لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا، دانیشتنێكی بۆ پرسی سووریا لە ژێر ناونیشانی "سووریا لە ڕێگەی جیابووەوە: ئاڵنگارییەكانی سیاسەتی ئەمەریكا دوای ئەسەد" ساز كرد، لە كەشێكی وریا و خۆپارێزییەوە كۆنگرێسمانان ستراتیجی نوێی ئەمەریكایان بەرانبەر بە سووریا لە دوای كۆتاهاتنی ڕژێمی ئەسەد ڕوونتر كردەوە. پەیامێكیان بە دیمەشق گەیاند كە دیپلۆماسییەكی نەرم نییە، بگرە سیاسەتێكی ڕاستەوخۆیە و دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە، سووككردنی سزاكان پاداشت نییە بۆ سووریا، بەڵكو ئامرازێكە بۆ گوشار دروستكردن و ئەگەری كشانەوە لێی هەیە.
پێشتریش بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كەناڵی "
ئەلحوڕە"ی ئەمەریكی ڕای گەیاندبوو، سووككردنی سزاكان لەسەر سووریا بە مانای ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان نایەت، بەڵكو سووككردنی سزاكان مەرجدارە و پێوەستە بەو هەنگاوانەی كە دەتوانرێ لە سووریا بەدی بهێنرێن.
هاوكات دانیشتنەكەی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس نمایشێكی ئەكادیمی نەبوو، بەڵكو دانانی نەخشە و چوارچێوەی ڕوون بوو كە واشنتن چی لە حكوومەتی ئەحمەد شەرع دەوێت. براین ماست كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان و ئەندامی لیژنەكە، بە پرسیارێكی ڕاستەوخۆ لەبارەی ئەوەی تا چەند دیمەشق پابەندی ئەو پێنج خاڵە دەبێت كە پێشتر حكوومەتی ترەمپ خستوویەتییە ڕوو، دیارترینی ئەو خاڵانە ڕیشەكێشكردنی هەژموونی ئێرانە بەسەر سووریا، گەرەنتی شكستهێنانی بەردەوامی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، پاراستنی پێكهاتەی كەمینەكان، تێكەڵكردنی سەرجەم هێزە چەكدارەكانە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.
بەڵام ئاماژەی ڕوونتر لەو پێوەستبوونەوە دێت كە پێوەندی بە دووبارە ئاوەدانكردنەوە و ئاكاری سیاسی سووریا هەیە، خەمڵاندنەكان باس لەوە دەكەن كە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سووریا، پێویستی بە 216 ملیار دۆلاری ئەمەریكییە، جەیمس جیفری باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە سووریا، سوور بوو لەسەر پشتیوانیی ئابووری سووریا لەلایەن ئەمەریكاوە، دەبێ بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بە سەركەوتنی حكوومەتی سووریا لە جێبەجێكردنی داواكارییە نێودەوڵەتییەكان ببەسترێتەوە. لەوبارەیەوە بەرپرسێكی ئەمەریكی بۆ ئەلحوڕە گوتی، ئەگەر سووریا بۆ ژینگەیەك نەگۆڕێت كە هێزەكانی ئێرانی تێدا بشكێنرێ و لەناو ببرێت، هیچ ڕێگەیەك بۆ دەستەبەری ئارامی و ئاسایش لە سووریا بوونی نابێت.
ئەو خاڵە میحوەری گفتوگۆكانی لێژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا بوو، تۆماس كین جۆنیۆری كۆنگرێسمان بە ڕوونی پرسیاری لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی كرانەوەی ئابووری بۆ گەرەنتیكردنی دەرچوونی هەمیشەیی ئێران لە سووریا كرد، لە وەڵامدا كۆنگرێسمانان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە دەركردنی ئێران و میلیشیاكانی، بەندێكی لاوەكی داواكانی ئەمەریكا نییە، بەڵكو مەرجێكی سەرەكیی دامەزراندنی هەر پێوەندییەكی جێگیری نێوان دیمەشق و واشنتنە.
لە پرسی پێوەست بە دووبارە ڕێكخستنەوەی دەسەڵات لە ناوخۆی سووریا، جۆرێك لە نیگەرانی لە نێوان ئەندامانی لیژنەكەی كۆنگرێس دروست بوو و هۆشدارییان دا لەوەی دووبارە دەسەڵاتی ناوەندی بە زەبری هێز ڕێكبخرێتەوە، یان دووبارە گرووپە چەكدارەكان بەشێوەیەكی ڕووكەش یەكبخرێنەوە، نابێ واشنتن و وڵاتانی تری نێودەوڵەتی كە ئابووری سووریا پارەدار دەكەن، بە ئاسانی بڕوا بەو هەنگاوانە بهێنن و دەبێ بە تەواوی لێی دڵنیا بن. بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەیش گوتی، سووریا ناتوانێ بە زۆر و هێز دەسەڵاتی مەركەزی بسەپێنێت، پێشبینیی پارەداركردنی وڵاتەكە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بكات.
ئەو هۆشدارییە دوای پشتڕاستكردنەوەكەی توێژەر ئەندرۆ تابلەر هات كە ڕای گەیاند، جێگیری و ئارامی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، یەكسان نییە بە بوونی شەرعییەتی سیاسی، هەروەها نادین ماینزا هۆشداریی دا پێویستە كەمایەتییەكان بپارێزرێن و ببن بە بەشێك لەو مەرجانەی دەخرێنە سەر سووریا، بۆ كەمكردنەوە و سووككردنی سزاكان.
كۆنگرێسمان گریگۆری میكس دووپاتی كردەوە، ڕەتكردنەوەی یاسای قەیسەر هەنگاوێكی هەمیشەیی نییە، بەو واتەیەی كە سزاكان دەتوانرێ بە خێرایی بگەڕێنرێنەوە، ئەگەر دیمەشق لە ڕێگەی خۆی لا بدات. توێژەر مارا كارلین بە كورتی قسەی كرد و گوتی، ئێستە سووریا بە ئاراستەیەكی ڕاست هەنگاو دەنێت، بەڵام ڕێگە دوور و درێژەكەی گەرەنتیكراو نییە، بۆیە پێویستە ئامرازەكانی گوشارخستنەری هەمیشەیی بمێنن و بە تەواوی كۆتاییان پێ نەهێنرێت.
تێشووی دەرهاوێشتەكانی كۆبوونەوەكەی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس ڕوون بووەوە كە سزاكان تەنیا ئامرازێك نین بۆ سزادانی ڕژێمی پێشوو، بەڵكو ئامرازێكی ئەندازە و پێوانەكردنی سیاسەتی قۆناغی داهاتوو و حكوومەت و دەسەڵاتی نوێی سووریان. واشنتن ئامادەیە لە ڕووی ئابوورییەوە هاوكاریی سووریا بكات، بەڵام لە بەرانبەر ئەوەدا دەرئەنجامی ڕوونی دەوێن كە بتوانرێ بە سێ خاڵ بپێورین، یەكەمیان دەركردنی ئێران و هەڵوەشانەوەی ژێرخانی چەكداری دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەرەنتی پاراستنی مافی كەمایەتییەكانە. هەر لادانێكی دیمەشق لەو سێ خاڵە، بە مانای بلۆككردنی پارەداركردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی خێرای سووریا دێ و دووبارە دیمەشق گۆشەگیر دەكرێ لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.