غەزە بەرانبەر ئێران.. ناوەڕۆكی دەستەوارە چاوه‌ڕوانكراوه‌كەی ترەمپ و نەتەنیاهۆ

:: PM:01:42:09/02/2026 ‌
ڕاپۆرتێكی ئیسرائیلی ڕوونی كردووەتەوە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ نەرمیی لە دۆسیەی كەرتی غەزە دەنوێنێت، لە بەرانبەردا پشتیوانیی تەواوەتی كردەی سەربازی دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەمەریكا مسۆگەر دەكات، ئەمەیش لە كاتی دیدارەكەی دێ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا كە بڕیارە سبەی چوارشەم ئەنجام بدرێت. 

ڕۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، لە كۆبوونەوەی ترەمپ و نەتەنیاهۆ دەستەوارەیەك لە نێوان هەردوولا دێتە ئەنجامدان و تێیدا نەتەنیاهۆ زۆرترین نەرمی لە دۆسیەی بەڕێوەبردنی كەرتی غەزە پێشان دەدا، ئاسانكاری بۆ كارەكانی ئەنجوومەنی ئاشتی نێودەوڵەتی كە ترەمپ دروستی كردووە، لە ڕووی تەناهی و كارگێڕییەوە دەكات، لە بەرانبەردا داوای پشتیوانیی تەواوەتی لە ئەمەریكا بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی ستراتیجی دژی بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات، ڕۆژنامەكە ئەو دەستەوارەی بە بەرژەوەندییە گەورەكان ناو دەبات. 

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، دەرفەت دەڕەخسێنرێت تا بەربەستەكان لاببرێن كە ڕێگرن لە بەردەم جێبەجێكردنی 20 خاڵەكە كە ترەمپ ڕای گەیاندووە و بەو هۆیەوە كۆتایی بە جەنگی كەرتی غەزە هێنرا، توێژەران بەشێوەیەكی ورد كار لەسەر چالاككردنی قۆناغی دووەمی پلانی ترەمپ بۆ بەڕێوەبردنی كەرتی غەزە دەكەن، كە خۆی لە دروستكردنی ئەنجوومەنی ئاشتی نێودەوڵەتی دەبینێتەوە، بەرپرسیاریەتی ئاسایش و بەڕێوەبردنی كەرتی غەزە دەگرێتە ئەستۆ. 

بەگوێرەی سەرچاوەی باڵای سیاسی، كۆشكی سپی دەستی بە فشاری ڕاستەوخۆ كردووە، بۆ كۆكردنەوەی پارە لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاشتی تا پرۆسەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی غەزە دەست پێ بكات، هاوكات لە دیوە سیاسییەكەیش دەیەوێ پێشڤەچوونی بەرچاو بهێنێتە دی. 

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە نووسیویەتی، نەتەنیاهۆ لە میانەی دیدارەكان هەوڵ دەدات ناكۆكییەكان لەسەر دۆسیەی غەزە گەرەنتی تەناهی وەلا بنێت، لەبارەی ناسنامەی ئەو هێزانەی كە دەچنە غەزە و لە ژێر چەتری ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەزە كار دەكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پێشتر نەتەنیاهۆ بە توندی بەرهەڵستیی هەر بوونێكی سەربازی و كارگێڕیی توركیا و قەتەری لە كەرتی غەزە دەكرد، ئەم دۆسیەیش لەمدواییە بووبووە باسوخواسێكی گەرمی لێدوانی بەرپرسانی وڵاتان. 

هاوكات سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی دیدارەكەی دەیەوێ لەگەڵ واشنتن لەسەر لیستی ئەو وڵاتانەی لە غەزە ڕۆڵ دەگێڕێت، بگات بە لێكگەیشتن و ئەو وڵاتانەی قبووڵكراون بچنە غەزەوە و ڕۆڵ بگێڕن، لە بەڕێوەبردنی ناوچەكە بەشێوەیەكی كاتی، هاوكات مەرجی ئەوەیشی هەیە هەر وڵاتێكی نزیك لە بزووتنەوەی حەماس دوور بێ لە چوونە ناو غەزەوە. 

ئەو جووڵە سیاسییانە لە ژێر چاودێریی ئەو هۆشدارییانە دێ كە سەركردەی دامەزراوە سەربازییەكانی ئیسرائیل دەیخەنەڕوو و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئاستی سیاسی و كارگێڕی بە بەردەوامی لە دۆخی بۆشاییدایە لە غەزە، بۆیە پشتیوانیی شكستی لێكگەیشتنەكانی ئێستە دەكەن. 

هاوكات بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیلی نایشارنەوە سەركەوتنی ئەنجوومەنی ئاشتی كە ترەمپ بانگەشەی بۆ دەكات، تاكە دەرچەیە بۆ دووركەوتنەوە لە جەنگێكی خوێناوی ماوەدرێژ لە كەرتی غەزە. 

لە بەرانبەر ئەو نەرمی نواندنەی ئیسرائیل بۆ ترەمپ، تا پلانی ئەنجوومەنی ئاشتی بە خێرایی سەركەوتوو بێ و جووڵە و چالاكییەكانی دەست پێ بكات، نەتەنیاهۆ ئامادەیە لەسەر زۆربەی خاڵە ناكۆكەكان لەگەڵ ئەمەریكا بگات بە لێكگەیشتن و نەرمی بنوێنێت، لە بەرانبەردا داوا لە ئەمەریكا دەكات كە لەگەڵی بگەن بە ڕێككەوتن تا هێرشێكی ستراتیجی و یەكلاكەرەوە، بە هاوبەشی بكەنە سەر دامەزراوەكانی دروستكردنی مووشەكی بالیستیك لە كۆماری ئیسلامیی ئێران و بە تەواوی خاپووری بكەن. 

تا ئێستە ڕوون نییە كە ترەمپ و نەتەنیاهۆ بەو دەستەوارە و ڕێككەوتنە دەگەن، یان گفتوگۆكانیان بێ ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە دەبێت، بڕیاریشە سبەی چوارشەم هەردوولا لە واشنتن كۆ ببنەوە و تاوتوێی ئەو دۆسیەیە بكەن. 

بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە لە كاتێكدایە، پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیل دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات توانا مووشەكییەكانی ئێران بەرەوپێشەوە ببرێن، ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش ڕازی نەبێ و بەشداریی نەكات، ئەوا تەلئەبیب بە تەنیا دامەزراوەكانی دروستكردنی مووشەكی بالیستیكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەنیا بۆردمان و خاپوور دەكات. 

هاوكات بەر لە دەستپێكی دانوستاندنەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش، بەرپرسانی حكوومەتی ئیسرائیل داوایان لە واشنتن كرد، دانوستاندنەكان تەنیا لەسەر دۆسیەی بەرنامەی ناوكی ئێران نەبێت، بگرە مووشەكی بالیستیك و گرووپە میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق و سووریا و یەمەن و لبنانیش، ببن بە تەوەری سەرەكیی گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام بەرپرسانی ئێران بە ئاشكرا ئەوەیان ڕاگەیاند، ئەوان ئامادەن لەسەر دۆسیەی بەرنامەی ناوكی وڵاتەكەیان لەگەڵ واشنتن گفتوگۆ بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د