گیان لەدەستدانی كەسێكی بەناوی "مامۆستا سەفین" تەمەن /50ساڵ/ لە كۆیە، دەنگۆ و كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، "وشە" هەر لەسەر ئەو شێوازە كارەی پێشووی كە بەبێ بە دواداچوون زانیاری بڵاو نەكاتەوە، بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی مامۆستا هێمن كرد.
مامۆستا سەفین تەمەن / 50 ساڵ/ شەوی ڕابردوو كۆچی دوایی كرد، مردنەكەی لای خەڵكی ئاسایی نەبووە، بەهۆی ئەوەی رۆژی پێنجشەمی رابردوو پێنجی شوبات لەناو شارەوانیی كۆیە، هێرشی كراوەتە سەر و لەلایەن شۆفێرێكی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە لێی دراوە، كاتێك بەهۆی مامەڵەكەیەوە دەمەقاڵی دروست بووە.
رووداوەكە بەمجۆرە بووە: رۆژی پێنجی شوبات دوای سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ لە فەرمانگەی شارەوانیی كۆیە، شۆفێرێكی فەرمانگەكە /دەگوترێ شۆفێری بەڕێوەبەرەكەیە و ناوی "ب. م"ە/، تۆمەتبار بە بۆكس و دەمانچە هێرش دەكاتە سەر ئەو كەسەی كە شەوی رابردوو گیانی لە دەست داوە و دەمودەست رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت.
نەخۆشخانەی شەهید د. خالید لە كۆیە، زانیارییەكانی "وشە"یان پشتڕاست كردەوە، بەڵام پێیان گوتراوە كە هیچ قسەیەك لەوبارەیەوە نەكەن. تەنیا ئەوەیان دركاند كە مامۆستا سەفینى كۆچكردوو نەخۆشیی دڵی هەبووە و "دڵی دەستكرد" پاتری بەكار هێناوە.
لەبارەی شوێنەواری لێدانەكەیشی دا، نەخۆشخانەكە گوتیان تەنیا دوو برینی بچووك بە دەستیەوە بووە و شوینەواری تری برین بە گیانیەوە نەبووە.
10 ڕۆژ بۆ مامەڵەیەك
بەپێی قسەی چەند شایەتحاڵێك، بۆ مامەڵەیەكی ئاسایی شارەوانی، مامۆستا سەفین 10 ڕۆژ سەردانی فەرمانگەی شارەوانیی كۆیەی كردووە، دواتر كارەكەی بۆ نەكراوە و رووبەڕووی ئەو هێرشە بووەتەوە.
پۆلیس لەسەر ئەو رووداوە هیچ لێدوانێكی فەرمی نییە، چەندان جاریش وەڵامی پێوەندیی "وشە"یان نەدایەوە. پێدەچێ كەیسەكە ئاڵۆزیی بۆ لێكۆڵینەوە دروست كردبێت.
"وشە" زانیویەتی كە كەسوكاری مامۆستا سەفین لە دوای شەڕەكەوە سكاڵایان تۆمار كردووە، بەڵام ئێستە گیان لەدەستدانی لێ كەوتووەتەوە و رەنگە ئاراستەی لێكۆڵینەوەكان بەجۆرێكی تر بگۆڕێت.
هێمن عەزیز پارێزەرە، لەبارەی ئەو كەیسەوە بۆ "وشە" گوتی، پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت كە شوێنی تاوان و كاتی گیان لەدەستدانی كەسەكە لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی روون ببێتەوە كە گیان لەدەستدانەكە بەهۆی زەبری شەڕەكەوە بووە یان حاڵەتێكی ئاسایی.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، تا ئێستە تۆمەتبار لەسەر تاوانی یەكەمی كە هێرشكردنە تۆمەتبارە، لێكۆڵینەوە دەبێت گیان لەدەستدانەكە بسەلمێنێ و بەپێی راپۆرتی پزیشكی بڕیار بدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەسەكە پێشتر نەخۆش بووە و دڵی پاتری بووە، دەكرێت لێدانەكەیش هۆكار بێت بۆ كەوتنی.
محەمەد میرحاج سەرۆكی شارەوانیی كۆیەیە و ماوەی چەند ساڵێكە لە پۆستەكەیدا دەستبەكار بووە، بەشێكی خەڵكی شارەكە لێی رازین، "وشە" چەند جارێك پێوەندیی پێوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
ئەوە ماوەتەوە: شەوی رابردوو مامۆستا سەفین گیانی لە دەست دا، تا ئێستە هیچ قسەیەك لەگەڵ كەسوكارەكەی نەكراوە، بەڵام تەنیا ئەوەی پێشتر سكاڵایان تۆمار كردووە.
مامۆستای پەیمانگەی وەرزشی كۆیە بووە، وەك دەگوترێ كەسایەتییەكەی هێمن و خۆشەویستی ناو خەڵك و قوتابییەكانی بوو.