داوایەكی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لە ناوخۆی ئەوروپا و كەمكردنەوەی پشتبەستنی سەربازیی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، پرسیاری ئەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە كە ئایا ئەوروپا دەتوانێ لە سێبەری ئەو هەڕەشە و ئاڵنگارییانەی بەرۆكی دنیایان گرتووە، لە تەك داواكارییەكانی ئەمەریكا بۆ زیادكردنی بەخشینی داهات بە ناتۆ و بینینی ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتیی گەورەتری وڵاتانی ئەوروپا لە ناو ناتۆ، سیاسەتی بەرگریی خۆی یەكلا بكاتەوە و بێ پشتبەستن بە ئەمەریكا، دووبارە ئەو سیاسەتە دابڕێژێتەوە؟.
شارەزایان و شرۆڤەكاران بۆ سكای نیوزی عەرەبی دووپات لەوە دەكەنەوە،
ئەوروپا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە لە زیادكردنی نائاسایی بودجەی بەرگری، هەروەها ناكۆكییە سیاسییەكان لە ناوخۆ و توانای پیشەسازی سەربازی لە ناو وڵاتانی ئەندام و هاوئاهەنگی لۆجستی لە ناو سوپای وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا، لە ناو ئەو هەموو كێشە و گرفتەدا داوای یەكخستن و بەهێزكردنی تەواوكاری سیستمی بەرگریی ئەوروپا و بنیاتنانی توانای هاوبەش لە ڕێگەی پیشەسازی سەربازی و توێژینەوە و گەشەپێدان بهێنرێنە دی.
لە ڕوانگەی لەندەن، بەهێزكردنی هاریكاریی بەرگریی ئەوروپی دەرفەتێكی زۆرباشە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی زۆر هاوسەنگ لە ناو هاوپەیمانی ناتۆ، چونكە ئەوروپا یاریكەرێكی سەرەكییە و توانای هەیە كە بەشێكی زۆر و گەورەی بەرپرسیاریەتییەكانی كیشوەری ئەوروپا بگرێتە ئەستۆ، بێ ئەوەی پشت بە بوونی سەربازی ئەمەریكا لە ناوچەكە ببەسترێت.
كیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە میانەی گوتەكەی لە بەردەم كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایش دووپاتی كردەوە، ئەو ئاراستەیە بە مانای جیابوونەوە لە واشنتن نایەت، بەڵكو كۆششێكە بۆ بەدیهێنانی تەواوكاری ئەوروپا و بەرزكردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی هێرش و پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ماوەیەكی زۆر درێژتر.
بەگوێرەی ڕاپرسییەكیش كە پێگەی "پۆلەتیكۆ" ئەنجامی داوە و دەرئەنجامەكانی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، 57% كەنەدییەكان و 50%ی ئەڵمانییەكان، 44%ی فڕەنسییەكان و 39%ی بەریتانییەكان، ئەمەریكا بە هاوبەش و هاوپەیمانێكی جێی متمانە نازانن. ئەوەی ئێستە ڕوو دەدات خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانكارییەكی مێژووییە لە پێوەندییەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا، دواجار تەنگژەی متمانە گەیشتە لووتكە، ئەمەیش بۆ سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە كە دەیەوێ بارگری بەرگریی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر شانی ئەمەریكا لا ببات و وڵاتانی ئەوروپا ناچار بكات، تا پارەی زیاتر بە ناتۆ بدەن.
شارەزایان ئەوە بە ئاماژەیەكی ڕوون لە گۆڕانێكی كرۆكی لە وێناكردنی ئەوروپا وەك هاوبەشێكی مێژوویی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لێكدەدەنەوە، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەوبارەیەوە گوتی، پێویستە هێزی قورسی خۆمان هەبێت، بۆ ئەوەی كۆتایی بە كردەیی كار بكەین و لەگەڵ ئەو سەردەمە بگونجێن. جیا لەوەیش پێویستە ئەوروپییەكان توانای ئەوەیان هەبێت كە ئەگەر پێویست بكات هێز بەكار بهێنن بێ گەڕانەوە بۆ ئەمەریكا. پێویستە سیاسەت و هاوبەشایەتی كورتمەودا بخرێنە لاوە، ڕاستەوخۆ دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ئەوروپا و بەهێزكردنی ناتۆ و توانای بەرگریی یەكێتیی ئەوروپا بێت، ئەمەیش بەیەكبەستنەوەی قووڵ لە نێوان بەریتانیا و ئەوروپا هەیە، لە بەرگریكردن و پیشەسازی و تەكنەلۆجیا و سیاسەت و ئابووری لە دنیادا.
ئاماژەی بەوەیش دا، دۆخەكان دەگۆڕێن، ستراتیجی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا ڕوونە و دەڵێ، ئەوروپا پێویستە خۆی بەرپرسیاریەتیی بەرگریكردن لە خۆی هەڵبگرێت، پێویستە لەسەر ئەوروپایش بەرگەی ئەو بەرپرسیارییەتە زۆر و گەورانە ببێت. پێویستە هەنگاو بۆ ئەوە بنێین كە ناتۆ زیاتر بە ئەوروپی بكرێت، چونكە ئەوروپا وەك زەبەلاحێكی نوستوو وایە.
لە تەك ئەو قسانەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە گوتەكەی لە كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایش گوتی، چارەنووسمان وەك چۆن بەیەكەوە بوو، ئێستەیش بەیەكەوەیە و بەجۆرێكە ناتوانرێ لە یەكتر جیا بكرێتەوە، رۆبیۆ زیاتر بۆچوونێكی ئاشتیخوازانەی پێشان دا وەك چۆن ساڵی ڕابردوو جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دەبێ، كە ساڵی ڕابردوو لە هەمان شوێن ئەو قسانەی كردەوە، دواتریش دەستی بە ڕەخنەگرتن لە ئەوروپا كرد. زیاتر گوتی، ئەمەریكا داهاتوویەكی هاوبەش و گرنگی لەگەڵ ئەوروپا هەیە، جیاوازیی بۆچوونمان هەندێك جار لەسەر هەندێ شت، لە ڕوانگەی خەمخۆرییان بۆ ئەوروپا، چونكە نەك بەهۆی پێوەندیی ئابووری و سەربازییەوە بێ لە نێوان هەردوولا، بەڵكو پێوەندیی كولتووری و رۆحی لە نێوانمان بوونی هەیە.
لەوبارەیشەوە ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فڕەنسا گوتی، ئێستە كاتێكی گونجاوە بۆ بوێری و ئەوروپایەكی بەهێز، پێویستە لەسەر ئەوروپا فێری ئەوە ببێت كە چۆن بتوانێ ببێت بە هێزێكی جیۆپۆلەتیكی گەور لە ناوچەكە.