لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی رێككەوتنێكی تەناهی، بڕیار بوو كە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە زڕگوێزەڵە و زڕگوێز و بانە گەورە لە سلێمانی چۆڵ بكەن و بچنە كەمپێكی تر لە سوورداش، بەڵام بەهۆی رووداوێكی تەمومژاوی شەوی ڕابردوو ئاشكرابوو كە ئێستە ئەو كەمپەیش بۆ ئەوان سەلامەت و پارێزراو نییە.
هەوڵی دەركردن
هەوڵی دەركردنی حزبەكانی رۆژهەڵات لەو ناوچەیەی سنووری سلێمانی لە كاتێكدا بوو كە عێراق سەرجەم چالاكی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە خاكەكەی قەدەغە كرد، هەر ئەوكات بەرپرسی یەكێك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رای گەیاند، نەتەوە یەكگرتووەكان مافی چالاكی سیاسیی پێ داوین، بەڵام هیچ چالاكییەكی سەربازی و سیاسیمان لە عێراق نییە. بۆیە ئەو كەمپانە بەتەواوی چۆڵ نەكران لە كاتێكدا چەندان جار هێرشیان لەو سنوورە كراوەتە سەر.
لە ناوچەكانی زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە لە نزیك سلێمانی، حزبەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمەڵە)، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی كوردستانی ئێران، چەندان بارەگایان هەیە و نزیكەی دوو ساڵە داوای چۆڵكردنی ئەو بارەگایانەیان لێ دەكرێت.
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران كە ئاداری 2023 واژوو كرا، دەبێت ئەو بارەگایانە و پێشمەرگەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بگوازرێنەوە بۆ كەمپی سوورداش لە سنووری دوكان – سلێمانی.
هەرچەندە لە دوو ساڵی رابردوودا بەشێكی خێزانەكانی ئەو سێ لایەنەی كۆمەڵە چوونەتە كەمپی سوورداش، بەڵام وەك بەرپرسەكانیان دەڵێن، "كەمپەكە لەبار نییە بۆ هەموو بارەگا و خێزانەكان و كەموكورتیی زۆرە و تەواو نەكراون".
رووداوەكەی شەوی ڕابردوو
شەوی ڕابردوو لە سنووری كەڵەوانە لە نێوان دوكان و سلێمانی، ئۆتۆمبێلێك تەقێنرایەوە و بە درۆن هێرشی كرایە سەر.
لە راگەیەنراوێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێراندا هاتووە، ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە كە سەر لە ئێوارەی چوارشەم لە ڕووداوێكی گوماناویدا، ئۆتۆمبێلێكی كۆمەڵە لە نێوان ڕێگەی سلێمانی بۆ دوكان تەقیوەتەوە.
دەشڵێن، بەداخەوە پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە بە ناوی «سەعید (هێرش) ڕەنجبەری» گیانی بەخت كردووە، «ئارام بەهرامی» یەكێكی تر لە پێشمەرگەكانیان بریندارە كە باری تەندروستیی جێگیرە.
ئاماژە بەوەش دەكەن، لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە و دواتر دەرئەنجامەكان ئاشكرا دەكەن.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئێستە كەمپی سوورداش كە بەشێكی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لێیە، بە تەواوی خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و لەكاتی بوونی هەر جووڵەیەكیش دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی خۆیان لێ بێبەری كردووە، بۆیە گومان دەكرێت رووداوەكەی شەوی رابردوویش پێوەندیی بەو جووڵانەوە هەبێت.
گوشار خستنەسەر حزب و ڕێكخراوە سیاسی و چەكدارییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لێكەوتەی هەوڵێكی چڕوپڕی ئێرانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی، بۆ ئەوەی كۆتایی بە مانەوەی چەكدارییان لە كەمپەكان بهێنرێت.
پێشتر لە 2018 و 2022، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەكی بالیستی و درۆن، بۆردمانی بارەگاكانی ئەو لایەنە ڕۆژهەڵاتییانەی لە زڕگوێز و كۆیە كردبوو، بەڵام نەیتوانی ناچاریان بكات بارەگاكانیان بپێچنەوە.