ئەمەریكا: شەڕی ڕاستەقینە دژ بە گرووپە میلیشیاكانی سەربە ئێرانە

:: AM:11:59:10/02/2026 ‌
دانیشتن لە مەسقەت تەنیا گەڕی دانوستاندن نییە لەبارەی ئامێرێكی ساردكەرەوەی مەركەزی، بەڵكو بەهەمانشێوە پێوەستە بە گرووپە میلیشیاكانی بریكاری كۆماری ئیسلامیی ئێران، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی كردووە. 

هەینیی ڕابردوو بەرپرسانی ئێران و ئەمەریكا لە سوڵتاننشینی عومان یەكتریان بینی، بە ئامانجێكی سنووردار و دیاریكراو كە ئەویش ڕێگرتن بوو لە هەڵایسانی جەنگێكی هەرێمی، وەستاندنی پڕۆژەی ناوكی ئێران، بەهەمان ئاستیش ڕێگرتن بوو لەو بزووتنەوە و تۆڕە گرووپە چەكدارییەی كە بریكاری ئێرانن و تاران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی، بەسەر لبنان و عێراق و یەمەن تا سنووری ئیسرائیل بەكاریان دەهێنێت. 

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئامانجەكە ڕاستەوخۆ و روون بوو، وەستاندنی نزیكبوونەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵام هیچ خەیاڵێك لەبارەی لێكۆڵینەوەكان نییە، كاری لە پێشینە ئەوەیە كەناڵی گفتوگۆ بە كراوەیی بمێنێتەوە. واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی كە هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر هێزەكانی و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن تۆڕی گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێرانە لە وڵاتانی ناوچەكە، نەك دۆسیەی ناوكی بە تەنیا، هەرچەندە تاران باسی لەوە كردووە كە بابەتەكە بۆ گفتوگۆكردن و باسكردن نییە، بەڵام لە مەسقەت هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە لەسەر ئەو ناكۆكییانەی لە نێوان هەیە دانوستاندن دەكەن. 

ریچارد وایتز بەڕێوەبەری ناوەندی شیكردنەوەی سیاسی و سەربازی لە پەیمانگەی هیدسۆنی ئەمەریكی گوتی، ڕوانینی ئەمەریكا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو جێگیر بووە، زنجیرەیەك بەربەست لە بەردەم باشبوونی پێوەندییەكانی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەن و بە تەنیا پڕۆژەی بەرنامەی ناوكی نییە، بەرنامەی مووشەكی ئێران و چۆنیەتیی مامەڵەكردنی ئێران لەگەڵ گەلەكەی و پێوەندیی تاران بە گرووپە میلیشیاكانی دەرەوەی حكوومەت لە وڵاتانی ناوچەكە، ئەمانە سەرجەمیان هۆی نیگەرانیی بەردەوامی ئەمەریكان لە ناوچەكەدا. 

زیاتر گوتی، گرووپە چەكدارەكانی دەرەوەی حكوومەتی وڵاتانی ناوچەكە كە ئێران ناوی "میحوەری موقاوەمە"یان لێ دەنێت، بریتین لە حزبوڵا لە لبنان و حەماس لە غەزە و میلیشیاكانی شیعە لە عێراق و حووسییەكان لە یەمەن. جیا لەوانە تۆڕێكی لە گرووپی تری سەربە سوپای پاسداران هەن لە سووریاوە تا وڵاتانی كەنداو درێژ دەبنەوە. 

تاران ئەو هێزانە بە قووڵایی ستراتیجی خۆی دەزانێت و ئامادە نییە بیانكات بە كارتێكی دانوستاندنەكان، وەك وایتز دەڵێت، ئەو گرووپە میلیشیا چەكدارانە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی یەكێك لە ئامرازە سەرەكییەكانی وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەكن بۆ سەر ئێران، حكوومەتی تاران لەو باوەڕەدایە كە دەتوانێ ئەو گرووپانە لە هەر كاتێك بێ بیەوێ، بتوانێ ئەو گرووپانە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بەكار بهێنێت. سوپای پاسداران حزبوڵا و گرووپەكانی تر وەك بەشێك لە هێزی خۆی دەناسێنیت، ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو گرووپانە ببێت لە هیچ دانوستاندنەكان. 

