دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بەرانبەر بە ئێران پێڕەو دەكات، لە لایەك هێزی سەربازی لە كەنداو كۆ دەكاتەوە و لە لایەكی تر باسی دانوستان دەكات، وك بڵێی هەردوولا، واتە ئێران و ئەمەریكا هیچ جۆرە متمانەیەكیان بە یەكتر نەبێت و خۆیان بۆ ساتی تەقینەوەكە ئامادە دەكەن، بەڵام ئەگەری هێرشی ئەمەریكا چەندە؟
ئێستە چەندان كەشتیی سەربازیی ئەمەریكا لە ناوچەكە نزیك لە ئێران كۆ كراونەتەوە، دوای گەیشتنی فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن"، فڕۆكەهەڵگری "یو ئێسی ئێس جیراڵد فۆرد"، لەگەڵ پارچەكانی هاوەڵی بۆ ناوچەكە بەڕێگەوەن، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەمەریكا لە ساتێك و كتوپڕ بێ رەچاوكردنی دانوستانەكان دوا هۆشداری بداتە تاران و گورزێكی گەورەی لێ بوەشێنێت.
شرۆڤەكارانی ئەمەریكی ئاماژە دەكەن كە رەوانەكردنی فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد"، تەنیا بۆ پێشاندانی هێز نییە، بەڵكو ئامادەسازییە بۆ پەرەسەندنێكی گەورەتر، ئەوەش ئەگەری وەشاندنی گورزێك بۆ ئێران زیاتر دەكات، ئەگەر ئەو گوشارانەی ئێستە دانوستانەكانی هەردوو وڵات بە ئەنجام نەگەیەنن.
سەرۆكی ئەمەریكا گەشبینیی خۆی پێشان دا بۆ ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ماوەی مانگێك، دووپاتی لە پێویستیی پەلەكردنی ئێران كردەوە، هاوكات وریایی لە نەگەیشتن بە رێككەوتن دا بەوەی بەئازار دەبێت.
مایك ملرۆی جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگریی ئەكەریكا بۆ كاروبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە دەكات، رەوانەكردنی دووەم فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكا لەو ساتە بۆ ناوچەكە ئاماژەیە بەوەی واشنتن خۆی بۆ ئەگەری وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران دەكات، كە رەنگە نزیك بێت.
زیاتر گوتی، پێم وایە دووەم فڕۆكەهەڵگر و ئەوەی هەڵی گرتووە لە سیستمە هێرشبردنەكان تا ئەو هێزە زۆرەی لە ناوچەكە كۆ كراوەتەوە، ئاماژەن بۆ ئەوەی واشنتن خۆی بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر تاران ئامادە دەكات و تاكە شت كە پێش لە هێرشەكە بگرێت پێشوەچوونە لە دانوستانەكان و گەیشتنە بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، بە شێوەیەك ئەمەریكا قبووڵی بكات و لە رێككەوتنی پێشوو باشتر بێت كە لە 2018 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لێی كشایەوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریكا پێی وایە كە تا ئێستە دیار نییە رێككەوتنە نوێیەكە ئەگەر ساز كرا، بابەتی بەرنامەی مووشەكی باڵیستیی ئێران و پاڵپشتیكردنی میلیشیاكانی لە ناوچەكە تیادایە یان نا، چونكە هەر دانوستانێك پێویستیی بە سازشكردنە، پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ هەردوولا بۆ ئەوە ئامادەن؟
لای خۆیەوە جەنەراڵ جۆزێف فۆتیل فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا ئاماژەی كرد، لە رووی بەرگرییەوە پێویستە بەر لە هەر شتێك لەوە دڵنیا بینەوە كە سیستمی بەرگریمان لە دۆخێكی باشدایە، بۆ ئەوەی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی بەرانبەری ئێران بۆ سەر بەرژەوەنییەكانی ئەمەریكا و هاوبەشەكانی ئامادە بێت.
هەر لەوبارەوە مایكل حنا بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئەمەریكی لە گرووپی تەنگژە نێودەوڵەتییەكان گوتی، پێم وا نییە تا ئەو ساتە بڕیاری پەنابردن بۆ هێزی سەربازی لە دژی ئێران درابێت، بەڵام ئامادەسازی بۆ هێرشێكی فرەوان دەكرێت، لەوانە زیادكردنی چەكی بەرگری لە ناوچەكە، چونكە یەكەمجار كاتێك ترەمپ تاوتوێی بەكارهێنانی هێزی لە كاتی ناڕەزایەتییەكانی ئێران كرد، ئەو هێزە سەربازییەی ئەمەریكا لێرە نەبوو، بۆیەش فەرماندە سەربازییەكان و هاوبەشەكانی لە ناوچەكە رێنوێنی ئەویان كرد بۆ ئەنجامنەدانی كردەیەكی سەربازی لەو كاتە، بەڵام ئێستە دۆخەكە زۆر جیاوازە.
حنا پێی وایە زیادكردنی هێزی سەربازی و پارچە دەریاوانییەكان ئاماژەیەكی روونە بۆ كردنەئامانجی ئێران، كە جۆرێكە لە سەپاندنی دیپلۆماسیەت بە زەبری هێز، كە ئیدارەی ترەمپ پێڕەوی دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێ ناچێت ترەمپ بڕیاری هێرشكردنی دابێت و ئەو دەیەوێ بە رێككەوتن بگەن، ئەگەرچی ئەو بەربەست و ئاڵۆزییانەی دانوستانەكانی پێشوویان شكست پێ هێنا ئێستەش هەن، تا ئێستەش بۆشایی گەورە لە نێوان هەردوولا هەیە و تا ئێستە دیار نییە دەتوانرێت ئەو بۆشاییانە پڕ بكرێتەوە یان نا، بەڵام بێ گەیشتن بە رێككەوتن مەترسیی شەڕ هەر دەمێنێت و بەردەوامە.