دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیكی وەك كاندیدی فەرمیی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێك كاندیدبوونی مالیكی رەت كردەوە و تا ئێستە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەو هۆیەوە پەكی كەوتووە، دەوڵەتی یاسا گومان دەخاتە سەر تویتەكەی سەرۆكی ئەمەریكا كە بە هاندانێكی ناوخۆیی رای گەیاندووە، لەو ناوەدا نیاز وایە دوو لیژنەی دژبەیك لەناو چوارچێوە بۆ لێكۆڵینەوە پێك بهێنرێت.
هەردوو بەرەی دژبەیەك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، واتە پاڵپشت و نەیاران بۆ كاندیدبوونی نووری مالیكی، بەنیازن دوو لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە پێك بێنن لەبارەی تویتەكەی ترەمپ دژی كاندیدبوونی مالیكی دەری كرد، ئەوەش هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی تۆمەتباركردنی یەكتر لەبارەی ئەو لایەنەی هانی ترەمپی داوە بۆ بڵاوكردنەوەی تویتەكەی و بەدواداچوون بۆ ئەو پارەی، كە باس دەكرێت دراوە بە واشنتن بەرانبەر بە بڵاوكردنەوەی ئەو تویتە، كە باوەڕ وایە لە بەغداوە رەوانە كراوە.
بەپێی
چەند سەرداویەەكی ئاگەداری سیاسی، دەوڵەتی یاسا داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لەناو چوارچێوەكە كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەو لایەنانەی باوەڕ وایە هانی ترەمپیان داوە بۆ بڵاوكردنەوەی تویتەكەی بەر لە زیاتر لە هەفتەیەك، كە تیایدا كاندیدبوونی مالیكی رەت كردەوە، بەپێی سەرچاوەكان دەوڵەتی یاسا پێشبینی دەكات ئەو لایەنانە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بن، لەوانە ئاماژە بۆ تیمەكانی قەیس خەزعەلی ئەمنیداری گشتیی عەسائیب ئەهلولحەق و عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی جیكمەی نیشتمانی دەكرێت، كە دوو نەیارترین لایەنن بۆ كاندیدبوونی مالیكی.
لە ماوەی رابردوو هەردوو لایەن، واتە دەوڵەتی یاسا و عەسائیب، لە میدیاكان بەهۆی مالیكییەوە یەكتر تۆمەتبار دەكەن، تا كار گەیشتە داواكردن لێیان بە ددانبەخۆدانان لە لێدوانەكانیان، خزعەلی كە شەمووی رابردوو بۆ ئەو مەبەستە سەردانی تارانی كرد، لە دوو كۆبوونەوەی دوایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداری نەكرد، جیا لەوە دەوڵەتی یاسا پێی وایە كە بڕێك پارە لە بەغداوە بە مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق دراوە، كە تا ئێستە دیار نییە بۆچی لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە و بەپێی هەندێك زانیاری لە ئەمەریكا لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە داوای لێكۆڵینەوەی ناوخۆیی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەماری لایەكیتری گرتووە و ئەوانیش داوای لێكۆڵینەوە لەوانە دەكەن كە ئەو دەنگۆیانەیان بڵاو كردووەتەوە، تیمی مالیكی و كەسانی نزیك لە محەمەد شیاع سوودانی پێیان وایە چەند لایەنێكی شیعە كەسێكیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەوێت كە ملكەچ بێت، بۆیە مالیكی رەت دەكەنەوە و داوای كاندیدی هاوبەش دەكەن.
هەندێك لە تۆمەتەكان ئاماژە بۆ قەیس خەزعەلی دەكەن كە زیاتر لە سەركردەكانی تری شیعە راستەوخۆ دژی تێپەڕاندنی مالیكییە، ئەوەش بەهۆی خواستە سیاسییەكانی خۆی و ئەو سەركەوتنە خێرایەی لە 10 ساڵی رابردوو بەدەستی هێناوە و بووەتە یاریزانێكی گرنگ و لەو هەڵبژاردنە 28 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا، لەوكاتەی لە 2014 تەنیا یەك كورسیی پەرلەمانی هەبوو.
هەر لەسەر هەمان هێڵی كار، عەمار حەكیم كە بە دروستكەری شایەكان ناو دەبرێت و بووەتە شوێنگرەوەی موقتەدا سەدر دوای كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی بەر لە چوار ساڵ، هەوڵی ئەوە دەدات سەرۆك وەزیران جێبەجێكەری سیاسەتەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت نەك لێیان یاخی بێت، وەك ئاماژەیەك بۆ مالیكی، بەشێك لە هێزەكانی چوارچێوە پێیان وایە مالیكی ئەو كەسە نییە و ئەو مەرجانەی لەسەر جێبەجێ نابێت كە چوارچێوەی خۆی دایناوە، بەوەی سەرۆك وەزیران كەسێك بێت لە هەموو پرس و بڕیارەكان بۆ ئەوان بگەڕێتەوە و بەپێی ئەزموونی پێشوو پابەندی بەڵێنەكانی نابێت.
لە كۆتای مانگی رابردوو و دوای راگەیاندنی نووری مالیكی وەك كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا هۆشدارییەكی توندی بە عێراقییەكان دا و و رای گەیاند گەڕانەوەی مالیكی واتە گەڕانەوەی هەژاری و ئاژاوەیە، هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر مالیكی ببێتەوە سەرۆك وەزیران، ئەمەریكا هاوكارییەكانی بۆ عێراق دەوەستێنێت.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیال" پۆستێكی بڵاو كردەوە و نووسیویەتی، دەبیستم خەریكە عێراق هەڵەیەكی كوشندە دەكات بە گەڕاندنەوەی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
ترەمپ هۆكاری دژایەتییەكەی روون كردەوە و گوتی، لە سەردەمی پێشووی مالیكیدا، وڵات كەوتە ناو هەژاری و ئاژاوەیەكی گەورەوە، بۆیە نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەوە بدرێت، هەڕەشەی ڕاستەوخۆی كرد و دووپاتی كردەوە، بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆجیا توندڕەوەكانییەوە، ئەگەر مالیكی هەڵبژێردرێت، ئەمەریكا هاوكارییەكانی بۆ عێراق ڕادەگرێت.