لە ناوخۆی ئێران و میدیاكانی ئەو وڵاتەیش، ئەو گرووپانە وەك هێڵی سوور ناو دەبرێن و سەرەتا ڕێڕەوی دانوستاندنەكانی مەسقەت وا دەركەوتن، تەنیا لە دۆسیەی بەرنامەی ناوكی ئێران كورت دەبینێتەوە و بەوهۆیەوە تاران ئاڵۆزییەكان كەم دەكاتەوە و دەستەبەری سووككردنی سزاكانیش دەكات، لەگەڵ ئەوەیشدا دۆسیەی مووشەكی بالیستیك و گرووپە میلیشیاكانی سەربە خۆی دەخاتە دەرەوەی گفتوگۆكانەوە. بەمشێوەیە تاران دەیەوێ ئەو بسەلمێنێ كە واشنتنی بۆ تەنگەبەرێكی دانوستاندنەكان گەڕاندەوە، نەك هەموو دۆسیە ناكۆكی لەسەرەكانی نێوان هەردوو وڵات. پەیامەكەی تاران لەو ڕووەوە زۆر ڕوون بوو، پیتاندن دەتوانرێ كەم بكرێتەوە، بەڵام بریكارەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە گفتوگۆیان لەسەر ناكرێت. 

لەلایەنی ئەمەریكاوە هەریەك لە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هێگس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكەنەوە، هەر تێگەیشتن و ڕێككەوتنێك لەگەڵ تاران كە تەنیا لەسەر دۆسیەی بەرنامەی ناوكی كورت بكرێتەوە، كرۆكی هەڕەشەكانی تاران بێ چارەسەركردنی جێدەهێڵێت، بێ ئەوەی چارەسەری بكەن، كەسانی نزیك لە ستیڤ ویتكۆڤی دانوستاندكاری واشنتن لەگەڵ تاران دەڵێ، ئەوان زۆرترین ئامادەییان هەیە كە ئێستە بگەن بە ڕێككەوتنێكی سنووردار لەگەڵ ئێران، تا گرژییەكان كە بەهۆی میلیشیاكانەوە دروست بووە، كەم دەبنەوە و لە قۆناغی داهاتوو باس لە گرووپە چەكدارەكان چارەسەر دەكرێن. 

وایتز وای دەبینێت كە حیسابەكانی واشنتن پێوەستییەكی ڕاستەوخۆی بە زیانەكانی ئێران لە گۆڕەپانی جەنگ هەیە، ئێستە سوپای ئێران زۆر لاوازترە بە بەراورد بە هێرشی پێش حوزەیران/یۆنیۆ، چونكە ئیسرائیل بەشێكی زۆری سیستمی بەرگریی ئاسمانی وێران كرد و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش وێستگەكانی ئەتۆمی بۆردمان كرد، ئێستە ئامادە نین بۆ كاركردن و ئێران ژمارەیەكی زۆر لە مووشەكە بالیستیكییەكانی بەكار هێناوە، ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمەریكا و ئیسرائیل زیانی كەمتریان بەر دەكەوێت.                 

لەگەڵ ئەوەی ئێرانیش ئەو ڕاستییە دەزانێت، بەڵام تا ئێستە ئامادە نییە دەستبەرداری گرووپە چەكدارەكانی سەربە خۆی لە وڵاتانی ناوچەكە بێت، چونكە ئێران ئەو گرووپانە بە سەرچاوەی هێزی خۆی دەزانێ و نایەوێ هەرگیز دەستبەرداریان ببێت. ئەمەریكایش بەردەوام لە فشاركردن و داواكردنی ئەو دۆسیەیە، ئەمەیش ڕوون نییە كە ئەو فشار و ڕەتكردنەوانە دواجار كۆتایی بە دانوستاندنەكان دەهێنن، یان ئێران پاشەكشە دەكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د