بەرژەوەندییە نەوتییەكانی واشنتن ڕێگە بۆ ویلایەتی دووەمی سوودانی خۆش دەكات؟

:: PM:12:09:24/02/2026 ‌

وا دەردەكەوێ كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق محەمەد شیاع سوودانی دڵخۆشە، هاوئاهەنگی و ڕازیبوونی ئەمەریكا لە كارەكانی سوودانی بە ڕوونی دیارە، ئەمەیش ئەگەری زۆری هەیە كە دووبارە حكوومەتی نوێی عێراقی پێ بدەنەوە و هاوكات واژووكردنی ڕێككەوتنی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمەریكایش، هێندەی تر ئەمەریكا لە سوودانی نزیك دەكاتەوە و بە دوور نازانرێ لەو ڕووەوە خولی دووەمی سەرۆكایەتی بۆ سوودانی مسۆگەر بكەن. 

ئەو ئاسانكارییەی ئەمەریكا لەگەڵ سوودانی و قبووڵكردنی بە هاوئاهەنگی و پێوەندیی لەگەڵ ئەمەریكا، بە تەواوی پێچەوانەی هەڵوێستەكانی حكوومەتی دۆناڵد ترەمپە لە دژایەتیكردنی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، كە لە 2014 بە فشاری ئەمەریكا لە ناو ماڵباتی سیاسییەكانی شیعە لە كارەكەی دوور خرایەوە، ئێستەیش دەیەوێ دووبارە خۆی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بسەپێنێت، بەرلەوەی ترەمپ دەستوەردان بكات و بۆچوونی خۆی لەبارەی مالیكی و ڕەتكردنەوەی بە بوونەوەی بە سەرۆك وەزیران ڕاگەیاند، كە ئەو پیاوێكی شكستخواردووە لە دوو ویلایەتی حكوومەتەكەی. 

سەرچاوە سیاسییەكانی عێراق دەڵێن، ویستی مالیكی بۆ سەركەوتن و كاندیدبوون و ڕاسپاردنی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەت بووە بە جۆرێك لە مەحاڵ، ئەمەیش لە پەراوێزی مەترسییەكانی هێزەكانی ناو چوارچێوە و سەرجەم هێزە سیاسییە كاراكانی تر كە لە گۆڕەپانەكە هەن، هەوڵ دەدەن خۆیان بە دوور بگرن لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حكوومەتی ترەمپ كە سوور و زۆر توندە لە هەڵوێستەكانی، ئەمە بە واتەی چوونە ناو قوماركردنێكی بێ حیسابە له سزا لە دژی بەرژەوەندییە ئابووری و داراییەكانی لەگەڵ واشنتن. 

ئەو سەرچاوانە پشتڕاستی ئەوەیشیان كردەوە، سوودانی ئێستە ڕێگەی بۆ واڵا كراوە بۆ سەركەوتنی و دەسكەوتنی ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی حكوومەت، چونكە بەرژەوەندییە ئابوورییەكان ئەو پیاوە دەپارێزن، سەرۆك ترەمپیش هەمووجار سوودانی بە پیاوێكی پراگماتی دادەنێت، كە پێوانەی هەڵوێست و بڕیارەكانی بە تەرازووی قازانج و زیانی مادی دەكات. 

ئەمەیش دوای ئەوەی حكوومەتی سوودانی هەستا بە واژووكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی، بۆ بەڕێوەبردنی كێڵگەی نەوتی قوڕنە دوو و وەرگرتنەوەی لە كۆمپانیای لووك ئۆیلی ڕووسی. دوێنێ دووشەم لە بەغدا ئەو ڕێككەوتنانە بەشێوەیەكی سەرەتایی لەلایەن كۆمپانیای نەوتی بەسرە و كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی. بۆ گواستنەوەی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی كێڵگەی نەوتی قوڕنە 2 لە كۆمپانیای لووك ئۆبلی ڕووسییەوە بۆ كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی. گرێبەستی دووەمیش لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی زیقار و باكور بوو، بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی ناسریه و كێڵگەی بەلەد لە سەڵاحەدین و گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی. 

لە ڕێوڕەسمی واژووكردنی گرێبەستەكان، سوودانی بە ئامادەبوونی تۆم باراك نێردەی تایبەتی ترەمپ و جۆشوا هاریس هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا گوتی، گرنگی ئەو جۆرە ڕێككەوتننانە لەوەدایە كە دەتوانرێ لە ڕێگەی چاكسازیی فراوان لە كەرتی نەوت ئەنجام دەدرێت. 

كۆمپانیای لووك ئۆیلی ڕووسی پێشتر ڕێككەوتنی لەگەڵ عێراق بۆ بەڕێوەبردنی كێڵگەی نەوتی قوڕنە2 كردبوو، بەڵام ئێستە ئەوانیش ڕێككەوتنێكی یەكلاكردنەوەی كارەكانیان واژوو كرد، تا لەو ڕێگەیه گرفتەگەی لەگەڵ كۆمپانیا ڕووسییەكە كۆتایی پێ بھێنێت و بەشێوەیەكی كاتی وردە وردە بەڕێوەبردنەكەی لەلایەن كۆمپانیای نەوتی بەسرەوە دەبێت، دوای هاتنی كەلوپەلی پێویست و یەكلابوونەوە و واژووكردنی گرێبەستێكی تر بە كۆمەڵێك بەندی نوێوە، لەلایەن كۆمپانیای شیڤرۆنەوە و وەرگرتنی بەڕێوەبردنی كێڵگەكە لە كۆمپانیای نەوتی بەسرە. 

بە ڕوانین لەو پێشهاتە و هەڵوێستی ئەرێنی حكوومەتی ترەمپ لە سوودانی و حكوومەتەكەی، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سوودانی، تۆم باراك لە تویتێكدا كۆبوونەوەكەی بە بەرهەمدار ناو برد و گوتی، لەگەڵ سوودانی باسی بەردەوامبوون لە هەنگاوەكان بۆ دروستكردنی داهاتوویەكی ئاسایش و جێگیر بۆ عێراق كە بە جۆرێك لەگەڵ ویستەكانی سەرۆك ترەمپ. هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بوونی سەركردەی كارا كە سیاسەتی پشتیوانیكردن لە ئارامی عێراق بگرێتەبەر، كارێكی سەرەكییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكانمان. 

ئەو نەرمی نواندنەی ئەمەریكا بەرانبەر سوودانی و سووربوون لەسەر هەڵوێستەكەی لە دژی مالیكی بۆ بوونەوە بە سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق، لێكدانەوە و خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت و زۆر كەسیش لەو بڕوایەدان كە ئەمە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، ئۆكەی ئەمەریكایە بۆ قبووڵكردنی بوونەوەی محەمەد شیاع سوودانی بە سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق و وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی. هاوكات لە دیدارەكانیشدا باس لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت و ڕێككەوتن لەسەر سەرۆك كۆمار و كاندیدێكی تر بۆ سەرۆكی حكوومەت كراوەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د