گۆڕانی گردەكە دۆسیەی بەهەدەردانی ملیار و نیوێك لەسەر دانای ئەحمەد مەجید هەڵدەداتەوە

:: PM:06:46:16/02/2026 ‌
لە كۆنفرانسی ئەمڕۆی بزووتنەوەی گۆڕان – هەردوو باڵەكە، كە لە كەركووك بەڕێوەچوو، دانا ئەحمەد مەجید كرا بە رێكخەری گشتی و 55 كەسیش بۆ ئەندامانی جڤاتی بزووتنەوەكە هاتنە هەڵبژاردن، بەڵام جارێكی تر باڵی گردەكە كۆنفرانسەكەیان بایكۆت كرد. 

گۆڕان چەند ساڵێكە بە تەواوی لەناو كێشە و ململانێی ناوخۆیدا پووكاوەتەوە، بەڵام هەوڵێك هەبوو بەو كۆنفرانسەی ئەمڕۆ بزووتنەوەكە بخەنەوە سەر پێ‌، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كوڕانی نەوشیروان مستەفا و باڵی گردەكە، كۆنفرانسەكە تێكچوو. 

هەرچەندە باڵی كوردسات كە دانا ئەحمەد مەجید سەرۆكایەتییان دەكات، سوورن لەسەر سەركەوتنی كۆنفرانسەكەیان و پێیان وایە شەرعییە، بەڵام گردەكە ددانی پێ دانانێت. 

بزووتنەوەی گۆڕان/باڵی گردەكە، سەرباری رەتكردنەوەی دانا ئەحمەد مەجید وەك رێكخەری گشتی، ئێستە پلان دادەنین دۆسییەكان لەبارەیەوە بجووڵێنن كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی بەهەدەردانی ماڵی گشتی لەوكاتەی پارێزگاری سلێمانی بووە بڕیاری گرتنی هەبوو. 

ناوەڕۆكی دۆسییە
كارزان گەردی، سەر بە باڵی گردەكە بە "وشە"ی راگەیاند، كۆنفرانسەكەی ئەمڕۆ بە تەواوی رەت دەكەنەوە و ڕێرەوی یاسایی دەرگرنە بەر دژی كۆمسیۆن و كۆنفرانسەكە و لەسەر ئەو كەسەیش كە ناوی دانا ئەحمەد مەجیدە كە تۆمەتبارە بە بەهەدەردانی ماڵی گشتی لەوكاتەی پارێزگاری سلێمانی بوو. 

دوای زیاتر لە 12 ساڵ، دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی گەڕایەوە شارەكە و دەگوترێ‌ دۆسیەكەی بەتەواوی داخرا.

دانا ئەحمەد مەجید بە تۆمەتی بەهەدەردانی پارەی وشكەساڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو.

سەرەتای 2014، مادە یاساییەكەی لە 315ـەوە گۆڕدرا بۆ 340، كە تایبەتە بە كەمتەرخەمیی کارگێڕی، هەر ئەوكات چووە بەردەم دادگا و هەمان رۆژ بە كەفالەتی 25 ملیۆن دینار ئازاد كرا.

دانا ئەحمەد مەجید، پێش ساڵی 2014، بە تۆمەتی بەهەدەردانی پارەی وشكەساڵی پارێزگای سلێمانی و بەكارهێنانی پۆستەكەی بۆ كاری تایبەت، ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام جێبەجێ نەكرا و بەر لێبوردنی گشتی كەوت.

كارزان گەردی دەڵێ‌، ئەو مادەی كە بڕیاری گرتنی بۆ دانا ئەحمەد مەجید بۆ دەرچووە لێخۆشبوونی گشتی نایگرێتەوە. 

لەسەر هەمان دۆسیە، سێ فەرمانبەری ژن بە مادەی 316 لە یاسای سزادانی عێراقی بە سزای حەوت ساڵ زیندانی كران.

ئەو دۆسیەیەی دانا ئەحمەد مەجید و سێ فەرمانبەرەكەی پێ سزادران، دیارنەمانی نزیكەی یەك ملیار و 253 ملیۆن دینار بوو، دواتر فەرمانبەرە ژنەكان پارەكەیان گەڕاندەوە بۆ حكوومەت.

ساڵی 2008، بڕی 25 ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان كرابوو، بەڵام یەك ملیار و 253 ملیۆن دیناری ئەو پارەیە دیار نەما، پارێزگاری ئەوكات و سێ فەرمانبەری لەسەر تۆمەتباركران، پارێزگار سزا نەدرا، بەڵام سێ فەرمانبەرەكە حەوت ساڵ سزادران.

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە باڵی گردەكەی گۆڕان، بە "وشە"ی گوت، گۆڕان وەك حزبی خەمخۆری سلێمانی ئەو دۆسیەیە لە دادگا نوێ دەكاتەوە و هەموو ڕێڕەوێكی یاسایی لەوبارەیەوە دەگرینە بەر.


وشە - وشه‌