سوننەی عێراق بەتایبەت هێزەكەی حەلبووسی، مەیلی زۆریان بۆ تەعریبی ناوچەكانی كورد هەیە، وەك چۆن بەشێكیان پێشتر بەهۆی دەسەڵاتی بەعسەوە لەو ناوچەدا كوردیان وەدەرنا، لەناو حكوومەتەكەی سوودانیش وەزیرەكانی سوننە بەتایبەت گرووپەكەی حەلبووسی بەهەمان رێگەدا دەڕۆن.
گرووپەكەی حەلبووسی لەسەر میراتی ڕژێمی بەعس، هەوڵێكی چڕیان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و پیادەكردنی سیاسەتی تەعریب كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان دەست پێ كردووە.
خالید بەتال نەجم وەزیری پلاندانانی عێراق بە وەكالەت كە سەر بەهێزەكەی حەلبووسییە، بە پێچەوانەی مادەی 140ـی دەستوورەوە، بڕیار دەدات و هەوڵێ گۆڕینی ناوچەكە دەدات.
بەپێی دەستوور نابێت ئەو ناوچانەی كە لە چوارچێوەی ئەو مادەیەدان، هیچ بڕیارێكیان لەبارەوە بدرێت و گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، تا ئەو كاتەی بە یاسا و بڕیاری فەرمی یەكلا دەكرێنەوە، بەپەلەپەل دەیەوێت گوڵاڵە و سەعدیە لە خانەقین داببڕێت و پرۆسەی تەعریبی تێدا بگاتە قۆناغی كۆتایی.
بڕیاری ئەو وەزیرە ئەوەیە كە شارەدێی سەعدیە و چەند گوند و ناوچەیەكی تر دەخرێنە سەر شارۆچكەی گوڵاڵە و لە باشووری كوردستان دایاندەبڕێت و دەیانخاتە سەر پارێزگای دیالە، ئەمە ڕێگە خۆش دەكات دواتر شارۆچكەی خانەقینیش لە هەرێمی كوردستان داببڕن.
لە 31ـی كانوونی دووەمی 2024یشدا ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی لەسەر بە"قەزاكردن"ـی گوڵاڵە دابوو، بەڵام لەوكاتەدا لایەنە كوردستانییەكان لە دژی وەستانەوە و لە بەغداوە ڕێگرییان لێ كرد، بەڵام دواجار حكوومەتی عێراق لە 19ـی ئەم مانگە بڕیارەكەی پەسند كرد.
گوڵاڵە شارۆچكەیەكی كوردستانییە و بەشێكە لە ناوچە دابڕێنراوەكان لە ناو مادەی 140ـدا، بەگوێرەی سەرژمێریی ساڵی 1975 زیاتر لە 75%ـی دانیشتووانەكەی كورد بوون، بەڵام لە ساڵی 2014 و دواتر لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، كورد ناچار كران سنوورەكە چۆڵ بكەن، ئێستە كەمترین ماڵی كورد ماونەتەوە.
مەترسییەكە تەنیا بۆ سەر گوڵاڵە نییە، هەریەك لە ناوچەكانی (خانەقین و قەرەتەپە و شارەبان و بەلەدرووز، سەعدیە، مەیدان، قۆرەتوو، مەندەلی) كە ناوچەی كوردستانین و دەكەونە سەر سنووری نێوان عێراق و باشووری كوردستان، مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافیایان لەسەرە و لە ژێر هەڕەشەی تەعریبدان، هەوڵێكی چڕ هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە كوردستان دایانببڕن.
ئەم هەواڵانەی گرووپەكەی حەلبووسی دوای ئەوە دێت كە یەكێتیی نیشتمانی هەوڵی پێوەندی لەگەڵیان دەدات، لە دوا سەردانی بۆ بەغدا بافڵ تاڵەبانی، كۆبوونەوەی لەگەڵ حەلبووسی كردووە و وەك دوو حزبی هاوپەیمان خۆیان پێشان دا.
ئەوە لە كاتێكدا دوو رۆژ بەرلە ئێستە بەهۆی چەند ئەفسەرێكی سوننەوە، هەوڵی داگیركردنی چەندان خانووی كورد لە گەڕەكی نەورۆزی كەركووك درا.