وەك هەنگاوێك بۆ ڕێگرتن لە یاریكردن بە نرخی دۆلاری كۆن و نوێ لەلایەن نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو، بانكی ناوەندی عێراق فەرمانێكی فەرمی بڵاو كردەوە و دووپاتی لەوە كردووەتەوە، هیچ جیاوازییەكی یاسایی و نرخ نابێ لە نێوان دۆلاری چاپكراوی كۆن و نوێ بكرێت، سەرجەم چاپكراوەكانی دۆلار لەسەر ئاستی دنیا بەیەكسانی لە نرخ مامەڵەیان پێوە دەكرێ، ئەگەر دۆلارەكە ئەسڵی بوون و ساختە نەبوو، شارەزایانیش نایشارنەوە ئەو جیاوازیی نرخە تەنیا بیانوویەكە كە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ سوودبینن بەكاری دەهێنن و دۆخەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، خواستی كڕیار بۆ كڕینی دۆلار دەقۆزنەوە.
حەیدەر عسفوور پسپۆری دارایی و ئابووری لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنامەی "
ئەلعالەم ئەلجەدید" گوتی، هیچ جیاوازییەك لە نرخی دۆلاری چاپكراوی كۆن و نوێ نییە، نرخی فەرمیی نێودەوڵەتی وەك یەكە و جیاوازی نییە، بەڵام ئەوەی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بوونی هەیە، پێوەستە بە هەبوونی پەراوێزی نرخی زیاتر كە بەشێك لە بازرگانان و ئەوانەی سوودمەندی ئەو جیاوازیی نرخەن بە بیانووی كێبەركێ و سوودبینن لەو جیاوازییە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەكاری دەهێنن.
زیاتر گوتی، كێشەكە لە بنەڕەتدا بریتییە لە قۆستنەوەی خواستی كڕیارانی دۆلار كە زیاتر خواستیان لەسەر كڕینی دۆلاری چاپكراوی نوێیە، چونكە زۆر ئەمانترە و دەتوانرێ بە ئاسانی لە دۆلاری ساختە جیا بكرێتەوە.
لەسەر ئەم پرسە بانكی ناوەندی عێراق ڕوونكردنەوەی فەرمی بڵاو كردەوە و تێیدا دووپاتی لەوە كردووەتەوە، نابێ هیچ جۆرە جیاوازییەك لە نرخی دۆلاری ئەمەریكی لە نێوان چاپكراوی كۆن و نوێی دۆلار هەبێت، سەرجەم جۆرەكانی دۆلار بە كۆن و نوێ مادام ئەسڵین و ساختە نین لە بازاڕ، بەیەك نرخ پێویستە مامەڵەیان پێوە بكرێت.
لە ڕاگەیەنراوێكی بانكی ناوەندی عێراقدا هاتووە، ئەو ڕوونكردنەوە و ئاراستەكردنە بە ئامانجی دانانی سنوورێكە بۆ ئەو دیاردەی جیاوازیی نرخە كە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق بوونی هەیە، لەگەڵ ئەوەیش بانكی ناوەندی داوای پابەندبوونی تەواوی بانك و دامەزراوە داراییەكان دەكات كە ئەو ڕێنوێنیی و ئاراستەكردنی زانیارییە پێڕەو بكەن و وەك ڕێنوێنیی ئاڵوگۆڕی دراوە كاغەزییەكان بەگوێرەی پێوەرە پێڕۆكراوەكان بۆ دراوە كاغەزییە بیانییەكان كاریان پێ بكرێ، ئەمەیش سەلامەتیی مامەڵەكردن و جێگیریی بازاڕی لێ دەكەوێتەوە.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، یاسا و ڕێنوێنییە جێبەجێكراوەكان ددان بە هیچ جیاكارییەك لە چاپە جیاوازەكانی دۆلاری ئەمەریكی نانێت، ئێمەیش بەردەوامین لە مامەڵەكردن و وەرگرتنی سەرجەم چاپكراوە جیاوازەكانی دۆلار لە ڕێگەی تەواوی بانكەكانەوە، بە مەرجێك لە چوارچێوەی پێوەر و ڕێكارە پشت پێ بەستراوەكانی ناوخۆ و دەرەكی بێت.
حەیدەر عسفوور لەوبارەیەوە دەڵێ، بڕیاری بانی ناوەندی بە دەركردنی ئەو ڕێنوێنییە كاریگەریی ڕژد و دیاری لەسەر بازاڕی لۆكاڵی و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو نابێت، لەبەرئەوەی بازاڕی دۆلار كۆمەڵێك هۆكاری تر هەن كە كاریگەریی لەسەر دروست دەكەن، لەوانە سیاسەتی دەرەكی و نێودەوڵەتی لەلایەنی بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە، هەروەها یاسا و بڕیارە لۆكاڵییەكان، سەرەڕای ئەوەیش خستنەڕوو و خواست و بڕی خستنە ڕووی دۆلار لە بازاڕ، دەنگۆ و پروپاگەند و میدیا و ڕووداوە سیاسییەكانی ناوخۆ و ناوچەكە دەتوانن سەرجەم نووسینگەكان بخەنە ژێر كاریگەری خۆیانەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ڕێنوێنییە لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێگەی پشتیوانیكردنە لە شەفافییەت و ڕێككاری لە كەرتی دارایی، پاراستنی ئەو كەسانەی كاری پێوە دەكەن و پشتیوانیشە بۆ جێگیریی پارەی كاش و دارایی وڵات، لە ئەنجامی جیاوازیی نرخ لە بازاڕ لە نێوان جۆری 100 دۆلاری دۆلار بەگوێرەی ساڵی چاپكردن و خستنە بازاڕیەوە.
لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق جیاوازییەكی ڕوون لە نێوان 100 دۆلاری بەگوێرەی ساڵی دەرچوونیەوە هەیە، دۆلاری دەرچووی ساڵانی نەوەت بە نرخێكی كەمتر لە دۆلاری دەرچووی ساڵانی 2000 مامەڵەی پێوە دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی بڕیارەكانی بانكی ناوەندی پێوەستە هەمووان پێوەی پابەند بن، ئەوانەی كە مامەڵە بە دۆلار دەكەن، تەنیا كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی تایبەت، زۆرجار پابەندی ئەو ڕێنوێنی و ڕێكارانە نابن.
بەگوێرەی زانیارییەكانیش 100 دۆلاری كۆن و نوێ لە كاتی كڕین و فرۆشتندا بە نرخی جیاواز مامەڵەیان پێوە دەكرێت، چەند هەزار دینارێك لە مامەڵەكردن جیاوازییان هەیە، واتە 100 دۆلاری نوێ بە نرخی بازاڕ مامەڵەی پێوە دەكرێت، بەڵام كاتێك دۆلارەكە چاپی كۆن بێت، ئەوا هەزار تا دوو هەزار دینار نرخەكەی كەمتر دەبێتەوە لە كاتی كڕین، یان كاتێك بۆ نموونە هەزار دۆلار بكڕیت، نووسینگەی دراوەكە چەند 100 دۆلارییەكی كۆنی لەگەڵ دادەنێت، بەڵام ئەگەر كڕیار بیەوێ سەرجەم دۆلارەكانی بە 100 دۆلاری نوێ بن، ئەوا پێویستە چەند هەزار دینارێكی تر بدات، بەمشێوەیە مامەڵە دەكرێت. ئەمەیش تەنیا لە عێراق بوونی هەیە و لە هیچ وڵاتێكی تری دنیا ئەم دیاردەیە بوونی نییە.