كارەكە بە درۆ دەخاتەوە و چیرۆكێكی نوێ و خەیاڵی بۆ داڕشتووە و بڵاوی كردووەتەوە. جیا له‌وه‌یش ناونانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌ میلیشیا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا وه‌ك به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌روبوونه‌وه‌ی داعش كۆمه‌ك و یارمه‌تی ئه‌و هێزانه‌ی داوه‌ له‌ شكاندنی تیرۆریستانی داعش.

لەسەر ئەم كارە، لە دوای ڕێككەوتنی هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكوومەتی دیمەشق، حكوومەتی سووریا بە فەرمی ئەو پیاوەی كەزییەكەی بڕی، گرت و ئێستەیش لە گرتووخانەیە و هەموو دنیا هەسەدە و دیمەشقیش ئەو چیرۆكە وەك خۆی باوەڕ پێ دەكەن، بەڵام دێر شپیگل لە ئەڵمانیاوە دنیایەكی تری دروست كردووە و بۆ ئەو كەسە كۆنەپارێزە بیانوو دەهێنێتەوه. 

لە بەرانبەر ئەو كارە ناڕەوا و نادروستەی كە گۆڤاری دێر شپیگل بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە لە سبه‌ی كوردانی شاری هامبۆرگی باكوری ئەڵمانیا، لە بەردەم بارەگەی سەرەكی ئەو گۆڤارە خۆپێشاندانێكی ناڕەزایی فرەوان ڕێكبخەن و بە توندی سەركۆنەی ئەو ڕاپۆرتە قێزەوەنە بكەن، كە لەلایەن گۆڤارەكەوە بڵاو كراوەتەوە. 

‌لە سەرەتای هێرشی چەكدارانی حكوومەتی سووریا لە گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب و دواتر ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تر، بەشێوەیەكی زۆر ناشارستانی و دوور لە هەموو پرەنسیپێكی سەربازی و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ، پەلاماری ناوچە كوردییەكانیان دا، بەو هۆیەوە سەتان هەزار هاووڵاتیی كورد ئاوارە بوون و تا ئێستەیش دۆخی شاری كۆبانێ لە مەترسیدایە، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی كە هێزەكانی سەربە دیمەشق بەسەر ئەو شارە سەپاندوویانە، ئەم شێوازی مامەڵەكردنە، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی لە دنیا هێنایە قسە و هەمووان بە توندی سەركۆنەی ئەو پێشێلكارییە نامرۆڤانەیان كرد، كە لەلایەن هێزەكەی شەرعەوە لە ناوچە كوردییەكان ئەنجام دران. 

لەگەڵ ئەمەیشدا كوردان لە هەر چوار پارچەكە و هەموو دنیا بەیەكدەنگییەوە لە پشت ڕۆژئاوای كوردستان وەستانەوە، هەرێمی كوردستان بە گشتی و دەزگەی خێرخوازیی بارزانی زیاتر لە 300 ترێلە كۆمەك و خۆراك و كەلوپەلی گەیاندە ڕۆژئاوای كوردستان و بەهانای خەڵكەوە چوون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د