بەهۆی داڕمانی تەناهی لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە كاتی هێرشی سوپای حكوومەتی سووریا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان، بەشێك لە گرتووخانەكان شكێنران و خەڵكێكی یەكجار زۆر بە كۆمەڵ ڕایانكرد، هەواڵگریی ئەمەریكا لەوبارەیەوە دەڵێ، بەگوێرەی خەمڵاندنەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆیان دەركەوتووە كە 15 تا 20 هەزار چەكدار و كەسوكاری چەكدارانی داعش ئازادانە لە سووریا دەسووڕێنەوە.
ڕۆژنامەی "
وۆل ستریت جۆرنال" لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، لێكەوتی تەناهیی مەترسیدار لە سووریا بوونی هەیە، دوای داڕووخانی دۆخی تەناهی و شكاندنی گرتووخانەكان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێشتر ئەو گرتووخانانە لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە بەڕێوە دەبران، بەڵام هێرشی سوپای حكوومەت ڕێگەی بۆ هەڵاتنی بە كۆمەڵی گیراوان لە ناو گرتووخانەكان خۆش كرد، ئەمەیش وایكرد كە دووبارە دۆسیەی گیراوانی داعش تێكەڵ یەكتر ببێتەوە و چەكدارە گیراوەكان و كەسوكاری چەكداران واتە خێزان و منداڵەكانیان، سەرجەمیان تێكەڵی یەكتر بوونەتەوە و تا ئێستە داتایەكی ڕوون لەوبارەیەوە نییە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریكا، ئێستە خەمڵاندنی ئەوە دەكرێ كە لە نێوان 15 تا 20 هەزار كەسی ناو گرتووخانەكان بە ئازادانە لەسەر خاكی سووریا دەسووڕێنەوە، ئەمەیش هەر تەنیا پێوەست نییە بە خێزانە گیراوەكان، بگرە لە ناو ئازادبووان چەكدارانی چالاكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوونیان هەیە، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت كە لە ناو گرتووخانەكان و لە ئازادكردنیشیاندا پرۆسەكە لە دیوێكی مرۆییەوە سەیر نەكراوە، بەڵكو پێوەستە بە كرۆكی هاوكێشەی تەناهی لە ناوچەكە.
لە ڕاپۆرتەكەی هەواڵگریی ئەمەریكادا هاتووە، هەزاران چەكدار ئێستە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی هێزە فەرمییەكاندان و ئەگەری كۆبوونەوە و دووربارە خۆ ڕێكخستنەوەیشیان هەیە. بۆیە مەترسییە لە ڕاكردن و ئازادبوونیان نییە، بەڵكو مەترسی هەیە ئەمە درێژ بێتەوە بۆ دووبارە دروستكردنەوەی تۆڕی پێوەندی و چوونەوە ڕیزی شانە نوستووەكان، پێكهێنانی بازنەی هاوئاهەنگی نوێ لەو ژینگە نوێیەی كە لە ناوچەكە بوونی هەیە.
ئاماژە بەوەیش دراوە، ئەو شەپۆلی ڕاكردنە بە كۆمەڵە لە ئەنجامی ئاڵۆزی و پاشەكشەی چاودێری تەناهی لە ناوچەكە دەگەڕێتەوە، واتە ناوەندەكانی گرتن چیتر توانای بەجێگەیاندنی ئەركەكانی خۆیان نەبوو، لێرەیشەوە گۆڕانكارییە مەترسیدارەكە دەست پێ دەكات، گرتووخانە و كەمپەكان وەك ئامرازێكی نەهێشتنی تیرۆر سەیریان دەكرا، گۆڕانكارییان بەسەردا هاتوون و بوون خاڵێكی لاوازی بەهێز كە بەردەوام ئەگەری تەقینەوە لەو دۆخە شلۆقەی سیاسەت و تەناهی لە ناوچەكە، ئەو داڕمانە تەناهییە بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سنووری ڕاستەوخۆی عێراق و سووریا دەبێت، بەتایبەت كە بە هەزارانیان هەوڵ دەدەن خۆیان لەبەر چاوان دوور بخەنەوە و ڕوو بكەنە ناوچە بیابانییەكان، ئەو دووبارە زیندووبوونەوەی سیناریۆی ڕێڕەوە كراوەكان كە پێشتر ڕێكخراوی داعش وەبەرهێنانی زۆری لەسەر كرد، بۆ دزەپێكردن و ئاگاداربوون لە یەكتر و بە دەستگەیشتنی كەلوپەلی خۆراك و ئازووقە.
بە لۆجیكی مەترسییەكان، لێرەوە سنوورەكان ڕووبەڕووی هەڕەشەی كلاسیكی و ڕاستەوخۆ نابنەوە، بگرە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی نەرم دەبنەوە، لەلایەن چەكدارە بێ ناسنامەكان كە ئامانجیان ناڕوونە، هەروەها ڕێڕەوی باندەكانی قاچاخكاری، ژینگەی بیابانیش یارمەتیدەرە بۆ خۆ حەشاردان، دواجاریش ئەگەری دروستبوونی هەڕەشەی گەورەی تەناهی لە ناو قووڵایی سووریاوە بۆ شارە سنوورییەكان درێژ دەبێتەوە.
لە ڕاپۆرتەكەی هەواڵگری ئەو دۆخە مەترسیدارە پێوەست كراوە بەو بۆشاییەی كە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا دروست بوو، چۆن ناوەندەكانی گرتن و گرتووخانەكان بۆ بۆمبی كاتی گۆڕان و ئێستە تەقیونەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا پەیامێكی ڕوون هەیە كە گیراوان چیتر دۆسیەیەكی كارگێڕی نییە، بەڵكو بووەتە تاقیكردنەوەیەكی سیاسی و سەربازییە: كێ گەرەنتی كۆنترۆڵكردنیان دەكات، ئەوەی خاوەنی توانا و پارەداركردن و پاسەوانی و هەواڵگری بێ؟ یان ئەوەی خاوەنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بێ بۆ ڕێگرتن لە داڕمان؟.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی وۆل ستریت جۆرنالدا هاتووە، ئێستە عێراق لە بەردەم دوو ئاڵنگاریی بەیەكەوە لكێنراوە، یەكەمیان ئاڵنگاریی كۆنترۆڵی سنوور و ڕێگرتن لە دزەپێكردنی چەكداران و تۆڕەكانی پشتیوانی لێكردنیان، دووەمیان، ئاڵنگاریی جەنگی نەرم كە ئێستە ڕێكخراوی داعش كاری لەسەر دەكات و خۆی دەشارێتەوە و شانەی بچووك دروست دەكات، پێوەندی دەبەستن و دەگەڕێنەوە بۆ تاكتیكەكانی گورز وەشاندن و خۆحەشاردان.
لە پەراوێزی نەبوونی ژمارەی فەرمی و وردی قەبارەی ئەو شەپۆلەی كە ڕایانكردووە و ڕێڕەو و ئاراستەی ڕۆیشتنیان، تەنیا خاڵێكی مەترسیداری گەورە دەمێنێتەوە، ئەویش گۆڕانی ئەو داڕمانەی سووریا بۆ گۆڕەپانێكی خۆڵەمێشی سنووربڕ، كه وا دەكات تیرۆریستان سوود لە كات و بۆشایی زیاتر دەبینن، وەك لەوەی سوود لە هێزی ڕاستەوخۆ وەربگرن.