لەسەر ئاستی دنیا.. شێوەكارێكی كورد بۆ پێشانگەی "جیهان لە ئاژاوەدا" دێتە بانگهێشت كردن

:: PM:02:36:21/02/2026 ‌
حەمە هاشم توێژەر و هونەرمەندی شێوەكاری كورد، بەشداریی لە پێشانگەیەكدا دەكات كە ژمارەیەك لە هونەرمەندانی دنیا بڕیارە لە 28ی ئەم مانگەدا بە ناونیشانی "جیهان لە ئاژاوەدا" بكرێتەوە. 

لە كاتێكدا دنیا بەدەست جەنگ و ئاژاوە سیاسییەكانەوە دەناڵێنێت، هونەر وەك ئاوێنەیەك بۆ پێشاندانی ئەم نەهامەتییانە دەردەكەوێت و بڕیارە ڕۆژی  28ی شوبات، لە شاری گوا لە هیندستان، پێشانگەیەكی نێودەوڵەتیی جیاواز لە ژێر ناونیشانی (جیهان لە ئاژاوەدا - World in Chaos) بكرێتەوە.

هونەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی وێرانكاریدا
ئەم چالاكییە كە لەلایەن هونەرمەند "یۆلەندا دی سۆسە"وە ڕێكخراوە، تەنیا 42 هونەرمەندی لە سەرانسەری دنیاوە هەڵبژاردووە تا لە ڕێگەی وێنەكێشان، پەیكەرسازی، ئەنستەلاسیۆن و گرافیكەوە، وێنای ئەو كوشتار و ناسەقامگیرییە بكەن كە مرۆڤی هاوچەرخی ماندوو كردووە.

هونەرمەندی شێوەكاری كورد حەمە هاشم، وەك تاكە هونەرمەندی كورد لەسەر ئاستی دنیا بۆ بەشداریكردن لەو پێشانگەیەدا هاتووەتە هەڵبژاردن، ئەو بە "وشە"ی گوت، مژاری سەرەكی كارەكان گوزارشتە لەو ئازارانەی كە سنوورە جیۆگرافییەكان دەبەزێنن و دەبنە زمانێكی هاوبەشی مرۆیی.

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئامادەیی هونەرمەندی كورد وەك بەشدار لەم پێشانگەیەدا، گرنگییەكی تایبەتی هەیە، بەشداریی هونەرمەندێكی كورد لە ناو دڵی ئەم نمایشە نێودەوڵەتییەدا، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی دیدگەیەكی جیاواز لەسەر ئەو نەهامەتی و ئاژاوەیەی دنیای گرتووەتەوە بگاتە بینەری بیانی، چونكە هونەر باشترین ئامرازە بۆ گوزارشتكردن لەو خەمە گەردوونییانەی كە هەمووان تێیدا هاوبەشن.

جێی ئاماژەیە كە ئەم نمایشە لە گەلەری "دێ بێلاس ئارتێس" لە ئاڕت كەمپەر بەڕێوە دەچێت، ئێوارەی 28ی شوبات دەكرێتەوە و بۆ ماوەی دوو مانگی تەواو بە ڕووی سەردانیكەراندا كراوە دەبێت.

وەك حەمە هاشم گوتی، نمایشەكە بانگەوازێكی بێدەنگە بۆ تێڕامان لەو دۆخە پڕ لە ئاژاوەیەی كە مرۆڤایەتی تێی كەوتووە، هەوڵێكە بۆ دۆزینەوەی مانا لە نێوان رەنگ و وێرانكارییەكاندا.

حەمە هاشم هونەرمەندی شێوەكاری كورد، جیا لەوەی زیاتر لە 14 پێشانگەی تایبەتی لە وڵاتانی دەرەوە كردووەتەوە، هاوكات نووسەری كتێبەكانی "ڤانكوخ" و "رۆدان" و "هونەری ئەبستراكت" و چەندان كتێبی ترە.

حەمە هاشم توێژەر و هونەرمەندی شێوەكاری كورد لەسەر یەكێك لە كتێبەكانی بەناوی "ڕۆدان" لە ئیتاڵیا، مەدالیایەكی زێڕینی پێ بەخشرا كە لەلایەن مۆزەخانەی "ڕۆدان"ـەوە بووە. كتێبەكە لەسەر ئۆگست ڕۆدانە كە هونەرمەندێكی پەیكەرتاشی ناوداری فڕەنسییە و لەسەر ئاستی هەموو دنیا ناوبانگەكەی بڵاو بووەتەوە.

حەمە هاشم كە هونەرمەندێكی چالاكە و جگە لەم كتێبە، چەندان كتێبی تری نووسیوە لە بواری شێوەكاری و هونەر، وەك خۆی دەڵێت، "جگە لە كتێبی ڤانكۆخ، كتێبێكم هەیە لەسەر هونەری پیرۆز كە گرنگی و بایەخی بە هونەری ئێزیدییەكان داوە".



وشە - وشه‌